ڕانانی پەرتوکی کوردستان؛ نیشتمانی یەکەمینی سۆمەرییەکانە
ئەم کتێبە لە بارەی ڕەچەڵەکی سۆمەرییەکانەوە دەدوێت. دەیەوێت پێمان بڵێت؛ کوردەکان نەوەی چیا مەزنەکانی (زاگرۆس و تۆرسن)، بۆیە مایەی سەرسوڕمان نیە شارستانیەتێکی مەزنی وەکو؛ سۆمەر دابمەزرێنن.
(کورد و چیا) دوانەیەکی لێکدانەبڕاون، لەناو گەلانی جیهانیشدا، کوردەکان بە میللەتی شاخاوی-چیایی ناسراون.
پاژی یەکەمی ئەم کتێبە باس لە مێژوو و ڕەچەڵەکی دانیشتووانە ڕەسەنەکانی چیاکانی (تۆرس و زاگرۆس) دەکات، وەکو؛ یەکەمین نەتەوە کە لە هەزارەی شەشەم و پێنجەمەوە، لە دوای ڕوودانی لافاوە مەزنەکە لە چیاکانی زاگرۆس و تۆرۆسدا، گیرساونەتەوەو درێژەیان بەڕێڕەوی ژیانداوەو دواتریش لە چیاکانەوە دەپەڕنەوە بۆ دەشتەلیتەکانی چەرموو و شانەدەر و لەوێشەوە بەرەو باشووری میزۆپۆتامیا و شاری ئور.
پاژی دووەمی کتێبەکە، لە بارەی ڕەچەڵەکی سۆمەرییەکان و شێوازی ژیان و هزری کۆمەڵایەتی و ڕامیاری سۆمەرییەکان دەدوێت، بە ئاوڕدانەوە لە میتۆلۆژیا و تیۆلۆژیا و ئەدەبیات و زمانی سۆمەرییەکان.
سۆمەرییەکان پێشەنگی گەلانیتر کەووتوون لە بونیادنانی شارستانیەتدا. ئەویش بەهۆی بەجێهێشتنی جیهانی کلتوورەزارەکییەکانەوە بەرەو جیهانی تۆمارکردن و نووسین. فرۆید گوتەنی؛(شارستانییەت لەو چرکەساتەوە دەستی پێکرد، مرۆ لەجیاتی بەرد وشەی ڕیزکرد).
سۆمەرییەکان پێشەنگی گەلانی جیهانن بەهۆی پەرەپێدان و پێشکەووتنی تەکنیکەکانی بەرهەمهێنانەوە توانیویانە فەرهەنگی درەوشاوەو شارستانیەتێکی گەورە بوونیاد بنێن. ئەو نوسراوانەی لەسەر تاتەگڵینەکانی سۆمەرییەکان، بۆمان بەجێ ماوە، ئارگۆمێنتی ئاڕکۆلۆژی و مێژووین، کە سۆمەرییەکان پێشەنگن لە بواری فەلەکناسی و داتاشینی ئەفسانە و کاروباری ڕامیاری و یاسا دا و گەلانی پاش خۆیان کەڵکیان لێوەرگرتن و پەرەیان پێداوە. بەتایبەتی ئاشوورییەکان و گریکییەکان. بۆنمونە؛ ئاشوورییەکان بەتەواوی کەڵکیان لە یاساکانی ئورنەمۆ وەرگرتووەو تەواوی یاساکانی حاموڕابی، لەسەر تاتەگڵینەکانی سۆمەرییەکان بەجێماون. هەروەها گریکیەکان زانستی ماتماتیک و ئەستێرەناسیان لە سۆمەرییەکان وەرگرتووەو پەرەیان پێداوە.
تەواوی ئەفسانەکانی سۆمەرییەکان لە میتۆلۆژیای گەلانی جهیاندا دووبارە دەبنەوە. لە تیۆلۆژیای گەلانیشدا، ئەفسانەکانی سۆمەر کەڵکیان لێوەرگیراوە، بۆ نمونە ئەفسانەی لافاوە مەزنەکە، له ئایینە ئیبراهمییەکاندا دووبارە بۆتەوە. بۆیە شتێکی ئاساییە، ئەبوولحەکەم (ٲبو جهل) بە پەیامبەری ئیسلام بڵێت؛ پەیامەکەت هەموو ئوستووڕە و ئەفسانەیە. (هذا ٲساطیر الٲولین). بەڵام سەرجەم ئارگۆمێنتەکانی ئەم کتێبە، گەواهی ئەوەدەدات، کە سۆمەرییەکان بە ڕەچەڵەک گەلانی (تۆرس و زاگرۆس)ن، ئەویش بەهۆی هاوبەشی کەرەستەو ئایین و ئوستوڕەکانیانەوە، کە ئەستەمە (ژینگەیەکی چیای و ژینگەیەکی دەشتایی) لە کەرەستەی بەرهەمهێنان و ئایین و زمان و ئەفسانەدا، هاوبەش بێت.
ئەم کتێبە دەیەوێت لە ڕێگەی ئارگۆمێنتی(ئاڕکۆلۆژی و ئایینی و ئەفسانە و زمان) ەوە. ڕەچەڵەکی سۆمەرییەکان ببەستێتەوە بە گەلانی چیاکانی (تۆرس و زاگرۆس)ەوە. ئەویش بەهۆی لێکچوونی کەرەستەکانی بەرهەمهێنان و شێوازی پەرستش و هاوبەشی خوداکان و بەراوردکردنی زمان و ئەفسانەکانی سۆمەر بە گەلانی چیاکانی (تۆرس و زاگرۆس)ەوە.[1]
ئاراس سەعید