$هۆتێلێکی پێنج ئەستێرە بۆ من$
#هیوا جەمال#
#06-05-2020#
ئێستا لە پارێزگای دهۆکم، بەدیاریکراوی لەنێو شاری دهۆک، ئەوەی بەچاوی خۆم دەیبینم، تەنیا لە فیلمدا بینومە، ڕەنگە زۆربەتان لەو فیلمانەتان دیبێت کاتێک تەنیا کەسێک لە هۆتێلێکی گەورەدا دەمێنیتەوە، هەموو ژوورەکان داخراون، ئاسانسۆر لە جووڵە کەوتووە، ڕیستۆرانت و کافێیەکان پڕن لە کورسی و مێزی بەتاڵ، ئامێرەکانی قاوە درووستکردن بێکارن، بەفرگرەکان بەتاڵن، ڕووناکی کوژاوەتەوە، هۆڵی وەرزش تەنیا ئاسن و ئامێری تێدایە، مەلەوانگە و ساونا کپ و بێدەنگ، خامۆشی هۆڵی پێشوازی داگرتووە.
لەو هۆڵە بێدەنگەدا پەیکەری پیاوێکی گیتار بەدەستی لێیە، بەتانیا خۆی، دەستی لەسەر ژێی گیتارەکە وشکبووە. لێتانناشارمەوە هەندێک سامناکە. لەو هوتێلە گەورەیەدا کاتێک هەموو ژوورەکان چۆڵن و کارەبای نیشتمانی دەبڕێت، لەو تاریکیییەدا لەپڕ زەنگی تەلەفۆن لێدەدات، تەنیا کوڕەکەی هۆڵی پێشوازی تەلەفۆن دەکات و دەڵێت مامۆستا پێویستت بە کارەبایە؟ موەلیدەت بۆ کارپێبکەین؟ منیش بە شەرمێکەوە دەڵێم بەڵێ. ناهەقی نییە، موەلیدەیەکی گەورە کە بۆ هۆتێلیک دانراوە دەبێ 100 کەسی تێدابێت، ئێستا بۆ یەک میوان دەیخاتەکار، هەر کاژێرێک دەیان لیتر گازوایلی دەوێت.
کۆرۆنا زۆربەی کەرتەکانی پەکخستووە، بەتایبەت کەرتی گەشتیاری، لەوکاتەوەی ڕێوشوێنی بەرنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستی پێ کردووە، کەرتی گەشتیاری بەتەواوی پەکیکەوتووە، وەک بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزای ئەم پارێزگایەی هەفتەیەکە منی لێم وتی هیچ گەشتیارێک نەهاتووە.
لە پارێزگای دهۆک 824 بنکەی گەشتیاری هەن، (بنکەی گەشتیاری بەهەموو ئەو شوێنانە دەگوترێت کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە مۆڵەتیان پێدراوە وەک کافتریا، هۆتێل، مۆتێل و ئەوانیدیکە) . بەگوێرەی خەمڵاندنێکی گەشتوگوزاری پارێزگای دهۆک تەنیا بنکەکانی گەشتیاری لە ماوەی یەک مانگدا لە 10-03 بۆ 10-04 سێ ملیار و 600 ملیۆن دیناری زیانی داراییان بەرکەوتووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی پێشوو بە تێکڕا مانگانە لەم وەرزەدا زیاتر لە 150 هەزار گەشتیار ڕوویان لە دهۆک کردووە، بەڵام ئەمساڵ و بەدیاریکراوی لەم مانگەدا هیچ گەشتیارێک نەهاتووە.
لە ماوەی سێ مانگی کۆتایی 2019 کە وەرزی سەرما و کەمی گەشتیارە، 316 هەزار و 184 گەشتیار ڕوویان لە پارێزگای دهۆک کردبوو، ئەوە جگە لە شاندی دیپلۆماسی، ڕێکخراوەکان. گەشتیاری ناوخۆیی هەرێمی کوردستان، شۆفێران و ئەوانەش کە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل هاتوون، هەژمارنەکراون. هەروەها نزیکەی 75%ی ئەو ژمارەیە لەنێوەڕاست و باشووری ئێراق هاتوون و. 25%ی گەشتیاری دەرەوەی ئێراقن. بەگوێرەی خەمڵاندنێکی دەستەی گشتی گەشتوگوزار ، هەر گەشتیارێک کە تەمەنی گەیشتبێتە 18 ساڵ، ڕۆژانە نزیکەی 300 دۆلار خەرجدەکات، ئەوە ئەگەر گەشتیارە لەنێوەڕاست و باشووری ئێراقەوە بێت، بەڵام گەشتیاری دەرەوەی ئێراق ڕۆژانە 1000 دۆلاریان خەرجدەکرد. بەگوێرەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردوو تەنیا پارێزگای دهۆک نزیکەی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار زیانی هاتنی گەشتیاری بەرکەتووە.
ئەو هۆتێلەی منی لێم، نزیکەی 100 ژوور و سویت و سێ ڕیستۆرانتی هەیە، بەردەوام 45 ژووری پڕبوو لە میوان، هەر میوانێک بە تێکڕا 100 دۆلار خەرجیی هەبوو، هوتێلەکە لەنێوان 75-80 کارمەندی هەبوو، هەر کارمەندێکی بە تێکڕایی 500 دۆلار مووچەی بوو. ئێستا کەمتر لە 10 کارمەندی ماونەتەوە. وەک بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری دهۆک دەڵێت هوتێلەکان دەرگاکانیان کراوەن بەڵام هیچ گەشتیارێک نییە.
ئەوە تەنیا یەک هوتێلە هێندە زیانی بەرکەوتووە، لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستان (625 هۆتێل، 370 مۆتێل، 80 گوندی گەشتیاری) هەن.
هەرچەندە هێشتا هیچ بڕیارێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە بۆ قەرەبووی زیانەکان یان لێخۆشبوونی باج و ڕسومات.
ئێستا ئەم هوتێلە پێنج ئەستێرە گەورەیە تەنیا منی تێدام، لە ژووری 114. [1]