تەڤگەری کۆمەڵگای دیموکراتیک (تەڤدەم) لە ڕاگەیەنراوێکدا بۆ ڕای گشتی ئاماژەی بە کردەوەکانی دەوڵەتی تورک لەدژی زیندانیانی سیاسی و بە تایبەتی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد کرد و ئاماژەی بەوەکرد، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورک بڵاوبووەتەوە و بۆیە لەبارەی دۆخی ئۆجالان نیگەرانن.
ڕاگەیەنراوەکە بەم شێوەیەیە:
لە کاتێکدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرانسەری جیهان بڵاوبووەتەوە، ڕێوشوێنی پێویست هەم بۆ کۆمەڵگا هەم بۆ کەمپەکان و زیندانەکان دەگیرێتەبەر، هەروەها زۆرێک لە دەوڵەتەکان هەندێک دۆسیەیان لەبەرچاو گرتووەتەوە، یەکێک لەو دۆسیایانەش لەبارەی زیندانیانی سیاسیە و زیندانیان ئازاد کراون، یان سیستمی کەرەنتینە بۆیان جێبەجێ دەکرێت و ڕیگا دەدرێت پارێزەران و خانەوادەکان سەردانیان بکەن.
ئاکەپە/مەهەپە و دەوڵەتی تورک لەبارەی پەتاکەوە سەختی دەکێشن، بەڵام تا ئێستاش بەردەوامی بە سیاسەتە شۆڤێنیەکەیان دەدەن، نمونەی ئەوەش هەڵوێستیانە لەبەرانبەر دۆسیەی زیندانیانی سیاسی، ڕای گشتی و گوێنەدان بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەزگاکانی مافەکانی مرۆڤ. ئەو ڕێکخراوانەش سەرقاڵی ڤایرۆسی کۆرۆنان و ئەوانیش سەختی دەکێشن و تا ئێستا چارەسەریەکیان بۆ پەتاکە نەدۆزیوەتەوە.
بەو هۆیەوە دوای ئەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورکدا تووشی ڤایرۆسەکە بوون و گیانیان لەدەستدا ئاشکرا کرا، بووە هۆی ئەوەی نیگەرانی لەسەر دۆخی #عەبدوڵڵا ئۆجەلان# ڕێبەری گەلی کورد زیاد ببێت. لەبەرئەوەی گۆمانمان هەیە دەوڵەتی تورکی شۆڤێنی کردەوەی قێزەونتر لەدژی زیندانیانی سیاسی، بە تایبەتی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدەدات.
ڕەتکردنەوەی سەردان و چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان، زیاتر سەرنجی کۆمەڵگای کورد و کۆمەڵگای ئازادیخواز بۆسەر زیندانی ئیمڕالی دەکێشێت، بە تایبەتی کە دەوڵەتی تورک کردەوەی دژە مرۆیی لەدژی شەهید عەگید ئیپەک ئەنجامدا کە تەرمەکەی لە ڕێی پۆستەخانەوە بۆ دایکی ڕەوانەکرا و لەبەرانبەر دەزگاکانی مافەکانی مرۆڤ پێوانەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێشێلکرد. لەم کاتە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە پەتای کۆرۆناوە سەرقاڵە و دەوڵەتی تورک کردەوەی نامرۆڤانە ئەنجام دەدات و دەیەوێت سەرلەنوێ ئیرادەی گەلانی تێکۆشەر تێکبشکێنێت.
تەڤدەم لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەیدا داوای لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد، کار لەسەر دۆخی زیندانیانی ناو زیندانەکانی دەوڵەتی تورک بکەن و لەبەرانبەر کردەوەکانی دەوڵەتی شۆڤێنی تورک کە لە دوورگەی ئیمڕالی و زیندانەکانی تر ئەنجامیدەدات، بەرپرسیاریەکانی جێبەجێ بکات.[1]
#13-04-2020#