من خەڵکی دنیا نیم
مەکە، مە... با یەخەی عەشق بگرم
با بگلێم، لە خوێنا بگەوزێم، جا بمرم
ئەم زامە ناسۆرە، کەم دەستی تێوەردە
با هەر داپۆشراو بێ لە دڵما ئەم دەردە
چی خەمی دنیایە، لە دڵما وەک پوورە
گاز ئەگرن لە ڕۆحم، خێڵی ژەنگەسوورە
مەکە، مە... با هەر خۆم بزانم کوێم ئەیشێ
پەتایە تۆش ئەگرێ، بڕۆ مەیە پێشێ
لەگەڵ هەر وشەیەک لە دڵم هەڵئەقوڵێ
دڵۆپێ فرمێسکە بڕوانە چۆن ئەکوڵێ
مەکە، مە... دەس مەدە لە ڕازی خوداییم
با نەڕمێ قەڵاچەی خەڵوتی تەنیاییم
با نەشکێ شەقڵی ئەم ئازارە شیرینە
با نەڕژێ یەکجاری ئەم دەریا ئەسرینە
عەشقێکی پیرۆزە بانگ ئەکا و ڕۆح ئەچڕێ
گیانم وەک دڵۆپێ بۆ دەریا هەڵئەفڕێ
دەریایەک پاپۆڕی خەمی تێیا نوقم بێ
بەستەڵەک بشکێنێ توێنەری زوقم بێ
دەریایەک ئارامش ببەخشێ بە تاسەم
بۆ ئەبەد بمرێنێ هەنسک و هەناسەم
مەکە، مە...، گیانەکەم، ئیتر من ڕەوتەنیم
دەستم لێ هەڵبگرە، من خەڵکی دنیا نیم
سەرچاوە: #زڕەی زنجیری وشە دیلەکان# [1]
هۆزانەوان: #جەلال مەلەکشا#
سەرچاوەی دەق: ڤەژینبوکس [2]