رۆژنیوز – هاوکار و جیهاد
ناوچەی هەورامان کە بە دەستڕەنگینی دانیشتوانەکەی و جوانی سروشتەکەی بەناوبانگە، لە ئێستادا ئەو پیشە دەستیانە ڕویان لەکەمبوونەوە کردووە و هەندێکیشیان مەترسی لەناوچونیان لەسەرە، گەشتیارانیش کردنەوەی مۆزەخانەیەک بۆ نمایشکردنی ئیشە دەستیەکان بەگرنگ دزانن.
گرنگترین ئەو ئیشە دەستیانە کە لەڕابردوو ئێستاشدا لە ناوچەی هەورامان ئەنجامدراون بریتین لە درووستکردن و چنینی کڵاش و شاڵ و فەرەنجی و بەرهەم هێنانی چەند بەرهەمێکی وەک ڕووبەهەنارو شەربەتی مێوژو دۆشاوی توو، هەروەها چەندین کار و پیشە و بەرهەمیتر.
سەرهەنگ عوسمان، خاوەنی یەکێک لە دووکانە کلتوریەکانی شارەدێی بیارەی ناوچەی هەورامان، بۆ ڕۆژنیوز باسی لەوەکرد، خەڵکی ناوچەی هەورمان بەشێوەیەکی گشتی بەوە بەناوبانگ بوون کە زۆربەی پێداویستی و ئیشەکانی ڕۆژانەی خۆیان بە دەستی خۆیان بەرهەمەیان هێناوەو سودیان لەبەرهەمی بازاڕەکان وەنەگرتووە.
سەرهەنگ وتی:"لە ئێستادا بەهۆی چەند هۆکارێکی جیاواز کە گرنگترینیان کۆچکردنی هەورامیەکانە لە گوندەکانەوە بۆشارەکان، بوەتە هۆی ئەوەی کە هەورامیەکانیش تا ڕادەیەک وازیان لە کارو پیشە دەستیەکانی خۆیان هێناوە، بەجۆرێک کە زۆربەی ئەو کەسەرەستەو ئیشە دەستیانەی لە دوکانەکەی مندا هەن و دەبینرێن لە هەورامانی ڕۆژهەڵات دوستکراون و ئێمەش هاوردەیان دەکەین".
وتیشی:"هێنان و خستەرووی ئەم کەرەستە کەلەپوری و ئیشە دەستیانە کاریگەریەکی ڕاستەوخۆیان هەبووە لە ڕاکێشانی ژمارەیەکی زیاتر لە گەشتیار بۆناوچەی هەورمان، بەتایبەتی ئەو گەشتیارانەی کە لەشارەکانی سلێمانی و هەولێر و شار و شارۆچکەکانی ناوخۆوە دێنە ناوچەکە کەرەستەو شمەکە خۆماڵیەکان دەکڕن، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا سەنتەرێک یاخود مۆزەخانەیەکی تایبەت لەناوچەکەدا بونی نیە کە ببێتە هۆی پاراستن و لە ناو نەچونی ئەو کەرەستانەی کە لە ڕابردودا لەلایەن کەسانی شارەزاوە دروستکراون، هەر ئەوەش وایکردووە کە هەندێک ئیشی دەستی کە لەڕابردودا دروستکراون لەناوبچن و نەوەی نوێ نەزانن چۆن دروستدەکرێت".
ئەوەشی وت:"ئێمە شانبەشانی خستەڕووی شمەکە کەلەپوریەکان و ئیشە دەستیەکان لەهەمان کاتدا ئەو خۆراک و بەرهەمانەشمان خستوەتەڕوو کە خۆماڵین و لەکارگەکان بەرهەم ناهێنرێن، وەک ڕوبەهەنارو گوێزی هەورامان و هەنگوینی شاخ و دۆشاو و مرەبای میوە جیاوازەکان، ئەوەش وایکردووە کە بازاڕی شارۆچکەی بیارە قەرەباڵغیەکی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت".
