د.محەمەد ساڵح جومعە
ئێستا هەموو خەڵکی کوردستان بایەخێکی زێدە گرنگ بە پرسێک دەدات کە ئەویش سەربەخۆیی کوردستانە، بۆیە منیش دەخوازم لەم بابەتەدا بۆچوونەکانم لەسەر پرسی سەربەخۆیی دەوڵەتی کوردستان چڕبکەمەوە.
ئەو بارودۆخەی بۆ پڕۆسەی سەربەخۆیی کوردستان لە ئێستادا فەراهەم بووە، بە درێژایی مێژوو دەرفەتێکی لەو جۆرە بۆ کوردستان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان نەهاتۆتەپێشەوە، هەر بۆیە ئەگەر بەدیدێکی تازە و لەبەر ڕۆشنایی پێشهاتە تازەکاندا خوێندنەوەی ورد بۆ پڕۆسەی سەربەخۆیی کوردستان بکەین، بە ڕاشکاوی هەست دەکەین دەرفەتێکی لەبار هاتۆتەپێشەوە و ناکرێت بەهیچ جۆرێک ئەم دەرفەتە لەدەست بدرێت، خۆ ئەگەر بە ئەقڵییەتی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خوێندنەوە بۆ پڕۆسەی سەربەخۆی کوردستان بکەین، ئەوا هەست بە جۆرێک لە ئاستەنگ و تەنانەت ساردبوونەوەش لەم پڕۆسەییە دەکەین، بۆیە ئێمە لێرەدا جیا لەوەی دەگەڕێینەوە بۆ بایەخ و گرنگیی دەوڵەت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، لەهەمانکاتدا لە ڕوانگەی ئەو گۆڕانکارییانەوە پڕۆسەی سەربەخۆیی کوردستان شرۆڤە دەکەین کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درووستی کردووەو بەرەو ئەوە هەنگاو هەڵدەگرین کە دووبارە هاوکێشەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە جۆرێکی دیکە دابڕێژدرێتەوە.
سەبارەت بە گرنگیی دەوڵەت بۆ شکۆی نەتەوە و بەرجەستەکردنی بوونی نەتەوە، بەپێی تێگەیشتنی من لە پێش شەش هەزار ساڵەوە ئەو ڕاستییە بۆ هەموو جیهان ئاشکرابووە کە دەوڵەت بناخەی پێشکەوتنی هەموو میللەتان بووە و هەموو هیوا و ئاواتەکانیان لەسەر درووستکردنی دەوڵەتی خۆیان بوونیاد ناوە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی دەوڵەتی نەتەوەیی هاوچەرخیش، ئەوا دیسان هێندەی من لێی تێگەیشتووم، دەوڵەت لەسەر بنەمای فەلسەفەی میکیاڤیلی دامەزراوە، بۆیە ڕاشکاوانە ئاماژە بەوە دەکەم منیش هەوڵمداوە هەر لەو ڕوانگەیەوە سەیری پێکهێنانی دەوڵەتی کوردستان بکەم، ئەمەش بەو مانایەی ئایا دەوڵەتی کوردستان تا چەند لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستانەو چەندیش لەبەرژەوەندی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعشە؟ ئەمەش لەبەر ئەوەی دەخوازم خوێنەری ئەم دێڕانە هەڵوەستە لەسەر ئەو خاڵە گرنگە بکات کە لە ئێستادا تاچەند درووستبوونی دەوڵەتی کوردستان، بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و دەوڵەتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەدژی داعش پێکەوە گرێدەداتەوە و پێکهێنانی ئەم دەوڵەتە دەکاتە ئامانجێکی هاوبەشی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
لایەنێکی دیکەی گرنگیی دەوڵەت لە بیرکردنەوەی نەتەوەدا، ئەوەیە کە دەوڵەت لە بیرکردنەوەی نەتەوەدا تەنیا پەرستگایەکە کە نەتەوە ڕووی تێدەکات، بۆیە بەدرێژایی مێژوو نەتەوەکان ئایینیان کردۆتە هۆکارێک بۆ خزمەتی دەوڵەت، بەپێچەوانەشەوە ئەو نەتەوانەی دەوڵەتیان خستبێتە خزمەتی ئایینەوە ئەوا ئەو نەتەوانە نە دەوڵەتیان ماوە و نە بوونی خۆشیان وەک نەتەوەیەکی زیندوو لە جیهاندا ماوە.
لێرەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ شۆڕشی فەڕەنسا لە 14ی تەمموزی 1789 ئامانجی سەرەکییان ئەوە بوو کە ئایین و دەوڵەت لە یەکتری جیابکەنەوە، ئەمەش بەو مانایەی کە گەیشتنە ئەو قەناعەتەی نابێت چیدیکە دەوڵەت لە خزمەتی ئاییندا بێت، یان ئایین دەوڵەتی نەتەوەیی ئاڕاستە بکات.
لەسەر ئەم پرەنسیپانە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەر بارودۆخی کوردستان و تەواوی میللەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبینین کێشەی سەرەکیی ئێمە ئەوەیە کە ناتوانین ئایین و دەوڵەت، یان حزبی سیاسی و دەوڵەت لەیەکتری جیا بکەینەوە، ئەمەش کارەساتێکی گەورەی بەسەر کورد و تەواوی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێناوەو ڕێگەی لە پێشکەوتنی ئەوان گرتووە.
بۆ ئێستای کوردستان دەبێت ئامانجی هەرە سەرەکیمان لەوەدا چڕبکەینەوە بەوەی ئامانجی ئێمە پێش هەر شتێکی دیکە درووستکردنی دەوڵەتە، لەبەر ئەوەی دامەزراندنی دەوڵەت مافێکی سرووشتیی گەلی کوردستانە، لەم پێناوەشدا دەبێت هەر بیروبۆچوونێک ببێتە ئاستەنگ لە بەردەم ئەم پڕۆسەیە، ڕەتبکرێتەوە، ئەوجا ئەو ئاستەنگانە بەناوی برایەتی و ئایینی بێت، یان جیاوازی بیروبۆچوونی حزبایەتی، ئەمەش لەبەر ئەوەیە هەموو ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان داگیرکردووە لەژێر پەردەی هاوئایینی و برایەتی کوردستانیان داگیرکردووەو لەپەنای ئەم دروشمانەشەوە کوردیان بە چاوی کۆیلە و هاووڵاتی پلەدوو و میوان لە نیشتمانی خۆی سەیرکردووە.
لەم ڕاستەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو بەگشتی و مێژووی سەرهەڵدانی ئیسلام بەتایبەتی، ئەوا لەو ڕۆژەوەی ئیسلام هاتۆتە وڵاتی ئێمە، گەلی ئێمە گەلێکی موسڵمان بووە، بەڵام لەژێر پەردەی ئیسلامدا لەلایەن عەرەب و فارس و تورکەوە مامەڵەی کۆیلایەتییان لەگەڵ ئەو گەلە موسڵمانە کردووە و هەموو هەوڵیان بۆ ئەوە بووە کە خەبات و مقاوەمەتی دژی کۆیلایەتی و داگیرکاری سەرکوت بکەن و خاکی ئێمەیان بە داگیرکراوی لەژێر دەستی خۆیان هێشتۆتەوە.
بەڵام وێرای ئەوەی داگیرکارانی کوردستان دژی سەربەخۆیی کوردستان هەرچی لەدەستیان هاتبێت درێغیان نەکردووە، لەبەرانبەردا بەدرێژایی مێژوو خەباتی گەلی کوردستان بۆ سەربەخۆیی بەردەوام بووەو ڕانەوەستاوە، بۆیە کاتێک خوێندنەوە بۆ ئەم مێژووە دەکەین، گلەیی و گازندەی خۆمان بۆ نەگەیشتن بەسەربەخۆیی ناخەینە ئەستۆی داگیرکارانی کوردستان، بەڵکوو بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ نەزانیی خۆمان کە نەمانتوانیوە بوونی نەتەوەیی خۆمان بخەینە سەرووی هەر شتێکی دیکە و لە ڕەگ و ڕیشەی ئەو قین و بوغزە تێبگەین کە ڕژێمەکانی عەرەب و تورک و فارس بەرانبەر نەتەوەی کورد هەیان بووە.
لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی و لە پەیماننامەی سیڤەر لە بەندەکانی 62 و 63 و 64 بڕیار لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان درابوو، بەڵام لەبەر نەزانی و نەشارەزایی ئێمە و زیرەکیی دوژمنەکانمان ئەوە بوو لە ڕێککەوتنی لۆزان لە ساڵی 1923 بڕیاری درووستکردنی دەوڵەتی کوردستان لەبار برا.
لێرەدا بە جێگەی خۆی دەزانم ئاماژە بەوە بکەم کە دوای پەنجا ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ڕێککەوتنی لۆزان، ئەو ڕۆژە من و هەڤاڵی بەڕێزم هۆشیار زێباری لە لۆزان بووین، سەرۆکی شارەوانی لۆزانمان بینی و لەو دیدارەدا داوای لێبووردنی لەگەڵی کوردستان کرد بەوەی کە ئەو ڕێککەوتنەی لە شاری لۆزان بۆ لەباربردنی دەوڵەتی کوردستان لە ساڵی 1923 ئیمزاکرا، شارەوانی لوزان لێی بەرپرسیار نییە.
ئەمڕۆ لە سایەی ڕێبازی بارزانی و قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و وەرچەرخان لەسیاسەتی هاوپەیمانان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بارودۆخێکی تازە هاتۆتە پێشەوە، لەم قۆناخە تازەیەدا هەنگاو بەرەو ئەوە هەڵدەگرین کە لە قۆناخێکی سەخت و دژواری کۆیلایەتی دەرباز بین و بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو هەڵبگرین، ئەمجارەیان پرسەکە دیسان پەیوەست نییە بەوەی کە ئێمە وەک کورد قیچێک شارەزا بووین، بەڵکوو بەشی گرنگی ئەم وەرچەرخانە پەیوەندی بە نەزانیی دوژمنەکانی ئێمەوە هەیە، کە هەست بە گۆڕانکارییەکان ناکەن و بە هەمان ئەقڵییەت و سیاسەتی کۆنیان مامەڵە لەگەڵ دۆزی کورد و کوردستان دەکەن و پێیانوایە دەتوانن هەتا سەر بە چاوی کۆیلە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی کوردستان بکەن.
بۆیە ئەوەی ئێمە بەدەستمان هێناوە، بەرهەمی نەزانی و بێ ئەقڵیی دوژمنەکانی ئێمەن، هەر بۆ نموونە ڕژێمی سەدام حسێن کوردستانی کیمیاباران کرد و خەڵکەکەی ئەنفال کرد، ئەمە بووە هۆکاری ئەوەی فیدڕاڵی بۆ کوردستان بێتەدی، لە ساڵی 2014 کاتێک داعش هات، هەموو دەوڵەتانی داگیرکاری کوردستان خواستیان ئەوە بوو کە کورد لەسەر دەستی داعش قڕبکرێت و کچان و ژنانی کورد بڕفێندرێن و وەک کۆیلە کڕین و فرۆشتنیان پێوە بکرێت، بەڵام مقاوەمەت و بەرگریی پێشمەرگە 68 دەوڵەتی لەناو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کردە پشتیوانی کوردستان.
