(دیداری تەمەن) بایەخی مێژوویی خۆی لەدەستدا
مامۆستا جەعفەر
01-01-2019
بەلامەوە سەیرە سەڵاح ڕەشید پەرتووکی (دیداری تەمەن) ی بڵاوکردەوە! بەلاشمەوە سەیرە هێرۆخان یان بافڵ و قوباد لە دادگا داوایان لەسەر (بەناو) ئامادەکاری ئەم پەرتووکە تۆمارنەکردووە! ئەم پەرتووکە پێش نەخۆشکەوتنی #مام جەلال# بڵاوبکرایەتەوە کارێکی ئاسایی بوو. ئەو کاتە کێشەکە لەنێوان مام جەلال و بڵاوکەرەوەی پەرتووکەکەدا قەتیس دەکرا. ئەو کاتە دەگوترا: مام جەلال بۆ خۆی گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکردووە و هەرچی نووسراوە مام جەلال بەرپرسیارییەتی قسەکانی خۆی دەستۆ دەگرێ، یان مام جەلال لە ڕێگەی سکرتێری ڕۆژنامەوانیی خۆیەوە، ڕوونکردنەوەیەکی پێشکەش دەکرد.
بەگوێرەی پێشەکیی پەرتووکەکە بێت، ئەم دیدارە ساڵی 1990 ناوی خوای لێهێنراوه و پێش کۆچی دوایی مام جەلال بە دوو سێ مانگ بڵاوکراوەتەوە. سەڵاح ڕەشید ماوەی (27) ساڵ چاوەڕوان بووە، ئینجا بڕیاری بڵاوکردنەوەی داوە. ئەو لە بەرایی پەرتووکەکەدا پەنجە لەسەر ئەوە دادەگرێت کە دیدارەکە (15) ساڵی خایاندووە. گریمان ئەم قسەیە سەد لەسەد ڕاستە، وێڕای تەلبەندەکانی گومان و نیشانەی پرسیار، ئامادەکار: ماوەی (7) ساڵی بەدەستەوە بووە، دیدارەکە پێش نەخۆشکەوتنی مام جەلال بڵاوبکاتەوە!
بەڕێزیان لەپێشەکی پەرتووکەکەدا تێبینییەکی سێ دێڕ و نیوی نووسیوە کە گوایه: مام جەلال پڕۆژەی پەرتووکی (دیداری تەمەن) ی نەدیوە. بەبێ ئەوەی ڕوونکردنەوەیەک بدات: بۆ نموونە: ئەم پەرتووکە بڵاونەکرایەوە چونکە: پەرتووکەکە دیزاین نەکرابوو! کەموکوورتی تێدابوو، یان ماوەی حەوت ساڵ زۆر کوورتە بۆ داڕشتنەوەی پەرتووکێکی گەورە!
( (زۆر دۆست و هاوڕێ، پێیان وابوو کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم دیدارە نەهاتووە، بەڵام من ئەم دیدارە لەکاتێکدا بڵاودەکەمەوە، کە بەداخەوە مام جەلال نەخۆشە و پێشتریش دەرفەتی ئەوە نەڕەخساوە دیدارەکە ببینێت و سەرنجی نوێی لەسەر بڵێ، یان تەنانەت ڕوخسەتی بڵاوکردنەوەشی لێوەربگرم، ...) )
دەبوو ئەو زۆر لەوە بوێرتر بووایە ئەم دێڕانە بنووسێت! ئەو لای چەندین کەس ڕاستییەکانی درکاندووە کە ئەو قسانەی لای ئەم و ئەو کردوونی، ڕێک پێچەوانەی ئەم سێ دێڕ و نیوەی سەرەوەن.
من یەکێکم لەوانەی بەڕێزیان دەردی دڵی خۆی لەلا هەڵڕشتووه و باسی هەڵوێستی مام جەلالی کردووە لە مەسەلەی بڵاوکردنەوەی (دیداری تەمەن) . لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزم بۆ سەڵاح ڕەشید، ناچارم ڕاستییەکان بنووسم و شایەتم بۆ قسەکانی خۆم هەیە و مەبەستم تەنیا دەرخستنی ڕاستییەکان و هەقبێژی و ڕاستکردنەوەی هەڵەکانە کە نەدەبوو ئەو ئەمانەتە بەم شێوەیە بشێوێنێت و هیچ هەستیش بە قەوارە و پانایی کارەکە نەکات.