هەروەها، هاوکار حەمە برایم، وەک گەشتیارێک کە لە شاری سلێمانییەوە هاتبویە شارەدێی بیارە بۆ ڕۆژنیوز قسەیکردو وتی:"هەبونی شمەک و کەرەستە کەلەپوریەکان لەهەر جێگایەکی هەرێمی کوردستان گرنگی و تایبەتمەنی خۆی هەیە، هەر لەو چوارچێوەیشدا ناوچەی هەورامان تایبەتمەندی خۆی هەیە و بە کەرەستەو شمەکی خۆماڵی بەناوبانگە، ئەمەش وای لە گەشتیاران کردووە کە ئەگەر بۆجارێکیش بێت ڕوو لەم ناوچەیە بکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد، بەداخەوە لە ئێستادا لە ناوماڵەکاندا شتە کەلتوریەکان زۆر بەکەمی بەدی دەکرێن، بۆیە هەبونی چەند دوکان و شوێنێکی تایبەت بەم شمەکە کەلەپوریانە هۆکارێکی باش دەبن بۆ بەزیندوو هێشتنەوەی کەلتورو کەلەپوری کوردەواری، جێگەی خۆشیەتی کە لایەنی پەیوەندیداریش زیاتر هانی خەڵکی ناوچەکەو ئەم دوکاندارانەش بدات کە کەرەستەو شمەکی کەلەپوری زیاتر بخەنە بازاڕەوەو لەهەمان کاتیشدا هانی هاوڵاتیان بدرێت کە ئەو کەرەستە خۆماڵیانە بەرکار بهێنن.
هاوکار وتی:"زۆر کەرەستەو پێداویستی هەن کە ئیشی دەستین و بەشێکن لە کەلەپوری کوردەواری، بەڵام خەریکە لەناودەچن و بنویان نامێنێت، بۆیە جێگەی خۆیەتی کە وەزارەتی ڕۆشنبیری بیر لە دروستکردنی مۆزەخانەیەک بکاتەوە بۆ پاراستنی ئەو شمەک و کەرستانەی کە مەترسی لەناوچونیان لەسەرە، چونکە مەرج نیە هەموو کاتێک تەنها گەشتیاری ناوخۆی سەردانی ناوچکە بکەن، بەڵکوو ئەو گەشتیارە بیانیانەشی کە دێنە ناوچەکە بەچاوی خۆیان ئەو کەرەستانە ببینن کە خەڵکی ناوچەکە بەدەستی خۆیان دروستیان کردووە".
یەکێکی تر لە خاوەن دوکانە کەلەپوریەکانی ناوچەی هەورمان بەناوی جیهاد تاهیر، بە ڕۆژنیوزی وت:"بەداخەوە بەردەوامی قەیرانی دارایی کاریگەری لەسەر بازاڕی ئێمەش کردووە، بە جۆرێک بە بەراورد بەساڵانی ڕابردوو فرۆشتنی کەرەستەو شمەکە کەلەپوریەکان کەمی کردووە، ئەوەش بوەتە هۆی ئەوەی کە ئێمەی خاوەن دوکانە کەلەپوریەکانیش نەتوانین ڕێژیەکی زۆر ئەو شمەکانە بهێنین بیخەینە بازاڕەوە".
وتیشی:"هەبوونی شمەکە کەلتوری و ئیشە دەستیەکان کاریگەریەکی ڕاستەوخۆی هەبووە کە ژمارەیەکی زیاتر گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی ڕوو لەناوچەکە بکەن، بەڵام ئەوەی بوەتە گرفت لەناوچەیەکی گرنگ و بەرفراوانی وەک هەوراماندا تا ئێستا لایەنە پەیوەندیارەکان و حکومەتی هەرێمیش نەیتوانیوە کارێکی وەها بکەن کە زیاتر ناوچەکە بە هاوڵاتیان و گەشتیاران بناسێنن".
ئەو خاوەن دوکانە کەلەپوریەی هەورامان ئەوەشی وت:"زۆربەی ئەو کەرەستەو شتومەکە کەلەپوریانەی کە لەدوکان و بازاڕەکانی ناوچەکەدا هەن و دەبینرێن زۆربەی لە هەورامانی ڕۆژهەڵات دروستدەکرێن و ئێمەش هاوردەی باشوریان دەکەین، لەکاتێکدا لە ڕبردوودا لەم ناوچەیەی ئێمەش هەمان ئەو کەرەستەو شمەکانە دروست دەکران، بەڵام بەداخەوە بەهۆی بێ پلانی حکومەت کە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی کردە مووچەخۆر وازیان لە پیشە دەستیەکان هێناو هەندێک پیشەش مەترسی لەناوچونیان لەسەرە، بە تایبەت دروستکردنی شاڵ و کڵاش، چونکە پێویستی بە وەستای شارەزاو پسپۆڕو بە ئەزموون هەیە ئەو وەستایانەش لە هەورامانی باشوور کەم بوەنەتەوە".
03-10-2016