ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان
ڕێکخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگە ئیدانەی تۆپباران کردنی ناوچە سنووریەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و ڕایدەگەیەنێت، کە بەهۆی تۆپبارانەکانەوە هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی و دارستان لەناوچوون.
بۆردومان و تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان لەلایەن هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا، زیانی زۆر بە ژینگەی باشوور گەیاندووە، لەو بارەیەشەوە ڕێکخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەنداروەکەدا هاتووە:چەند ساڵێکە دوژمنانی ژینگەی کوردستان تۆبباران کردنی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانیان دەست پێکردووە، کە بووەتە هۆی لە ناوچوونی هەزار دۆنم دارستانی سرووشتی و ڕەزو باغ لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
هەروەها هاتووە: بەداخەوە پاش سەردانی شاندەکەی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی ئێران جارێکی تر لەلایەن هەردوو وڵاتی کۆماری ئێران و تورکیا بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانیان دەست پێکردۆتەوه، کە بووەتەهۆی ئاوارە بوونی سەدان خێزان و لە ناوچوونی هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی و لەناوچوونی سەدان دۆنم لە زەوی دارستانی سرووشتی، کە ژینگەیەکی لە باری بۆ ناوجەکە درووستکردبوو.
هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا، هاتووە: ئێمە وەکوو ڕێکخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگە ئیدانەی تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکان دەکەین، لەلایەن هەردوو وڵاتی کۆماری تورکیا و ئێران، کە دەبنە هۆی تێکچوون و شێواندنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، وە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین زیاتر گرنگی بەم پرسە بدات لە بیناو زامن بوونی ژینگەیەکی لەبار وە هەوڵ و ماندبوونی ژینگەپارێزانی ناوچەکە بەفیڕۆ نەچێت، کە چەندین ساڵە بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی سەوزکردنی ناوچەکە دەدرێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەشدا هاتووە: داوا لە هەردوو کۆماری تورکیا و ئێران دەکەین قەرەبووی ژینگەی ناوچەکە بکاتەوە بەتایبەتی لە ڕووی ژینگەییەوە.