ئێوارەیەکی ساڵی 2014 لە ماڵی عەبدولڕەزاق فەیلی بۆ ئێوارەخوانێک بانگهێشت کرابووین. ناوی ئەم بەڕێزانەم بیرماوە (م. موحسین عەلی ئەکبەر، فوئادی مەجید میسری، محەمەد سابیر، سەرکۆ عوسمان، سەڵاح ڕەشید) ئەو ئێوارەیە باسی سەری هارومار کرا. سەڵاح ڕەشید بە درێژی باسی بیرەوەرییەکانی خۆی لەگەڵ مام جەلالدا کرد:
ئەو وتی: ( (ساڵی 1990 مام جەلال ماوەیەک لە شوقەکەی من له بەرلین بوو. من تەسجیلێکم دانابوو، گفتوگۆکانم تۆمار دەکرد..) )
من وتم: ( (گفتوگۆکان زۆرن؟) )
وتی: ( (بیست و نۆ کاتژمێرە!) )
وتم: ( (ئەی بۆ بڵاویان ناکەیتەوە؟) )
سەڵاح وتی: ( (هەموو گفتوگۆکان نزیکەی (700) لاپەڕە دەبێت. من کوورتم کردەوە بۆ (400) لاپەڕە و بۆ مام جەلالم برد. ئەو هەر دەنگی نەبوو. پاش چوار مانگ سەردانێکم کرد. وتم: مام جەلال پەرتووکەکەت خوێندۆتەوه و تێبینییەکانت چین؟
مام جەلال بە تووڕەییەوە تا دەستی بگرێت پەرتووکەکەی بۆ فڕێدام و وتی: ئەمە هیچی قسەی من نین! من کەی قسەی وام کردووە؟
منیش وتم: مام جەلال من کاسێتەکانم بەدەنگی تۆ لایە و هەموو قسەی تۆن!
مام جەلال هەڵچوو، بەتووڕەییەوە وەڵامی دامەوە: من قسەی وام نەکردووه و ئەمانە قسەی من نین! بڵاوی بکەیتەوە بەیانت لەسەر دەردەکەم و له رۆژنامەکان ڕوونکردنەوەیەکت لەسەر دەنووسم: کە هەرچی لە پەرتووکەکەدا نووسراوە، پەیوەندی بەمنەوە نییە!) )
من لە برایان فوئاد مەجید میسری و موحسین عەلی ئەکبەرم پرسی: ئایا ئەو ئێوارەیە و قسەکانی سەڵاح ڕەشیدیان بیردەکەوێتەوە؟
هەردووکیان وتیان: ئێمە بەجوانی لەبیرمانە و شایەتی دەدەین کە سەڵاح لەو ئێوارەیەدا چی گوتووە!
ئەمە هۆکاری ڕاستەقینەی بڵاونەکردنەوەی پەرتووکەکەیە پێش (2012) . خۆی لای چەندین کەسی گۆڕان و یەکێتی ئەم ڕوونکردنەوەیەی داوە. سێ دێڕو نیوی پێشەکی (دیداری تەمەن) هەر زۆر لە ڕاستییەوە دوورن. مرۆڤ بۆ خۆی جوان نییە ڕەش بکاتە سپی و سپی بکاتە ڕەش!
سەڵاح ماوەیەکی زۆر لە ئەوروپا ژیاوه و دەبێت ئەو ڕاستییە بزانێت: کەسێک گفتوگۆی لەگەڵدا کرا و پاش سێ چوار ڕۆژ پێش بڵاوکردنەوەی دەقەکەی بینی، دەتوانێت بڵێت: داڕشتنەکەم بە دڵ نییە! من ئەم قسەیەم نەکردووە! تکایە بڵاوی مەکەنەوە، چونکە لەڕووی سیاسییەوە یان لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە زیان دەگەیەنێت! ئیدی ئەوە قسەی ئەو کەسە نییە و نابێت بڵاوبکرێتەوە. ڕۆژنامەکە یان گۆڤارەکە ناچێت بە (تۆپزی) و (چاوقایمی) گفتوگۆکە بڵاوبکاتەوە.
