لە نێو دەوڵەت و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لانکی شارستانیەکان و ئاینه یەکانەپەرستەکان، کوردستان پێگەیەکی تاک و تایبەتی هەیە، لەبەر فرەیی و لێبوردەیی ئایینی. شوێن و جوگرافیای کوردستان هەردەم یارمەتیدەر بووە بۆ شرۆڤەکردنی فرەچەشنەی ئاینەکانی یارسانی، ئێزدی، زەرەدەشتی، مانی، جوو، گاوری بە ناونیشانە جۆراوجۆرەکانیەوە، موسڵمانی سوننی و شیعی، سۆفیگەری، هەموویان بەیەکەوە بە درێژایی ڕۆژگار لە سەر ئەم خاکە ژیاون. ئەمیش هەرجار بەهاوسەنگیەکی ناسک و بەروەخت کە بەردەوام بە هۆی کۆمەڵێ ڕووداوی جەرگبڕ کە ڕەنگدانەوەی ناسکیی لە ڕادەربەدەری ئەم بەشەی جیهانە، لە ناو چووە.
کورد بە نەوەی مادەکان دادەنرێن، کە ئەو خیڵە ئاریانە بوون کە لە هەزارەی دووهەمی پێش زایین نیشتەجێی باکووری ئەم خاکە بوون. میرنشینە جیاوازەکانی ماد کە لەگەڵ ئاشووریەکان لە شەڕی بەردەوامدا بوون، لە سەدەی حەوتەمی پێش زایین لە ژێر فەرمانڕەوایی دیجۆسێس کە ئەکپاتان (هەمەدانی ئێستا لە ئێران) کردە پایتەختی خوی یەک خرانەوە. لە کۆتایی سەدەی حەوتەمی پێش زایین، مادەکان دەسەڵاتی خۆیان بەسەر وەڵاتی فارسدا سەپاند. لەساڵی 612 پێش زایین بە هاووکاری بابلییەکان نەبوخەزنەسر بە تەواوی کۆتایی بە دەسەڵاتی ئاشووریەکان هێنا. لە ساڵی 550 پێش زایین سەرۆکی هۆزێکی فارس بە ناوی کیرۆس ئەخامینش (کیرۆسی مەزن) دەستی بە سەر میدیا دا گرتەوە و کردی بە بەشێک لە ئیمپیراتۆری فارس. دوایش بوو بە بەهێزترین دەسەڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
زەردەشتی ئاینی فەرمی ئەخمینی بوو و وا پێدەچێت بە سەر مادەکانیشدا سەپێنرا بیت. بەڵام مادەکان پەرەیان بە ئایینی تایبەتی خۆیان دابوو کە بیرو باوەڕی فریشتەکان بوو. ئەگەر باش تێبینی بکرێت ئەم ئاینە کاریگەری بە سەر ئاینە خواییەکانی پاش خۆیدا هەبووە. ئەم ئاینە کە بێگومان لە سیبێریای ڕۆژئاواوە سەری هەڵداوە و بەهۆی کۆچی هیندوـ ئەورووپیەکانەوە گوێزرایەوە ناوچەکە، لە سەر دوو بنەما دامەزراوه: چاکە لە ئەهموورامەزدا بەرجەستە دەبێت و خراپە لە ئەهریمەن.
