دواڕۆژ، ئاکۆ حەمەد ڕابی
بەهۆی داخستنی مەرزی #حاجی ئۆمەران# 900 بازرگانی کورد بێکاربوون، ئەندامێکی ژوری پیشەسازی و بازرگانی هەولێریش دەڵێت، بازرگانان زیانمەندی سەرەکی ئه و بارودۆخەن، بەوپێیەی هەموو جۆرە کارێکی بازرگانیان وەستاوە.
ماجد جەلال، ئەندامی ژوری پیشەسازی و بازرگانی هەولێر بەدواڕۆژی ڕاگەیاند دوای داخستنی مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران 900 بازرگانی کورد، کە کاری جۆراوجۆری بازرگانی و هاوردە و هەناردەی شتومەکیان دەکرد، لە ئێستادا هەموویان بێکاربوون.
جەختیشیکردەوە، جگە له و بازرگانە کوردانەی باشوری کوردستان کە بێکاربوون، لە دیوی ئێرانیش نزیکەی 5 هەزار کەس کە له و مەرزەوە و لە دەروازەی پیرانشار سوودمەند بوون، ئێستا ئەوانیش بێکاربوون.
بەپێی ئامارەکان ساڵانە لە دەروازەی نێوڵەتی حاجی ئۆمەران بەبڕی 11 ترليؤن دینار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستاندا دەکرێت.
هاوکات مەسعود ئەحمەد، بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بە دواڕۆژی ڕاگەیاند هەندێک لە بازرگانەکانی سنوری حاجی ئۆمەران کارە بازرگانییەکانیان گواستۆتەوە بۆ دەروازە کراوەکانی دیکە، چونکە ئیشی بازرگانەکان وایە هەر دەروازەیەک کراوەبێت ئەوان کارەکانی خۆیان و جوڵە بازرگانەکانی خۆیان تێدا ئەنجام دەدەن.
وتیشی بە ڕێژەی %97 کەلوپەلەکان هاوردەن و بە ڕێژەی %3 ش هەناردە دەکرێن.
لە سنوری پارێزگای هەولێر دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، تاکە دەروازەی فەرمیە، کە هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بەیەکەوە دەبەستێتەوە.[1]
13-11-2017