پڕۆفیسۆرێک چەند نامەیەکی بۆ نووسەرێکی عەرەبی سووری ناسیاوی ناردبوو، ئەویش لە پەرتووکێکدا هەر هەمووی بەجوانی بڵاوکردبووەوە. پڕۆفیسۆرە عەرەبە ئەڵمانە خۆ بە ئەمەریکی زانەکە پێیوتم: زۆرم پێناخۆش بوو نامەکانی منی بڵاوکردبووەوە، بەبێ ئەوەی من ڕێگەی پێبدەم، یان داوای ڕەزامەندی بکات. لە ئەڵمانیا ئەم جۆرە ڕەفتارە سزای قوورسی دارایی لەسەرە و هەرکەس بۆ خۆی نییە.. تاد
مەعقول نییە کەسێک سەرووی بیست ساڵ لە ئەوروپا ژیابێت و ماوەی چەند ساڵێک وەزیری مافی مرۆڤ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیدارەی #سلێمانی# بووبێت، ئەوە نەزانێت کە نامەی خەڵک، یان گفتوگۆ بەبێ ڕەزامەندی کەسەکە بڵاوبکرێتەوە. با ئەو کەسەی گفتوگۆی لەگەڵدا کرابێت، پارەشی وەرگرتبێت، دەبێت بە نووسین و ئیمزا خۆی ڕەزامەندی لەسەر بڵاوکردنەوەی دەقەکە بدات! ئەگەرنا ئەو کارە وەکوو کەتن و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ سەیر دەکرێت.
دەبوو ئامادەکار، بە ڕاشکاوانە دان به و ڕاستییەدا بنێت کە مام جەلال پەرتووکەکەی پەسەند نەکردووه و کەسێک بەبێ ئەوەی پەرتووکەکەی خوێندبێتەوە، ڕێگەی پێداوە! هەر کەسێک گڵۆپی سەوزی بۆ بڵاوکردنەوەی پەرتووکەکە هەڵکردبێت، دەبێت سوپاس بکرێت و ئەگەر ئەو کەسە سپۆنسەری بێت و ڕەزامەندی بنەماڵەیان ڕاستتر بنووسم: ئەندامانی خێزانەکەی وە دەستهێنابێت، دەبێت بەگەرمی دەست لەسەر دەستیان دابنرێت و بە دڵ و بە گیان ناویان بهێنرێت.
ئایا ڕەزامەندیی یەکێتی وەرگرتووە؟
پاش بڵاوبوونەوەی (دیداری تەمەن) ، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی پێیوتم: چۆن کەسێک دەتوانێت پەرتووکێکی وا بڵاوبکاتەوە کە ڕەزامەندی بنەماڵەی مام جەلالی لەسەر نەبێت؟. دەنگۆیەکی زۆریش بڵاوکرایەوە گوایە: (فڵان باڵ دژی فڵان باڵ پەرتووکەکەی بڵاوکردووەتەوە و ئامادەکار پاداشت کراوە... تاد)
من هەرچی دەنگۆ و نیشانەی پرسیار لەسەر پەرتووکەکە دانرابوون، دام بەدەم باوە! خۆم هەوڵمدا سەرەداوێک بدۆزمەوە کە پەیوەندی بە قسە و قسەڵۆکەوە نەبێت. پەیوەندیم بە #مەلا بەختیار#ەوە کرد، ئەو بەڕاشکاوانە وتی: مام جەلال پەرتووکەکەی پێش بڵاوکردنەوە بینیوە ڕەشنووسی پەرتووکەکە ڕاست و ڕەوان بە سەڵاح ڕەشیدی گوتووە، لە بڵاوکردنەوەی ڕازی نیم و بەهێرۆخان و کوڕەکانیشی گوتووە، نابێت ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ئەم پەرتووکە بدەن.. نە (م.س) و نە (سەرکردایەتی) ئاگایان لە بڵاوکردنەوەی پەرتووکەکە نەبووه و کەس پشتیووانی لێ نەکردووە..
بە تێلیفۆن پەیوەندیم لەگەڵ ستران عەبدوڵڵادا کرد و سەبارەت بە (دیداری تەمەن) سێ چوار پرسیارم لێکرد، ئەو وتی:
ساڵی 2002 سەڵاح ڕەشید ڕەشنووسی پەرتووکەکەی بۆ هێنام و منیش پێداچوومەوە، هەڵە و کەموکوورتییەکی هێجگار زۆری تێدابوو. من پێمگوت: ئەم پەرتووکە کێشە و سەرئیشەیەکی زۆرمان بۆ دەنێتەوە..