ئەسکەندەری گەورە لە ساڵی 330 پێش زایینی، میدیای داگیر کرد، و میدیا ئیتر وەک بەشێک لە ئیمپیراتۆری یۆنانی کەوتە ژێر کاریگەری قووڵی هێلینیەوە و بیروڕا ئایینیەکانی یۆنان بە سەر دانیشتووانە ڕەسەنەکانی ئەو ناوچەی وازیان لە بڕوا کۆنەکانی خۆیان نەهێنابوو سەپێنرا، دواتر ئاینێکی سەیر بەناوی میتراییزم بە شێوەیەکی خێرا لە ئێران سەری هەڵدا. میترا خوداوەندی ڕۆژ بوو. ئەم میتراییزمە لە کوردستان دا سەرکەوتنێکی خێرای بەدەست هێنا. سەرکەوتنێک کە تەنانەت بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ پاش هاتنەوەی ئاینی جوولەکە و مەسیحی جیێ خۆی هێشتەوە و کاریگەریەکەی پاراست. لە ماوەی ئیمپیراتووری نوێی ئاشووری ڕەوەندێکی گرنگی جوولەکەکان ئاوارە و دەربەدەری کوردستان بوو (هۆزە وون بووەکان) و بە هۆیەوە زۆر بە خێرایی زۆرینەی کورد لە دین وەرگەڕان. لەدواییدا مەسیحیەت دەرکەوت و زۆربەی کوردەکان کە لە ژێر کاریگەری ئایینی جوولەکە بوون، ئەم ئاینە تازەیەیان پەسەند کرد.
لە سەدەی پێنجەم بزووتنەوەی مەزدەکی سەری هەڵدا و دژ بە بنەماکانی توندی ئاینی زەرەدەشتی ئیمپیراتۆری ساسانی یاخی بوو. ئەم ئاینە کە لە چیاکانی زاگرۆس، واتە شوێنی لەدایکبوونی مەزدەک، بڕوای بە یەکسانی کۆمەڵایەتی لە نێوان مرۆڤ دا و هاوبەشی لە سامان و مولک هەبوو. بەڵام مەزدەکەکان بە خێرایی بوونە قوربانی کوشتار و لەناوبردن و بزوتنەوەکەش لە کۆتایی سەدەی شەشەمی پاش زایین نەما.
لە سەدەی حەتەم زۆربەی هەرە زۆری کورد بوونە موسڵمان، بەڵام تا ئێستاش زۆر لە داب و نەریت و بیڕوباوەڕەکانی خۆیان پاراستووە. زیاتر ڕێبازی سۆفیگەریان بەلاوە پەسەند بووە، چونکە زیاتر لە ئیسلام، کە لە عەرەبە بەدوەکانەوە بۆیان هاتبوو، لە داب و نەریتی هیند و ئەوروپیەکان نزیک بوو. زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان موسڵمانن، وێرِای ئایینی مەسیحی و ئێزیدی و ئایین و ئاینزای تر.
ئاینی ئێزدی:
ئاینی ئێزدی پەیوەندییەکی دووری بە ڕێبازی فریشتەکانەوە هەیەو ئاینێکی تایبەتە بە کوردان، ئەمڕۆکە هەموو ئێزدیەکان کوردن. ئیمپیراتووری عوسمانی بەناڕەوا تۆمەتی لە پەیڕەوانی ئەم ئاینە دەدا و بە پەرستنی شەیتان تاوانباری دەکردن و بە درێژایی چەندین سەدە کوشت و بڕی یەکجار بێ بەزییانەی لێ کردوون. ئەم ئاینە تا ئێستاش بە تەواوی نەناسراوە، ماوەیەکی زۆڕ نیە ئێزدیەکان دەرگای نهێنیەکانی خۆیان بەرەو ڕووی دنیای دەرەوە کردۆتەوە. خەڵکی دەرەکی دەتوانن چاویان بە دەقە پیرۆزەکان بکەوێ و گوێ لە نزەونوێژە تایبەتمەندییەکانیان بگرن و سەردانی پەرستگاکانی ئەم ئایینە بکەن. بەڵام هێشتا زۆر شتی ئەم ئایینە بە نهێنی ماونەتەوە. ئایینی ئێزدی بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ و بە چەواشە بە شێوەیەک لە سووفیگەری ناسرا بوو و پیاوانی پیرۆزی ئێزدی و سەرکردە ئایینی و نوێژەکانیان دەخرانە ژێر پەردەی سۆفیگەری، ڕێوڕەسمی تایبەتی سەردانی مەزاری شێخ ئادی (1073 ـ 1162)کە هەموو ساڵێک لە هەفتەی دووەمی مانگی تشرینی یەکەم لە لالش (کوردستانی عێراق) ئەنجام دەدرێت، لە گەڵ سەفەری حەج و تەوافی مەککە بەراورد کراوە.
