لە ڕوانگەی پەرۆشیمان بۆ پاراستنی یەکریزی هەڤاڵانی یەکێتی و پەی بردنمان بە گرنگی پتەوکردنی گیانی هەڤاڵانە و دورخستنەوەی ئەگەری ترازان و پەیڕەوکردنی سیاسیەتی ڕاست و دروستی چەپکەگوڵەکەی هەڤاڵ مام جەلال، وە لەبەر هەستیاری و گرنگی دۆخی هەرێم و ناوچەکه و گۆڕانکاریە چاوەڕوانکراو و نەکراوەکان، لە دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیداری لیژنەی ڕاسپێردراوی ئەنجومەنی ناوەندی لەگەڵ هەڤاڵە پەیوەندیدارەکانی یەکێتی و دوای گفتوگۆی چڕ و پڕی ڕاشکاوانە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی ناوخۆی یەکێتی ئەم پرۆژەیەمان گەڵاڵە کرد وەکو ئەرکێکی حزبی و ئۆرگانی و مێژوویی لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و ڕێکخستنی ناوماڵی یەکێتی بۆ ئەوەی ببێتە نەخشەرێگایەک بۆ ئەم قۆناغەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
یەکەم/ ئۆرگانەکانی بڕیاردان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:
1- ئەنجومەنی سەرکردایەتی:
ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە بواری جێبەجێکردنی ئەرکەکانی (ی.ن.ک) دا لە نێوان دوو کۆنگرەدا بەرزترین دەسەڵاته و ئەرکی جێبەجێکردن و بەدواداچوونی بڕیار و ڕاسپاردەکانی نێوان دوو کۆنگره و داڕشتنی سیاسەتی گشتییە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی و پەرەپێدانی پەیوەندیەکانی (ی.ن.ک) لەگەڵ لایەنەکانی تردا، لەگەڵ ئه و دەسەڵاتانەی تر کە لە ماددەی (32) و ماددەکانی تری پەیڕەوی ناوخۆی (ی.ن.ک) پێیدراوە.
2- مەکتەبی سیاسی:
ئەرک و دەسەڵاتی جێبەجێکردنی بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆمیتەی سەرکردایەتی هەیە لەگەڵ سەرپەرشتی کردن و ڕێنمایی کردنی ئۆرگانەکانی حزب و پەرەپێدانی پەیوەندی (ی.ن.ک) لەگەڵ لایەنەکانی تر و دەسەڵاتەکانی تر کە پەیڕەوی ناوخۆی (ی.ن.ک) پێی دەدات.
دووەم/ هەماهەنگی و ڕاوێژکردن بۆ کۆبوونەوەکان:
پێش ئەنجامدانی کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی، (هەڤاڵان جێگرانی سکرتێری گشتی و لێپرسراو و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی (م.س) و هەڤاڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی) ڕاوێژو هەماهەنگی بکەن بەمەبەستی سەرخستنی کۆبوونەوەکان.
سێیەم/ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی:
1- ئەنجومەنی سەرکردایەتی پاڵپشت بە ماددەی (33) لە پەیڕەوی ناوخۆی (ی.ن.ک) لە وادەی خۆیدا کۆبوونەوەی ئاسایی دەکات و لە کاتی پێویستدا کۆبوونەوەی نا ئاسایی ئەنجام دەدرێت.
2- کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بە سەرپەرشتی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی دەبێت، ئەگەر ئامادە نەبوو به و ڕێکارانە دەبێت کە لە پەیڕەوی ناوخۆی (ی.ن.ک) دا هاتووە.
چوارەم/ ڕێژەی یاسایی و چۆنیەتی دەنگدان لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی به و ڕێوشوێنانە دەبێت کە لە ماددەی (5)ی پەیڕەوی ناوخۆی (ی.ن.ک) دا هاتووە.
پێنجەم/ ئه و بڕیارانەی کە لەلایەن ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی پەسەند دەکرێن دەبنە بڕیاری یەکێتی و دەبێت جێبەجێ بکرێن، وە لەوکاتەدا هیچ هەڤاڵێک دەسەڵاتی بڕیاری پێچەوانە و تاکڕەوانەی نیه و ئەنجومەنی ناوەندی چاودێری جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەکات.
شەشەم/ سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی (ی.ن.ک) لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بەشدار دەبێت.
حەوتەم/ چارەسەرکردنی دۆسیەکان:
دۆسیەی دارایی یەکێتی بە (داهات و خەرج) ەوە، دۆسییەکانی نەوت و گاز، پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی (ناوخۆیی و عێراقی و دەرەکی)، پڕکردنەوەی پۆستەکانی یەکێتی لە هەرێم و بەغداد و ئاڵوگۆڕ لە پۆستە حزبی و حکومیەکان، بەستنی کۆنگرەی (4) و دۆسیەکانی تر بەپێی گرنگی و ئەولەویەتی دۆسیەکان بە بەرنامەیەکی گونجاو لەلایەن ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بە هەماهەنگی و بەبەشداری ئەنجومەنی ناوەندی چارەسەر بکرێن.
هەشتەم/ بەستنی کۆنفرانسی مەکتەب و دەزگاکان:
بەمەبەستی کاراکردنەوەی ئۆرگانەکان و دانانی نەخشەڕێگای نوێ و گونجاو بۆ ئەم قۆناغه و بۆ زیاتر پێشخستنی مەکتەب و دەزگاکان کۆنفرانسی تایبەت ببەسترێت بە پێی تایبەتمەندی ئۆرگانەکان، پاڵپشت بە ماددەی (48) بڕگەی (6) لە پەیڕەوی ناخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
نۆیەم/ بەمەبەستی ڕێگریکردن لەفرەلێدوانی و گەیاندن و شیکردنەوەی سیاسەت و پەیامی فەرمی یەکێتی بەرای گشتی و وەڵامدانەوەی ئه و تۆمەتە ناڕەوایانەی دەدرێتە پاڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێویستە یەکێتی وتەبێژی فەرمی هەبێت، یان پێکهێنانی ژورێکی ڕاگەیاندنی پسپۆڕی تایبەتمەند بۆ هەمان مەبەست.
ئەنجومەنی ناوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
12-12-2016