من ئەم پرسیارەشم لێکرد: ئایا سەڵاح ڕەشنووسەکەی ڕادەستی مام جەلال کردووه و ئەو دەقەکەی خوێندووەتەوە؟
ستران وتی: بەڵێ! مام جەلال دەقەکەی خوێندووەتەوه و ڕەزامەندی لەسەر بڵاوکردنەوەی دەرنەبڕیوە، پێیگوتووە: نابێت ئەم گفتوگۆیە بڵاوبکرێتەوە، ئەگینا لەسەرت دەنووسم..
دوا پرسیارم ئەوە بوو: لە کەسوکاری مام جەلال کێ پشتیووانی لێکردووه و قسەی مام جەلالی شکاندووە؟
ستران وتی: سەڵاح ڕەشید چووه بۆ لای هێرۆخان و داوای لێکردووە، پەرتووکەکەی بۆ چاپ بکات. ئەویش داوای لە من و کاک محەمەد سابیر کرد چاوێک بە پەرتووکەکەدا بگێڕین. ئێمە کۆمەڵێک هەڵە و پەڵەمان دەستنیشان کرد. سەڵاح بەشێک لە هەڵەکانی چاککردەوە و ئامادە نەبوو دەستکاری هەندێک بڕگە و ڕستە بکات! ئیدی هێرۆخان ئامادە نەبوو پەرتووکەکە چاپ بکات و ڕەزامەندیشی لەسەر بڵاوکردنەوەی دەرنەبڕی..
مام جەلال ئەم جۆرە هەڵەیە ناکات
ئامادەکاری پەرتووکەکە هەڵەی ئەوتۆی کردووە کە مایەی سەرسووڕمانە! یەکێک مام جەلال بەباشی نەناسێت و هەر لە دوورەوە سەڵاح ڕەشید بناسێت، ڕەنگە تەمومژی گومان بەرچاوی بگرێت:
1.هەموو مرۆڤێکی ئاسایی ناوی خۆی و باوک و باپیری بەباشی دەزانێت. من ژمارەیەکی زۆر له تاڵەبانییەکان دەناسم. زۆربەیان (شەجەرە) ی بنەماڵەکەیان بەوردی لەبەرەو یەکتر دەناسن و ئاستی خزمایەتی لەگەڵ یەکتریدا دەزانن و لە کوێ و کوێوە بە یەکتر دەگەنەوە.
ئایا مەعقولە من ناوی حەوت پشتی مام جەلال بزانم، کەچی ئەو ناوی باپیری خۆی نەزانێت؟
بە قسەی بەڕێزیان بێت، دەبێت مام جەلال گوتبێتی:
(ناوم، جەلال کوڕی شێخ حوسامەدینی کوڕی شێخ نووری کوڕی شێخ غەفووری تاڵەبانیم) . ڕاستییەکەی: (شێخ حسامەدین کوڕی شێخ نوورەڵڵا، کوڕی شێخ نووری- یە..)
من بڕواناکەم مام جەلال نەیزانیبێت نوورەڵڵا باپیریەتی و ئەویش کوڕی شێخ نووری شێخ غەفوورە..
2. کەسێک عەرەبی نەزانێت کارەسات نییە، دەتوانێت داوای یارمەتیی له هاوڕێیەکی بکات، عەیبە ئەوەیە عەرەبی نەزانێت و سواری ملی ڕستەیەکی عەرەبی بێت و بیپسێنێت: گوایە مام جەلال ئەم ڕستەیەی بە عەرەبی بۆ ئامادەکار گێڕاوەتەوە:
3. (موحسین ئیبراهیم گوێی لێبوو وتی: ( (جلال ێسمعنی ێنتم مسیرکم ێبادە، ..) ل 331
بەلامەوە سەیرە کەسێک پۆلی شەشی سەرەتایی تەواوکردبێت و (مصیر) و (مسیر) لەیەک جیا نەکاتەوە!
