روونکردنەوەیەک لە #وەزارەتی دارایی# و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە400 ملیار دینارەکە
ئه و 400 ملیار دینارەی که حکومەتی فیدراڵ لەماوەی ڕابردوو خستییە سەر ئەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی پێشووی نێوان #هەولێر# و بەغدا بووە، که پێشتر مانگانە 453 ملیار دینار بوو.
بەڵام بەهۆکاری سیاسی و قەیرانی دارایی، ناردنی ئه و بڕە پارەیە بۆ ماوەیەک ڕاگیرا و پاش جەژنی ڕەمەزان بە بڕێکی کەمترەوە خراوە سەر ئەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دابوو، بە هەر شێوەیەک بێت، مووچەی تەواوی فەرمانبەران پێش جەژن دابەش بکرێت، هەر بۆیه حکومەت بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکەی خۆی دانوستانی لە گەل کۆمپانیاکانی نەوت کرد کە ماف وشایستە داراییەکانی خۆیان بۆ ماوەیەک دوا بخەن و بەوجۆرە توانرا 375 ملیۆن دۆلار لە فرۆشتنی نەوت و دواخستنی ماف وشایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان کۆبکرێتەوە، هەوەروەها 150 ملیۆن دۆلاری دیکە لە چەند کۆمپانیایەکی نەوتی قەرز کرا و وێڕای ئەمەش بڕی 138 ملیۆن دۆلار (کە بە دینار دەکاتە 165 ملیار و 725 ملیۆن),لە سەرمایەدارانی ناوخۆ بۆ ماوەی مانگێک قەرز کرا و لەگەل 17 ملیۆنی هاوپەیمانان و 75 ملیۆن دۆلاری داهاتی ناوخۆ، توانرا کۆی مووچەی مووچەخۆران لە پێش جەژن دابەش بکرێت.
چەند ڕۆژێک دوای جەژن ئەو گوژمەیەی بەغدا گەیشت. بانکی ناوەندیی عێراق بەر لە گواستنەوەی400 ملیار دینارەکە بۆ سەر ئەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێم، بڕی 12 ملیار دیناری بۆ قەرزی بانکە ئەهلییەکان بڕی وتەنها 388 ملیار بۆ هەرێم مایەوە.
له و 388 ملیار دینارە، بڕی 165 ملیارو 725 ملیۆن دینار قەرزی سەرمایەدارانی ناوخۆی گەڕێندرایەوە.
ئێستا بڕی 222ملیار و 275 ملیۆن دینار لەو پارەیە ماوەتەوە، ئەوجا یان دەبێت لەگەڵ کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ و پارەی فرۆشتنی نەوت بۆ مووچەی داهاتوو تەرخان بکرێت، کە هێشتا کورتهێنان هەیە و یاخود باقی قەرزەکانی مانگی ڕابردووی پێ بدرێتەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری
#11-06-2020#