بەڵام لە ڕاستیدا ئایینی ئێزدی پەیوەندی بە ئیسلامەوە نییە. ئێزدییەکان باوەریان بەوە هەیە کە خودا (ئەو زاتە پیرۆزەی ئافرێنەری خۆیەتی) و دەسەڵاتی گەردوونی بە دەستەوەیە مەرجانی سپی دروست کردووە و لە سەر پشتی باڵدارێک بە ناوی ئەنفەر دایناوە کە ئەم باڵدارەش دەستکردی خۆیەتی، بەڵام کاتێ باڵدارەکە دەستی بە فرین کردووە، مەرجانەکە لە پشتی باڵدارەکەوە کەوتۆتە سەر زەوی و شکاوە. لە یەکشەممەدا، کە یەکەم ڕۆژی ئەفراندن بووە، خودێ لە سەردەمی یەکەمدا فریشتەی عیزازیلی هێناوەتە سەر دونیا، ئەم حەوت فریشتەیە بەرپرسیارەتی ئاوەدانکردنەوەی جیهانی ماددی لە پاشماوەی مەرجانە شکاوەکەیان لەسەر شان بووە، ئێزدیەکان ئاگر، خۆر، زەوی، ئاو و هەوایان لە لا پیرۆزە، باوەڕیان بە یەکگرتنێکی پتەو و هەماهەنگ لە گەڵ سروشت هەیە. ڕاستگۆیی، ئاشتیخوازی و یەکتر پەسەندکردن گرنگیەکی تایبەتی لەلايان هەیە.
بە پێچەوانەی ئەفسانەیەکی بێ بناخە، ئێزدیەکان بڕوایان بە بوونی خراپ نییە و چاکە و خراپە لە ژێر دەسەڵاتی خودان دان. مرۆڤ بەرپرسی کردارەکانیەتی و خودا دەسەڵاتی بیرکردنەوە و بڕیاردانی پێ داوە. لە بەر ئەوەی باوەڕیان بە گوێزەرانەوەی گیان لە جەستەیەکەوە بۆ جەستەیەکی تر هەیە کە لەو ڕێگەیەوە دەگاتە ئاستێکی نوێ، بۆیە هیچ مرۆڤێک ناتوانێت بڕوا بە ئایینەکەیان بێنێت. پێویستە مرۆڤ بە ئێزدی لە دایک بێت. ئێزدییەکان بە سەر دوو چینی جیا دابەش دەبن، چینی موریدەکان و چینی پیاوانی ئایینی، ئاینیەکانیش بە سەر دوو چینی شێخەکان و پیرەکان دابەش دەبن. چیینەکان لە ئاینی ئێزدی زیاتر پێناسەی کارکردە ئاینیەکان دەکەن و پەیوەندی نێوان چینەکان، ئامرازیکی سەرەکیە بۆ پاراستنی ئاینەکە. ئەمڕۆکە نزیکەی شەش سەد هەزار تا ملیۆنێک ئێزدی هەن کە زۆربەیان لە کوردستانی عێراق دەژین و لالش شوێنی هەرە پیرۆزیانە. هەروەها ژمارەیەکیان لە ئەوروپای ڕۆژئاوادا دەژین. هەندێکیانیش لە دەوروبەری جزیر و ماردینی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی سوریا و گورجستان و ئەرمەنستان دەژین.