لاپەڕە (370) ئایەتێکی قورئانی بەم شێوەیە داناوە: (اذا جاءکم فاسق بنبأ فتبينوا أن تسيبوا قوما (بجهالة) فتسبحوا على ما فعلتم نادمين)
پۆلی شەشی سەرەتایی جاران دەیانزانی جیاوازی نێوان ئەم وشانەی خوارەوە چەندە:
(تصیبوا) و (تسیبوا)
(تصبحوا) و (تسبحوا)
مام جەلال هەر چاوی بەم دوو ڕستەیە کەوتبێت، دڵنیابووە ئامادەکار 90%ی کارەکەی بە لنگه و قووچ کردووە! هەر بۆیە گفتوگۆکەی بە قسەی خۆی دانەناوە و مرۆڤ بەهەڵە قسەی کەسێک بگوازێتەوە، ئەو کەسە مافی خۆیەتی بڵێت: (من قسەی وام نەکردووە!)
ڕووداوی بۆ بڵاوکردنەوە نەگونجاو
مام جەلال کەسایەتییەک بوو، دەیزانی کام بابەت بۆ بڵاوکردنەوە گونجاوە یان نەگونجاوە. مرۆڤێک سەرکردە بێت و ماوەیەک لە بواری ڕۆژنامەوانی کاری کردبێت و قانوونی بێت، بێگومان دەبێت بزانێت کام بابەت لەڕووی قانوونییەوە ڕێگە پێدراوە یان ڕێگە پێنەدراوە؟
هەرچی مام جەلال لەناو ماڵ یان لەناو هاوڕێکانیدا گوتبێتی مەرج نییە هەر هەمووی شایانی بڵاوکردنەوە بێت. من ڕەنگە (300) نامەی مام جەلال لابێت، بەڵام دەکرێت سبەی هەر هەمووی بڵاوبکەمەوە، بەبێ ئەوەی گوێ بەوە بدەم، ئەم نامانە سوود، یان زیان بە بەرژەوەندی گەلی کوردستان دەگەیەنن؟! ڕەنگە لای ئەندامانی ئێستا و پێشووی (م. س) و سەرکردایەتی و ئەرشیفی پارتی و گۆڕان و ... سەدان دۆکیۆمێنت هەبێت و بڵاوکردنەوەیان زیانی بۆ کەس نەبێت. بۆ ئەو لایەنانە بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتەکانی بەردەستیان بڵاوناکەنەوە؟
سەرکردە سیاسی و نووسەرە گەورەکانی جیهان پاش ماڵاوایی، حزبەکەیان یان بنەماڵەکەیان لیژنەیەکی پسپۆڕ درووست دەکەن و ئەو لیژنەیە سەرپەرشتی بڵاوکردنەوەی بیرەوەری، نامە، وێنەکان دەکات. بنەماڵەی (زیگمۆند فرۆید 1856 1939) سەرەتای پەنجاکانی سەدەی پێشوو، لەکۆی (20.000) نامە و نووسراو تەنیا بەشێکیان لە نامەکانی بڵاوکردەوە. ساڵی 1950 لیژنەیەک بە بەشداری ماری بۆناپارت و ئەننا فرۆید و ئێرنست کرز درووستکرا، دوای سێ ساڵ شەنوکەوکردن و گوڵبژێری نامەکانی فرۆید بۆ ڤیلهەلم فلیس، لەکۆی (287) نامە تەنیا (153) نامەیان بڵاوکردەوە، بەهەندێک سرینەوه و بڕگە قرتاندن و مشتوماڵکردنەوە. بەشێکی زۆری نامەکان لەسەر وەسییەتی فرۆید خۆی لە ساڵی 2215 ڕێگەی بڵاوکردنەوەیان دەدرێت.
زۆر کەس هەیە، دەقێکی نووسی، ڕێگەنادات یان پێی خۆش نییه کەسێکی تر دەقەکە ببینێت و دەستکاری بکات. مام جەلال لەو کەسانە نەبوو، نووسین و داڕشتنی خۆی ئەوەندە لەبەر دڵی خۆی پەسەند بێت و سەرنج و تێبینی کەسانی نزیکی خۆی بەهەند وەرنەگرێت. ئەو هەر زۆر پێی باش بوو کەسانی تر کە نزیک و شارەزا و جێگەی بڕوای بوون، دەستکاری نووسینەکانی بکەن.
