بەمەبەستی کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ و زیانی گیانی، لەڕێگەی سەرەکیی #هاملتۆن#، بە دریژایی ڕێگەی نێوان سۆران - چۆمان بەربەستی ئاسن دادەنرێت، تێچووی پرۆژەکەش لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.
ئەحمەد قادر، قائیمقامی چۆمان دەڵێ درێژی ئه و بەربەستە هەزار و 500 مەترە، تەواوی شوێنە پێویستەکان دەگرێتەوە و ئامانجمانه هۆکارەکانی مردن بە ڕووداوەکانی هاتووچۆ کەمبکەینەوە.
بەدریژایی ڕێگاکە کە دوورییەکەی نزیکەی 50 کیلۆمەتره، ڕووبار و ڕێگاکان هاوتەریب بەیەکەوە دریژ دەبنەوە، لەمەودوا بەربەستەکان ڕێگر دەبن لەوەی لە کاتی هەر ڕووداوێکی هاتووچۆدا، ئۆتۆمبێلەکان بکەونە نێو ڕووبارەوە.
قادر حارس، شۆفێرە و بەردەوام لەو ڕێگەیەدا هاتووچۆ دەکات، دەڵێ خۆم شاهێدی دەیان ڕووداوی هاتووچۆ بووم، کە خەڵکەکە خنکاون و تەرمیان لەنێو ڕووبارەکاندا دەرهێنراون، ئه و بەربەستانە دەبنە ڕێگری خنکان و کەمبوونەوەی کارەساتی هاتووچۆ.
هەرچەندە ڕێگەی نێوان چۆمان و حاجی ئۆمەران ڕێگەیێکی نێودەوڵەتییه و هەردوو پارێزگای هەولێر و ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەڵام ئۆتۆمبێل بەئەستەم دەتوانن هاتووچۆی تێدا بکەن.
شەماڵ سەلیم، شۆفێرێکی دیکەیە و دەڵێ لێرەوە تاوەکو حاجی ئۆمەران هەزاران چاڵ لە ڕێگەکەدا هەن، سەیرکە لەسەر ڕێگە سەتان بورغیی ئۆتۆمبێل کەوتوون و، بەرگەی خراپی ڕێگا ناگرن، لەکاتێکدا ئەمە ڕێگەیەکی نێودەوڵەتییە.
بەشێوەیەکی کاتی و تاوەکو دەستکردنەوە بە پرۆژەی جووت-ساید حکومەت ڕێگەکە نۆژەن دەکاتەوە، بۆئەوەی خراپی ڕێگەکە نەگاتە ئه و ئاستەی، ئاڵوگۆڕە بازرگانی و گەشتیارییەکان پەکیان بکەوێت.[1]
20-07-2017