#کۆڵبەر#انی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگا قاچاخەکانی #پیرانشار# - #حاجی ئۆمەران# بە قاچاخ کۆڵدەبەن، ڕۆژانە پاسدار و هێزە ئەمنییەکانی ئێران تەقەیان لێدەکەن، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 65 کەس بە گوللەی پاسداران گیانیان لەدەستداوە.
ئێران لە دوای گشتپرسییەوە دەروازە و ڕێگاکانی کۆڵبەری داخسستوون هەزاران کاسبکاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووچاری بێکاری و نەداری کراون، بۆ پەیداکردنی نانی ڕۆژانە ناچارن پەنا بۆ ڕێگاکانی پڕمەترسی و مردن ببەن.
کۆڵبەڕێک باسی ژیانی خۆی دەکات و دەڵێت، لەوەتەی سنوورەکان داخراون، 100 تومەنم پەیدانەکردووە و دەشڵێت کارتی کۆڵبەریم هەبوو، ڕۆژانەکاری خۆم دەکرد، بەڵام لەو دوومانگەی کە سنوورەکان داخراون ناچار کاری کۆڵبەری دەکەم و سینگی خۆم بۆ پاروێک نانی منداڵەکانم خستووەتە بەر گوللە.
کاڵاکان خواردنەوە کحولییەکان و جگەرەن، بەپێی یاساکانی وڵاتی ئێران مامەڵەکردن پێیان سزای 10 ملیۆن تومەن پێبژاردن و سێ ساڵ زیندانیکردنە، ڕاکردنیش لەدەست کەمینی پاسداران بەر دەستڕێژی گوللە دەکەوێت، بۆ گواستنەوەی هەر کارتۆنێک بڕی 30 دۆلار بە کۆڵبەران دەدرێت.
لە گەڵیاندا تا نزیک سنووری گوندەکانی پیرانشار دەڕۆین، حەوت کاژێر ڕۆشتن هەورازی سەخت و دۆڵ و نشێوی بە مین داچێنراو، لایان ڕوون نییە هەنگاوەکانیان بۆ مەرگە یاخود گەیشتنەوە بە خێزانەکانیان.
کۆڵبەرێکی دیکە باسی ڕێگە سەختەکانی قاچاخی بۆ ڕووداو دەکات و دەڵێت نازانم جارێکی دیکە ماڵەوەمان دەبینمەوە یان بە گوللەی پاسداران دەکوژرێم، هەر کات هەنگاو بەرەو ئەو کارە دەبەم، لەماڵ دەبێتە گریان و کەس بە تەما هاتنەوەمان نییە.
بۆ وڵاخدارەکان هاتن و گەڕانەوەیان ئەستەم ترە، جوڵە و پەڕینەوەیان تەنها لە شەودایە، چونکە ئاسانتر دەبنە نێچیری لوولەی تفەنگەکانی پاسداران.
لە 20ی 10ەوە تاوەکو ئێستا شەش کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژراون پێنج کەسی دیکەش بریندارن، کرێکار و کۆڵبەرە کوردەکان سکاڵای نەداری دەکەن و دەڵێن، ئێران سنوورەکانی لێداخستوون بێکار ماون، سەرباری ئەوەی بە کولەمەرگی نانی ڕۆژانە پەیدا دەکەن پاسدار ڕێیان لێدەگرن بەر گوللەیان دەدەن.
ئەمساڵ تاوەکو ئێستا نزیک 65 کاسبکاری ئەو سنوورانە بە دەستڕێژی گوللەی پاسداران گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە 15 کەسیشیان بریندار بوونە.[1]
05-12-2017