عەلەوی یان قزڵباشەکان:
گەلێک جار قزلباشەکان کە بە هۆی ئەو گرنگییەی بە ئیمامی عەلی، ئامۆزای پێغەمبەر محمد (دروودی خوای لەسەر بێت) دەدەن، بە ڕێبازێکی سۆفیگەری دادەنرێن. بەڵام لەڕاستی پەیوەندیەکی کەمیان بە ئیسلامەوە هەیە. ئاینەکەیان زیاتر مرۆییە، ڕەفتارە لیبراڵە کۆمەڵایەتیەکانیان زۆر لە ئیسلامی سەرەتاییەوە دوورە. بۆ نموونە ژن و پیاو لای ئەوان یەک پلەی هەیە. زۆر گرنگی بە ڕۆژووی ڕەمەزان نادەن. خواردنەوەی مەی قەدەغە ناکەن. بۆنە ئایینەکانیان کە هەمیشە سەماو ئاهەنگی لەگەڵدایە، لە مزگەوت ناکرێن و لە شوێنی کۆبوونەوە ئەنجام دەدرێن کە بە (جوم ئێڤی) ناویان لێ دەبرێت و لە لایەن سەرکردە ئایینەکانیانەوە بەڕێوە دەبرێن کە بە دەدە یان سەیید دەناسرێن.
کتێبێکی پیرۆزی دیاریکراویان نیە. ڕێز لە قورئان و ئینجیل و تەورات دەگرن. لە نێوان خوا و مرۆڤایەتی بڕوایان بە نێوبژیوانی پێنج فریشتە و دوانزە وەزیری خوا و چل پێغەمبەر هەیە. هەندێک جار پێیان دەڵێن (سەرسوورەکان) و زۆربەیان لە ئەنادۆڵ و شارەکانی سیواس و دیاربەکر و خەربووت دەژین. قزڵباشە کوردەکان بە کوردی و زازایی قسە دەکەن. لە چیاکانی دێرسم زیاتر لە ملیۆنێکن. خەمڵاندنەکانی ئەم دواییە دانیان بەوە ناوە کە لەوانەیە قزڵباشەکان 25% دانیشتووانی تورکیا پێک بێنن.
ئەهلی حەق:
کۆمەڵه ئاینیەکەی ئەهلی حەق شیعەگەرایی بەرەو توند و تیژی برد. ئەهلی حەق لە سەدەی یانزدەی زایینی لە لوڕستان دامەزرا و لە شارەزوور و هەورامان لە لایەن موبارەک شا بابە خوشین بڵاوکرایەوە و لە لایەن سوڵتان ئیسحاق یان (سوحاق)ەوە جاکسازی تیایدا کرا کە لە هەورامان شوێنێکی پاڕانەوەی بە ناوی (نیازـ خانە) بنیات نا و شارۆچکەی (پردی وار)ی کردە بنکەی چالاکیەکانی خۆی. سەیدە ڕاستەقینەکانی کاکەیی لە عێراق، بە بنەچە لەو بنەماڵە پیرۆزانەن. ئەهلی حەق باوەڕیان بە عەلی و نەوادەکانی (ئیمامەکان) هەیە و لە هەمان کاتدا مووسا و ئیلیاس و عیسا و داوودیشیان لا پیرۆزە بڕوایان بە حەوت دیاردەی ئاسمانی یەک لە دوای یەک هەیە کە هەریەکە و چوار یان پێنج فریشتەیان لە گەڵدا بووە. لە بابەتی دووبارە بەرجەستە بوونەوەدا لەگەڵ درووز و ئێزدیەکان کۆکن. ئەوان بابە یادگار دەپەرستن (کە لە ساڵی 1596 مردووە) مەزارەکەی بۆتە شوێنی حەجیان. لە موریدەکانی ئەهلی حەق لە گوندەکانی گۆرانی عێراق و لورستان لە ئێران و ئێلەکانی دیلفان هەن. لە ئێراق کاکەییەکان، لە گوندەکانی تووک دەژین (لە دەورو بەری کەرکووک)، هەروەها لە هەندێک ناوچەی خانەقین و قەسری شیرین.
