دارعەناو، شیلان، عەناب، عەنناب، دارێکی دڕکاوییە لە تیرەی "عەناوەکان" Rhamnacées، کە باڵای تاکوو 6 میتر بەرز دەبێ و لقەکانی زۆر خوار و خێچن، گەڵاکانیشی لە بن و لە سەرەوە باریکن و لە نێوەڕاستیشەوە پان و ددانەدارن. گوڵەکانی زەرد و هێشووین. دارەکەی ڕەنگی سوورە و زۆر پتەوە، بەرێکی سوور و بچووک و خڕی شیرین دەگرێ کە لە گەورەییدا بەقەد زەیتوونێکە، یارە لە هێندێک شوێندا ئەندازەکەیان گەورەترە و نێوەکەشی وەک ناوکە (پێشە)ی سرنچکە، پایزانیش پێدەگا. بەری ئەم دارە زۆرتر بە تازەیی دەخورێ، بێجگە لەمەش، دیکوڵێنن و وەک دەرمانی کۆکە و نەخۆشی سینگ و گورچیلە و میزڵدان دەیخۆنەوە و زۆریش بەکەڵکە. بەری دار عەناو وشکیش دەکرێ و پاشان وەک دەرمان بەکاری دێنن. بەرەکەی بە فەرانسەیی Jujube بە دارەکەشی Jujubier، Chicourlier و Guindaulier دەڵێن. ف.م. و م.گ. سەیری بەری عەناو بکە.