من ماوەیەک لێپرسراوی مەکتەبی ڕاگەیاندنی (ی.ن.ک) بووم، ڕۆژانە لەگەڵ مام جەلالدا لە پەیوەندی و بیروڕا گۆڕینەوەدا بووین. زۆرجار بەیانێک یان نووسینێکی بۆ دەناردین، ئەگەر بڕیاری مەکتەبی سیاسیش بووایە کە هەندێک جار له کۆبوونەوەکاندا نەبووم، سەردانی مام جەلالم دەکرد و سەرنج و تێبینی خۆمم لەسەر بڕیارەکە دەخستەڕوو، ئەویش دەیگوت: (بەڕاستی هەر زۆر باشت کردووە، بەیانەکەت بڵاونەکردووەتەوە..) سالار عەزیز، عومەر عەبدوڵڵا، مامۆستا موحسین عەلی ئەکبەر گەواهی ئەوە دەدەن و ئاگاداری یەکێک لەو بڕیارانەن کە لە کۆبوونەوەی (م. س) درابوو، دەبوو له رادیۆ بخوێنرێتەوه و بە تایپکراوی بڵاوبکرێتەوە. بەیانەکە نەخوێنرایەوە و پاش گفتوگۆ بڕیارێکی جیاواز درا و پلانێکی بەسوودمان جێبەجێ کرد! کە من پاش نزیکەی چل ساڵیش ڕێگە بەخۆم نادەم لەسەر ڕووداوەکە بنووسم.
مام جەلال تیرۆرکردنی (نووری حەمە عەلی و عەبدولی #سۆران# و..) له (هاوینی 1981) هەر زۆر کاری تێکرد و بەتوندی ئیدانەی کارەکەی کرد. بەیانێکی نووسی و بۆ ئێمەی نارد (هەڤاڵ کوێستانی و ئومێدی سەعید گەوهەر ئاگاداری ڕووداوەکەن) . من بەیانەکەم سەرلەنوێ داڕشتەوه و هەردوو دەقەکەم ڕەوانەی مام جەلال کرد. ئەو وێڕای دەست خۆشی، داڕشتنەکەی منی بە باشتر دانا و پێی باش بوو داڕشتنەکەی من بڵاوبکرێتەوە، نەک هەر لەسەر داڕشتنەکەی خۆی سووربێت.. زۆرجار، دەقێکی دەنووسی و لەسەری دەنووسی:
(مامۆستا جەعفەر گیان! بە کوردییە جوانەکەی خۆت، سەرلەنوێ دایڕێژەرەوە..) هەڤاڵ کوێستانی کۆپلەیەک یان ڕستەیەکی لە نووسینەکەی مام جەلال بە دڵ نەبووایە، بەشێوەیەکی ئەدەبی زۆر جوان ڕستەکانی دەگۆڕی.
بیرمە تا ساڵی 1979 مام جەلال لەبری (گفیلی) ی عەرەبی دەینووسی (زەرووبابەت) هەر بۆ نموونە دەینووسی (بۆرژوازی زەرووبابەت) . هەڤاڵ کوێستانی لەهەر کوێ وشەی (زەرووبابەت) ی بەرچاو بکەوتایە، وشەی (مشەخۆر) ی لەجێگەی دادەنا و لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ، لە ئەدەبی سیاسی کوردیدا (مشەخۆر) جێگەی خۆی کردەوە.
کەسی گفتوگۆ لەگەڵ کراو، ئەگەر تێبینی لەسەر هەر کۆپلەیەک هەبوو، یان دەبێت بڵاونەکرێتەوه یان بڕگەکە بە پەراوێزێکەوە بڵاوبکرێتەوە: هۆی بڵاوکردنەوە و سوودەکەی ڕوون بکرێتەوە بۆ ئەوەی خوێنەر تووشی سەرسووڕمان نەبێت. ئەرکی ئامادەکار ئەوەیە پەراوێز و هەندێک تێبینی بنووسێت بۆ ئەم بڕگەیەی بەبێ دەستکاری دانراوە: (ئینجا ئەو ڕووداوەت بۆ دەگێڕمەوە، ڕەنگە بۆ نەشرکردن گونجاو نەبێت..) ل 313، ڕوونە تێبینییەکەی مام جەلال هەر بۆ ئەوە بووە دانیشتنەکە گەرم بکات، نەک دەقەکە بەبێ مشتوماڵ بڵاوبکرێتەوە.
