بەهۆی هێرشی #داعش# بۆ سەر #شنگال# دوو هەزار و 745 منداڵی شنگال دایک و باوکیان نەماوە. بەشێکیان لای کەسوکاریان بەخێودەکرێن، بەشێکی دیکەیشیان لە خانەی بێسەرپەرشتانن.
لە خانەیەکی بێسەرپەرشتان کە کۆمەڵیک منداڵ بەخێودەکرێن، هەوڵدەدرێت ڕابردووی خۆیان لەبیربکەن و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن.
فەلەک ڕەڤۆ، منداڵی بێسەرپەرشتە و دەڵێت، ئەو مامۆستایانە وەکو دایک و خوشک و برامانن. قوتابییەکانیش وەکو خوشک و برامانن. پێکەوە یاری دەکەین، نان دەخۆین و دەخەوین.
ئەکرام حەمۆ، منداڵێکی دیکەی بێسەرپەرشتە و دەڵێت، بەڕاستی پێشتر دڵتەنگ بووم. دوای ئەوەی هاتمە ئێرە، مامۆستاکانمان گەلێک دڵخۆشمان دەکەن و زۆر باشن.
رندێ باپیر، ئەویش بێسەرپەرشتە و باس لەوە دەکات، پێمخۆشە ئەو منداڵانەی وەک من دایک و باوکیان نییە بچنە نێو هاوڕیکانیانەوە و خۆشی وەربگرن و بچنە قوتابخانە و سەرکەوتوو بن.
منداڵەکان لە خانەی بێسەرپەرشتان وانەی پەروەردەیی، هونەری و زانستی دەخوێنن، وێڕای چالاکیی کاتبەسەربردن. هەر بابەتێک مامۆستای تایبەتی هەیە و ڕۆژانە بەپێی خشتەیەک چالاکییەکانیان دەکەن.
غایات ڕەشۆ، مامۆستای منداڵەکانە و دەڵێت، کەس جێگەی دایک و باوک ناگرێتەوە، بەڵام ئێمە وەکو خانەی بێسەرپەرشتان هەموو توانای خۆمان داوەتە ئەو کارەی کە بۆشایی ناخی ئەو منداڵانە پڕ بکەینەوە و بۆیان ببینە دایک و باوک و خوشک و برا. بەو جۆرە لەگەڵیان دەجووڵێینەوە کە وانەزانن لەنێو کۆمەڵگەدا کەسێکی کەمن و لە هەموو لایەنێکەوە هاوکارییان دەکەین.
ماڵی جڤین لەلایەن خێرخوازێکی کوردی ئێزدییەوە پشتیوانی دەکرێت و 30 منداڵی تێدا دەحەوێنرێتەوە، خواردن و جێی نووستن و پێداویستییەکانیان دابین دەکرێت و ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی سەرپەرشتیی دەکات.
کاوە عیدۆ، بەڕێوەبەری ماڵی جڤین بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، ئەو منداڵانە بەر لەوەی بێنە ماڵی جڤین، ڕەوشیان باش نەبوو. دوای ئەوەی هاتنە ئێرە، دەستمان بە هاوکارییان کرد، چ لە ڕووی دەروونی و چ زانستی و ماددی تا ڕەوشیان باش بکەین و لە لایەنی تەندروستییشەوە هاوکارییان دەکەین.
دوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال، دوو هەزار و 745 منداڵ دایک و باوکیان نەماوە و بێسەرپەرشتن، هەزار و 759 منداڵیان باوکیان نەماوە، 407یان دایکیان نەماوە و 359یشیان هەردووکیانیان نەماوە و 220 منداڵیشیان دایک و باوکیان بێسەروشوێنن.[1]
#01-06-2020#