...لە سنووری شارۆچکەی #ئامێدی# زیاتر لە 300 شوێنەوار هەن و زۆربەیان مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە، تاوەکوو ئێستاش هیچ ڕێکارێکی پێویست بۆ پاراستنیان لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە نەگیراوەتە بەر.
یەکێک لە دێرینترین خوێندنگەکانی هەرێمی کوردستان خوێندنگەی قوبەهانە کە لە ساڵی 1534زدا لەلایەن میر حسێن وەلی، میری میرنشینی بادینانەوە لە شارۆچکەی ئامێدی درووستکراوە. لە ماوەی 400 ساڵدا دەیان زانای ئایینیی پێگەیاندووە، بەڵام ئێستا نزیکەی 70٪ی وێران بووە و مەترسیی لەنێوچوونی یەکجارەکیی لەسەرە.
هەیوار ئامێدی، شوێنەوارناسە و بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، کەشوهەوا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئەم شوێنەوارە هەیە، چونکە لە سەردەمێکی دێریندا درووستکراوە و کەرسەتەکانی درووستکردنی بەرد، قسڵ، خشت و خۆڵن. لەبەر ئەوەی ساڵانە لە دەڤەری ئامێدی بەفر و بارانێکی زۆر دەبارێت، کاریگەریی لەسەر ئەو شوێنانە هەبووە.
بۆ پاراستنی جێگە شوێنەوارییەکانی ئامێدی و گەڕاندنەوەی سیمای ڕابردوو، لە ساڵی 2011دا تیمێکی خۆبەخش لە ئەندازیار، شوێنەوارناس و مامۆستای زانکۆ کە لە زیاتر لە 20 کەس پێکدەهات و کاری بەبەڵگەکردنیان بۆ ناوەندی شارۆچکەکە کردووە تاوەکوو نۆژەن بکرێنەوە و ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ پارەیەکی بۆ تەرخان نەکراوە.
د. شیرین یونس، ئەندامی لیژنەی بووژاندنەوەی ئامێدی ئاماژەی بەوە کرد، ڕێکخستنی ناوچەکانی ئامێدی لەسەر بنەمای ئەوە بووە کە چەندە ناوچەی دێری تێدایە. پێوەری دووەم دیمەنی دڵڕفێنی ئامێدی بووە چ لەنێوەوەی ئامێدی بۆ دەرەوەی چ لەدەرەوەی بۆ نێوەوەی.
لە سنووری ئامێدی زیاتر لە 300 جێگەی شوێنەواری هەن و زۆربەیان مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە. تاوەکوو ئێستا هیچ ڕێکارێک بۆ پاراستنیان لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە نەگیراوەتە بەر.
کۆڤان ئیحسان، بەرپرس لە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوارەکانی #دهۆک# بە ڕووداوی ڕاگەیاند، لە دوای ساڵی 2014وە چەند شوێنەوارێک هەن کە ڕووخاون و بەردەوام مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە. ئەگەر نۆژەن نەکرێنەوە، بە یەکجاری لەنێودەچن.
بەپێی ئەو نەخش و هێمایانەی لەسەر جێگە شوێنەوارییەکانی ناوچەکە هەن، مێژوویان بۆ 700 - 1000 ساڵی پێش زاین دەگەڕێتەوە و بە نۆژەنکردنەوەیان ناوی ئامێدی لە لیستی کەلەپووریی جیهانیی یونسکۆدا تۆماردەکرێت.[1]