سۆران کەریم
بەپێی زانیارییەکانی لیوای 16، هێزەکانی پێشمەرگە توانییان شکست بە هێرشێکی چەکدارانی سەر بە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) لە ناحیەی سلێمان بەگ بهێنن و 13 چەکدارایان لێبکوژن و 20 چەکداری تریان بریندار بکەن، کە یەکێک لە کوژراوەکان سەرکردەی داعشە لە ناوچەکە.
نەقیب ڕێکەوت محەمەد، وتەبێژی لیوای 16ی هێزەکانی پێشمەرگە، کە لە سنووری دوزخورماتوو نیشتەجێکراون، بە خەندان_ی ڕاگەیاند :" شەوی ڕابردوو زیاتر لە 4 سەعات شەڕی پێشمەرگە لە گەڵ چەکدارانی داعش لە ناحیەی سەلێمان بەگ بەردەوام بوو".
ئاماژەی بەوەشدا، کە له و شەڕەدا توانییان هێرشەکەی چەکدارانی داعش بشکێنن و پاشەکشەیان پێبکەن، وتیشی :" هێزەکانی پێشمەرگە له و شەڕەدا 13 چەکداری داعشیان کوشت و 20ی دیکەیان لێبریندار کردن".
ئەوەشی خستەڕوو، کە یەکێک لە کوژراوەکان، سەرکردەی یەکەمی داعشە لە ناوچەکە بە ناوی (سەدام تورکی).
نەقیب ڕێکەوت، تەئکیدیشکردەوە، کە دوای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە توانییان بەرپەرچی هێرشەکەی داعش بدەنەوە، چەکدارەکانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ئه و شوێنانەیان بەجێهێشت کە هاتبوونە ناوی بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانيان، وتیشی :" دوو هەمەر کە داعش لە هێرشەکانیان بۆ سەر سوپای عیراق دەستیان کەوتبوو، سووتێنران".
ناحیەی سلێمان بەگ دەکەوێە خۆرئاوای شارۆچکەی دوزخورماتووەوە و تائێستاش لەلایەن چەکدارانی داعش_ەوە کۆنترۆڵ کراوە.
- 22-06-2014