سۆفیگەری:
هەر لە سەرەتای سەدەی دوانزەوە سۆفیگەری لە کوردستان سەری هەڵداوە و کۆمەڵە جیاجیاکان بە پەسەند کردنی ڕێبەرێکی هاوبەش لە باوەشی تەریقەیەکە یەک دەگرن. لە هەموویان کۆنتر کە تا ئێستاش لە کوردستان زۆر کارایە، تەریقەی قادری یە کە لە لایەن عەبدوالقادری گەیلانییەوە (1078 - 1166) دامەزراوە و لە شاری بەرزەنجە (نزیک شاری سلێمانی) ناوەندی بۆ دانراوە. دەروێشە قادرییەکان بۆ ئەوەی لە لایەن شێخەکەیانەوە بە مورید بناسرێن دەبێت هەندێک دەستپێشخەری بکەن و کۆمەڵێ ئەرکی گران بە جێ بگەیەنن کە بریتین لە دانپیانان بە خراپیەکانیان، چێژتنی سزاکانیان، فەرمانبەری، ڕێزگرتن لە یاساکانی خانەقا و ماوەی ڕۆژووەکان. لە میانەی مەراسیمەکانی کۆبوونەوەی خانەقا، موریدەکان لە ناو بازنە داخراوەکان لە گەل دەنگی جەرگبڕی دەف دا خەم و ڕاست دەبەنەوە تا دەگەنە حاڵەتی دڵڕاوکێیەکی گشتگیر. ئینجا هەندێکیان بە خەنجەر و قەمە جەستەکەیان کون دەکەن یان بزمار لەسەری خۆیان دەکوتن یانیش بە سەرەوە خۆیان لە دیوارەکان دەدەن. تەریقەی دووەم نەقشیبەندی، لە سەر دەستی بەهائەددین نەقشیبەند (1317- 1389) لە بوخارا (ئوزبەکستانی ئەمڕۆ) دامەزراوە و لە ساڵی 1808 گەیشتووە بە کوردستان. ئەم تەریقە کە لە لایەن مەولانا جاف هێنراوە، شێخەکانی بارزان، تەوێڵە و شەمدینان دەگرێتەوه خۆی. ئەمان مەراسیمەکانیان لە بێدەنگی تەواو ئەنجام دەدەن. سووفیەکان بە دەوری یەک لە شێوەی بازنە دادەنیشن و بیر لەو بابەتە دەکەنەوە کە لە لایەن شێخەوە کە بەڕیوەبەری کۆبوونەوەکەیە، هەڵدەبژێردرێت و تاوتوێ دەکرێت.
کلێسای سریانی ڕۆژهەڵاتی:
هەموو مەسیحیەکانی ڕۆژهەڵات هەمان بیروباوەڕیان هەبوو کە لە ماوەی (کونسیل نیسا) لە 320 دووای زایین ڕاگەیەنرا بوو. پاشتر کلێسای ڕۆژهەڵاتیان دامەزراند. بەڵام ململانێی نێوان ئیمپراتۆری بیزەنتی لە ڕۆژئاواوە و ئیمپراتۆری فارس لە ڕۆژهەڵاتەوە بووە هۆی دابەشبوونی ئەو مەسیحیانە.
جوولەکان:
ئەمڕۆ تەنیا هەندێک گۆڕستان و ئاسەواری پەرستگاکان لە کوردستان ماون. بۆ نموونە لە ئاکرێ هێشتا ئاسەوارەکانی جوولەکەی کوردستان ماونەتەوە. بەڵام کۆمەڵگای کورد لە ئیسرائیل زۆر بەهێزن و ناسنامەی فەرهەنگی خۆیان پاراستووە.
زەردەشتی:
زەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی ئێران لە ساڵی 660 پ.ز لە دایک بووە و لە ساڵی 583 پ.ز لە ناوبراوە. ئەمڕۆ تەنیا چەند وێرانەیەک لە بورجەکانی بێدەنگی (لاشەکان لەم سەر ئەم بورجانە دادەنران بە ئەوەی باڵدارە لاشخۆرەکان بیانخۆن) و ژمارەیەکی زۆر بچووکی باوەرپێکەران لە ناوچە کوردیەکانی ئێران و نزیک یەزد بە جێ ماون.