پشتگیریی 68 دەوڵەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە کوردستان تەنیا لەبەر ئەوە نییە کورد نەتەوەیەکی مەزڵوومە و پێویستە پشتگیری لێ بکرێت، نەخێر، لەبەر ئەوەیە کە ئەمڕۆ وەک پاڵەوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەڵاحەدینی ئەیووبی باس لە سەرۆک مەسعود بارزانی دەکرێت و هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک ئەو هێزە سەیر دەکەن کە توانی ئەفسانەی تیرۆریستانی داعش تێکبشکێنێت، کەواتە ئەگەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆک مەسعود بارزانی ئەو هێزە بێت کە داعشی تێکشکاندبێت، ئەوا دوای تەوابوونی شەڕی دژی داعش، مەترسیی تیرۆر و ڕێکخراوی هاوشێوەی تیرۆریستانی داعش تەواو نابێت، لەم چوارچێوەیەدا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ترسیان لە داعشی داهاتوو زیاترە لە مەترسیی داعشی ئێستا.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باش دەزانێت ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، ڕاستە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی و دڕندەیە، بەڵام جۆرە ڕێکخستنێکی هەیە کە دەزانرێت کام ناسنامەی هەڵگرتووە، بەڵام داعشی سبەینێ جۆرێکی دیکە دەبێت و مەرج نییە تەنیا جیهادیی سوننە بن، بەڵکوو لەوانەیە عەرەب، یان فارس، یان تورکیش لەو جۆرە ڕێکخراوەیان تێدا درووست بێت و، هەریەک لەم ڕێکخراوە تیرۆریستییانەش هاوشێوەی داعش مەترسی لەسەر ڕۆژاوا درووست دەکات، ئەوجا بۆ ئەوەی هێزێک هەبێت ڕووبەڕووی داعشەکانی داهاتووش ببێتەوە، ئەوا هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی لە دژی داعش پێشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن. ئەمەش گەورەترین وەرچەرخان و سەرکەوتنە کە لە مێژووی کوردستاندا هاتۆتەدی. هیچ ڕۆژێک لە مێژووی ئێمەدا نەبووە بەو جۆرە هێزێکی وا گەورەی نێودەوڵەتی پشتیوانیی ئێمەو پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان بکەن، لەمەش زیاتر هیچ قۆناخێک لە مێژووی ئێمەدا نییە کە وەک ئێستا داگیرکەرانی کوردستان نەتوانن بەچاوی کۆیلە سەیری ئێمە بکەن، تیرۆریستانی داعش هەوڵیاندا وەک کۆیلە مامەڵە لەگەڵ ئێمە بکەن، لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە تێکشکێندران، خواست و هیوای ئێمە ئەوەیە کە دەوڵەتانی داگیرکاری کوردستان لەوە تێبگەن کە ئێمە دەمانەوێت بە زمانی ئاشتی و دیالۆگ پڕۆسەی سەربەخۆیی کوردستان سەربخەین. ئێمە خوازیاری ئەوە بووین کە سیستمی فیدڕاڵی بۆ دەوڵەتی ئێراق سەرکەوتوو بێت، لەبەر ئەوەی ئەو سیستمە هەم بۆ بەرژەوەندی کورد و هەمیش بۆ عەرەب زۆر باش بوو، بەڵام عەرەبی ئێراق ئامانجیان ئەوە بوو لەژێر پەردەی سیستمی فیدڕاڵی دووبارە بەچاوی کۆیلە مامەڵە لەگەڵ کوردستان بکەن، بۆ ئەمەش بەناوی سیستمی فیدڕاڵییەوە چەندین پەیامیان بۆ ئێمە نارد کە ئەوان کورد وەک کۆیلە سەیر دەکەن، کە دیارتریان بڕینی بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان بوو!
