خۆ دەزانن سولالەیی ئەکراد
لێرەوە بگرە تا دەگاتە قوباد
هەموو عالیم، هەموو شێخ و میرن
زیرەک و ژیر و ئەهلی تەدبیرن
وەسەتی پانی پازدە ڕۆژ ڕێیە
پڕ لە ڕەشماڵ و خانە و دێیە
بە درێژی لە قاف کە ڕابوردن
تا بە شیراز و ئیسفەهان کوردن
شەهسەوارن، پیادەیان ئازان
بەردی نیشان و کوڵکی مەیدان
دان و بەخشینان لە لا باوە
خوونی مەیدانیان لە کن ئاوە
بە شەجاعەت هەموو وەکوو ڕۆستەم
بە سەخاوەت هەموو وەکوو حاتەم
لە وەفا سموەئیل و ئیسماعیل
عەهد و پەیمانیان چیای قەندیل
گوردی شانامە پاکیان کوردە
کافی ئەم سافە کافی ئەو وردە
لە شەڕا زۆر دەفعە قەوماوە
ڕۆمییانیان چلۆن جەواب داوە
حاجی دەمرێ لە داخ و هاوارە
کوردی بێچارە دەبنە ئاوارە [1]
#دیوانی حاجی قادری کۆیی#
#حاجی قادری کۆیی#