دوا وشە
ئەم پەرتووکە بۆ مەبەستێکی سیاسی نووسراوە، نەک بۆ مەبەستێکی زانستی و ئەکادیمی و خزمەتی مێژووی گەلی کورد. دیارە ئەو بەهاندانی چەند کەسێک لە برا گەورەکانی له تەڤگەری گۆڕان ئەم کارەی بڵاوکردووەتەوە. دیارە چەند بەشێکی گفتوگۆکە کە بە زەرەری بەشێک له سەرانی تەڤگەری گۆڕان بووە، سڕاوەتەوە. بەهۆی ئەم نووسینەوە دەیان سەرکردە و کادری پیشکەوتووی (ی.ن.ک) هەست بەدڵشکان و کەرامەت ڕووشاندن دەکەن. مەکتەبی سیاسی (پ.د.ک) هەر زۆر نیگەران بوون. شاڵاوی عەلی عەسکەری بە نووسین هاتە دەنگ. هەق نەبوو بەرانبەر شەهید عەلی عەسکەری و هەڤاڵەکانی ئەو ڕستانە بنووسرێت.
ژمارەیەکی کەم لە گۆڕانخوازەکان پێیانوایە ئەگەر بە زمانی مام جەلالەوە ستایشی هەندێک سمبۆلی ئەوان کرا، ئیدی ناوی ئەو کەسە بەدرەوشاوەیی لەسەر لاپەڕەکانی مێژوو دەنووسرێت. ئەمە بە هەڵە تێگەیشتنە لە مێژوو! کەسانێک وڵاتیان ئاوەدان کردبێتەوە، داکۆکییان لە مافی هەژار و لێقەوماوان کردبێت و فیداکارییان بۆ گەلەکەیان کردبێت و سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتییان، لە دواکەوتنەوە بە دیموکراسی گۆڕیبێ و یاسایان سەروەر کردبێت و دادپەروەریی کۆمەڵایەتییان چەسپاندبێ، ئەوانە بەرانبەر دادگای مێژوو کەسایەتییان دەدرەوشێتەوە.
بەستایشی سەرکردەیەکی سیاسی لاپەڕەکانی مێژوو گۆڕانی بەسەردا نایەت، به ڕق و شکاندنی بەرانبەر بە زەبری هێز و دەسەڵات، ڕاستەیەکان سەبارەت بە کەسایەتی و لایەنەکان ناگۆڕێت. نە کەسانی بوودەڵە دەبنە قارەمان، نە قارەمانەکان دەبنە بوودەڵە. سەرکردەی سیاسی بەگوێرەی بەرژەوەندی حزبەکەی ڕەش دەکاتە سپی و سپی دەکاتە ڕەش! هەمان سیاسی چەند مانگێک پاش قسەکانی پێشووی دوور نییە بە پێچەوانەی قسەکانی چوار مانگ پێشتری نەدوێت. چونکە بەرژەوەندی خۆی و حزبەکەی لەوەدایە، بەگوێرەی گۆڕانکاری ڕۆژ، شیکاری بکات و ڕیزبەندی بگۆڕێت.
ئامادەکاری (دیداری تەمەن) هەلومەرجی مانەوەی مام جەلالی لە بەرلین قۆستەوە. ئەو کاتە مام جەلال بەدۆخێکی سیاسی زۆر سەخت و تاڵدا تێپەڕیوە. مام جەلالی ساڵی 1990 هەمان مام جەلالی ساڵی 2005 نییە.
مام جەلال بیرەوەری نەنووسیوە. بەشێک له یادەوەرییەکانی لە ڕوانگەی ساڵی 1990 بۆ ئامادەکار گێڕاوەتەوە. ئەویش سوودی لێ وەرگرتووە بۆ زڕاندنی ناوی مام جەلال و لێدانی یەکێتی و قوڵکردنەوەی ناکۆکی نێوان باڵەکان. ئەمەش بۆ مەبەستێکی سیاسی ڕوون کراوە و هیچ مەرج و ڕێبازی ئەکادیمی و زانستی ڕەچاو نەکراوه و سەرەڕای هەرەوەزی هەڵەبڕی، سەدان هەڵە له پەرتووکەکەدا بەرچاو دەکەون! [1]