ئێستا 85 دەوڵەت لە جیهاندا سیستمی فیدڕاڵی پیادە دەکەن، ئایا لە هیچ وڵاتیکدا شتی وا هەبووە کە دەوڵەت مووچەی کارمەندەکانی خۆی ببڕێت، تەنیا لەبەر ئەوەی لە نەتەوەیەکی دیکەن؟ کاتێک داعش هێرشی کردە سەر کوردستان، ئایا ئێراق وەک هەرێمێکی فیدڕاڵی مامەڵەی لەگەڵ کوردستان کرد بۆ ئەوەی داعش خاکەکەی داگیر نەکات؟
بۆیە ئێستا ئێمەی کورد و خەڵکی دوڵەتانی جیهان و عەرەبی ئێراقیش دەزانین کە سیستمی فیدڕاڵی لە ئێراق سەرکەوتوو نەبووە و شکستی هێناوە، بۆیە ئێستا کوردستان داوای سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە ئێراق دەکات، لەسەر ئەو بنەمایەشی کە لە دەستووری فیدڕاڵیی ئێراقدا هاتووە، کە پێکەوەژیانی کورد لە ئێراقدا پێکەوەژیانێکی ئارەزوومەندانەیە، بۆیە کاتێک ئەم سیستمە سەرکەوتوو نەبوو، ئەوا ئەو سەردەمەش بەسەر چووە کە کورد ڕازی بێت بەوەی عەرەب وەک کۆیلە مامەڵەی لەگەڵ بکات، بۆیە بڕیاری کۆتایی خۆی دەدات. بۆ ئەم بڕیارەش لە پڕۆسەی ڕیفراندۆم باشتر نییە، لەبەر ئەوەی لەگەڵ دەستووری ئێراق دەگونجێت.
پرسیاری ئێمە ئەوەیە لە میللەتی خۆمان دەپرسین: بڕیاری سەربەخۆیی دەدەن، یان لە ئێراقدا دەمێننەوە؟ ئەمەش هەم بۆ میللەتی ئێمە باشە و هەم بۆ میللەتی عەرەبیش و کێشەکە یەکلایی دەبێتەوە.
بەڵام ئەوە بەشێک لە شۆفینیزمی عەرەب یان ئێرانە کە سەبارەت بەم پڕۆسەیە دەڵێن، ئێمە نە بە ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم و نە بە سەربەخۆیی کوردستان ڕازی نابین! پرسیار ئەوەیە ئایا ئەمە بەدبەختی ئەوان نییە؟ میللەتێک کاتێک بیەوێت لەگەڵ تۆ پێکەوە بژی، یان جیابێتەوە، ئەمە دژایەتی دەوێت، بەڵام دەبێت باش بزانن میللەتی کوردی ئەمڕۆ، میللەتەکەی دوێنێ نییە، ئەمڕۆ 68 دەوڵەت پشتیوانی دەکەن بۆ سەربەخۆیی و ناتوانن دژایەتی پڕۆسەی سەربەخۆیی بکەن.
لەناو ئەم چوارچێوەیەدا هەندێک کەس و لایەن لە ناوخۆدا هەن، بە هاندانی دەوڵەتانی دەوروبەر دژایەتی ڕیفراندۆم و پڕۆسەی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، من بۆ ئەو کەس و لایانانە دڵم دەسووتێ و پێیان دەڵێم ئەگەر ئەو دەوڵەتانەی ئێوە هان دەدەن خۆیان نەتوانن دژایەتی پڕۆسەی سەربەخۆیی کوردستان بکەن، ئێوە چۆن دەتوانن دژایەتی سەربەخۆیی کوردستان بکەن؟
بۆیە ئێستاش ئێمە تورک و عەرەب و فارس بە برای خۆمان دەزانین و دەمانەوێت ئەوانیش تێبگەن و سەربەخۆیی کوردستان لە دژی خۆیان نەبینن و ئەوەی دەیکەین مافی خۆمانە و دەمانەوێت پێکەوە دراوسێیەکی باش بین بۆ یەکتری.
لەدوماهیدا دیسان دووبارەی دەکەمەوە، لە ئێستا سیاسەتی ئیدارەی ئەمریکی بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ و سیاسەتی ڕووسیا بە سەرۆکایەتی پۆتین و سیاسەتی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی نەتانیاهۆ، هەوڵدانە بۆ داڕشتنەوەی هاوکێشەیەکی تازە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بەرەو ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ هەنگاو هەڵدەگرن، کە یەکێک لە دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ دەوڵەتی کوردستانە.[1]