دواڕۆژ، #زریان محەمەد# - ڕاپۆرت
سەرەڕای ئەو ڕێژە زۆرەی ئۆتۆمبێل کە لە شارەکانی کوردستاندا هەیە، بەڵام خواست لەسەر ئۆتۆمبێل بەردەوام ڕوو لەزیاد بوونەوە و بەردوام پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل جمەیان دێت، هاوڵاتیان بەدوای ئۆتۆمبێلدا دەگەڕێن.
لە شاری #سلێمانی# دوو جۆر پێشانگای گەورەی کڕین و فرۆشی ئۆتۆمبێل هەیە، پێشانگاکانی ناو شاری سلێمانی کە پێی دوترێت (مەعرەزەکان) کە دەکەوێتە درەوازەی شاری سلێمانی و ئۆتۆمبێلی تیایدا دەفرۆشرێت نرخیان لە 10 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات تا 90 هەزار دۆلار و بەرەوژوور، ئەوی دیکەیان پێشانگای (علوجەکان) دەکەوێتە سەر ڕێگای سلێمانی تاسڵوجە، لەوێدا ئۆتۆمبێل بەنرخی مۆبایلێک تا دەگاتە 50 هەزار دۆلار.
سەرکان ئەنوەر، لەپێشانگای کوردستان لە پێشەنگای (علوجەکان) بەدواڕۆژی ڕاگەیاند لە ئێستادا کڕین و فرۆشتن لە علوجەکان باشە بەهۆی هەرزانی لەنرخدا، چونکە هەمان جۆری ئۆتۆمبێلە کە لە مەعرەزەکانی سلێمانی هەیە، لە علوجەکان کاتێک ئۆتۆمبێلێک دەفرۆشرێت بە کڕیار و فرۆشیار 50 دۆلار دەدرێت بە ئەنجامدەری گرێبەستەکە، بەڵام لە مەعرەزەکانی سلێمانی 150 دۆلارە، بۆیە خەڵک دێتە لای ئێمە.
لە علوجەکان بەشێک هەیە پێی دەوترێت هەڕاجەکان لەوێدا ئۆتۆمبیلەکان مامەڵەیان پێوەدەکرێت بە نرخێکی زۆر هەرزان هەندێکجار بە مۆبایلێکی 200 دۆلاری ئۆتۆمبێلێک دەفرۆشرێت.
سۆران کەریم، لە هەڕاجەکەی ئۆتۆمبێلی علوجەکانی سلێمانی بەدواڕۆژی ڕاگەیاند ئێرە پێی دەوترێت بەشی هەڕاجەکە دەکەوێتە خواروی مەعرەزەکانی علوجەکان سەیارەی تیایە لە نرخی 2 هەزار دۆلارەوە بۆ 400 دۆلار و کەمتر، و حاڵەت هەبووە سەیارە گۆڕدراوەتەوە بە مۆبایلێک، من سەیارەیەکی جۆری بەڕازیلی 1984برد بۆ هەراجیەکە بە 375 هەزار دینار فرۆشرا.
لەبارەی هۆکاری هەرزانی نرخی ئەم ئۆتۆمبێلانە سۆران دەڵێت هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەسانەی دێن پارەیەکی کەمیان پێیە یان هەیە وەستاو کرێکارن لەجیاتی ماتۆڕ سکیل بکڕن ئەوە دەکڕن و کاری خۆیانی پێ ڕای دەکەن و کوالێتی ئەو سەیارانەش نزمە و پێویستیان بە چاکردنەوە و خەرجی هەیە جا هەر سەیارەیەک کە دەفرۆشرێت دەڵێن بەشەرتی(قوڕ) واتا هەرچیەکی بێت ئەو کەسەی دەیکڕێت دەبێت چاکی بکات.
ئەم ئۆتۆمبێلانە کێشەشیان هەیە لەگەڵ پۆلیسی هاتوچۆدا چونکە مەرجەکانی توندو تۆڵیان وەک ئەوەنیە کە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ داندراوە.
کاروان محەمەد، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی لە لێدوانێکیدا بۆ دواڕۆژ دەڵێت هەر ئۆتۆمبێلێک گرفتی یاسای نەبێت و ئێمە مامەڵەکانی بۆ دەکەین و هەر ئۆتۆمبێلێک گرفتی یاسای هەبێت لەگەڵ مەرجەکانی هاتوچۆ یەک نەگرێتەوە هیچیان بۆ ناکرێت.
ئۆتۆمبێلی علوج لەدوای پرۆسەی شەڕی عێراق هاتە ئاراوە کاتێک ئەمریکا هێرشی کردە سەر عێراق و ڕژێمی بەعس ڕوخا زۆریک لە ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە هاتنە کوردستان و بەنرخی هەرزان دەفرۆشرا و ناویان لێنرا علوج، پاشان هاتوچۆی هەرێم ژمارەی دابەو ئۆتۆمبێلانە و هەتا ئێستاش ئەو ئۆتۆمبێلانە بوونیان هەیە و پێی دەوترێت ئاڕم.[1]
#16-03-2018#