پۆرتاڵی ڕووداو لەماوەی ڕابردوودا ڕاپرسییەکی لەنێو سەردانکەرانیدا ئەنجامدا، کە تایبەت بوو بە دەستنیشانکردنی کەسایەتییەکی سیاسیی کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، بەوپێیەی ئەو پۆستە چاوەڕواندەکرێت بۆ کورد بێت.
هەرچەندە ئەگەر بڕیاربێت کورد ئەو پۆستە پڕبکاتەوە، ئەوە لە پشکی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# دەبێت، بەڵام پۆرتاڵی ڕووداو بۆ زانینی ڕای هاونیشتمانیان لەسەر کەسایەتییە سیاسییەکانی دیکەی کورد، بەتایبەتی ئەوانەی ئەزموونیان لەگەڵ بەغدا هەیە، سێ کەسایەتی دیکەی لە دەرەوەی یەکێتی خستە نێو ڕاپرسییەکەوە.
#بەرهەم ساڵح#، #نەوشیروان مستەفا#، ڕۆژ نوری شاوەیس، هۆشیار زێباری و نەجمەدین کەریم ئەو کەسانە بوون کە لە ڕاپرسییەکەدا بەربژێر کرابوون بۆ ئەوەی سەردانکەرانی ڕووداو دەنگیان بۆ بدەن.
لە ڕاپرسییەکەدا 7299 کەس بەشدارییان کرد و بەرهەم ساڵح زۆرترین ڕێژەی دەنگدەرانی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە، کە 2945 دەنگەو دەکاتە 40.3%.
نەجمەدین کەریم، کە یەکێکە لە کاندیدەکانی دیکەی یەکێتی و ڕکابەریی دەکات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، پێچەوانەی بەرهەم ساڵح کەمترین دەنگی ڕاپرسییەکەی بەرکەوتووە، کە 164 دەنگە و دەکاتە 2.2%.
هۆشیار زێباری، وەزیری دەرەوەی عێراق لەسەر پشکی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، لە ڕاپرسییەکەدا پلەی دووەمی گرتووەو لەو ژمارە بەشداربووە 1733 کەس دەنگیان پێداوە، کە دەکاتە ڕێژەی 23.7%.
کەسایەتییەکی دیکەی نێو پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاپرسییەکەدا ناوی هاتووە، ئەویش د.رۆژ نووری شاوەیس، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراقە. ئەو 1254 کەس لەکۆی 7299 بەشداربووەکە پێیان باشە ببێتە سەرۆک کۆمار، کە دەکاتە 17.2%.
نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی #بزووتنەوەی گۆڕان#، بە 51 دەنگ لەدوای د.رۆژ دێت و 1203 دەنگی هێناوە، کە دەکاتە 16.5%.[1]
- 14-07-2014