راستکردنەوەیەک :
زۆرێک دەڵێن ئەو جوڵانەوەیەی کە دروست دەبێت لە دوو هەفتەی داهاتودا جوڵانەوەیەکە کە کەمپین دەکەن بۆ (نەخێربۆ ڕیفراندۆم)، کە لە ڕاستیدا وا نییە.
ئەو جوڵانەوەیە بە هەموو شێوەیەک و لە ژێر هەر ناونیشان و ناوێکەوە بێت ڕیفراندۆم ڕەت دەکاتەوە لە ئێستادا، وە پێی وایە کە ئەگەر ڕیفراندۆم لە 25/9 ئەنجام بدرێت ئەوا شەرێکی نەخوازراو یەخەی هەرێمی کوردستان دەگرێت و منداڵی فەقیر و هاوڵاتی ئەم وڵاتە شەهید دەبن و هیچ وڵاتێکی زلهێزی دۆستی کورد بەرگری لە هەرێمی کوردستان و ئەزمونی 26 ساڵی ڕابردو ناکات، ئەمە جگە لەوەی فەقیری و نەهامەتی و برسێتی بە دوای خۆیدا دەهێنێت.
بۆیە ئەگەر ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت ئەوا ئەو جوڵانەوەیە هانی خەڵکی دەدات کە بە هەموو توانای خۆیانەوە بەشداری ڕیفراندۆمەکە بکەن و بە نەخێر لە ئێستادا دەنگ بدەن، وە هەموو هەوڵێک دەدەین کە دەنگی نەخێر زۆرینەی دەنگی ڕیفراندۆمەکە بێت.
لە ئێستا بەشێکی زۆر لە حیزب و گروپ و کەسایەتییەکان خۆیان لە ئەسڵی بابەتەکە لادەدەن و جورئەتی ئەوەیان نییە کە بە دەنگی بەرز ڕاستی بابەتەکان بۆ خەڵکی ڕون بکەنەوە و لە هاوڵاتی تێبگەێنن کە توشی چی دەبن لە حاڵەتی دەنگدان بە بەڵێ، وە تەنها باسی دواخستنی ڕیفراندۆم دەکەن، بێ ئەوەی کەمپینی بەرامبەریان هەبیت بە دەنگدان بە نەخێر !!! هەر بۆیشە تاکە خیتابی سیاسی و خیتابی زەق لە هەرێمی کوردستان بریتییە لە خیتابی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە بە نیازە لە پێناو مانەوە لە دەسەڵات و لە پێناو دواخستنی هەڵبژاردنی گشتی و هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان، هەستێت بە ڕوبەروکردنەوەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شەرێکی تری نەخوازراو و بە کوشتدانی ڕۆڵەی خەڵکی، چونکە سەرکردایەتی کورد و خودی بارزانی پێویستیان بە شەرێکی ترە پاش تەواو بونی شەری داعش.
وەک هاوڵاتیەک و کەسێک کە زانیاریەکی دروست و دەقیقم لایە، وەک ئەرکێکی ئەخلاقی لەگەڵ هاوڕێکان و هاوبیرەکانی تردا بەم کارە هەڵدەستین و ناهێڵین خەڵکی وڵاتەکەمان بکوژرێن و ژیانیان تێک بچێت، بۆیە هەر کەسێک، هەر لایەنێک، هەر گروپ و کەسایەتییەک پشتگیری لەو جوڵانەوەیە و ئامانجەکانی جوڵانەوەکە و کەمپینی دەنگدان بە نەخێر لە ئێستادا نەکات، ئەوا ڕازییە بە ڕیفراندۆم و چارەنوسی خەڵکی و ژیان و گوزەرانی خەڵکی لە دوای 25/9 لە ئەستۆی ئەو کەسایەتی و لایەنانەدایە.
#شاسوار عەبدولواحید#
27-07-2017