ناو: مستەفا
نازناو: مستەفا پێنجوینی
ناوی باوک: مەحموود موستەفا
ساڵی لەدایکبوون: 1930
ڕۆژی کۆچی دوایی: #13-07-2022#
شوێنی لەدایکبوون: #پێنجوین#
شوێنی کۆچی دوایی: #سلێمانی#
$ژیاننامە$
٭ ناوی تەواوی مستەفای کوڕی مەحموودی کوڕی مستەفای کوڕی ئەحمەدە، لە ساڵی (1930) لە شارۆچکەی (#پێنجوێن#) لە دایک بووە، لە تەمەنی منداڵیەوە دەچێتە قوتابخانە و لە پۆلی سێ دا واز دەهێنێ و دەچێتە حوجرە و سەرەتا لە خزمەت (مامۆستا مەلا ئیسماعیل بانەیی) زۆرێک لە کتێبەکانی (نەحو، سەرف) دەخوێنێت تا دەگاتە کتێبی (جامی)، زۆر لە خزمەت ئەم زاتەدا ماوەتەوە، وەکوو مامۆستا خۆی دەگێڕێتەوە :
لەو یادگاریانەی لە خزمەت مامۆستا مەلا ئیسماعیلدا هەمە کە (پێکەناویشە) ڕۆژێک هاتینە مزگەوت و ویستمان زۆپای مزگەوتەکە دابگیرسینین، مامۆستا فەرمووی من کاغەزێک هەڵدەکەم و تۆش نەوتی پێدابکە، سەری برده پێشەوە و منیش نەوتم پیاکرد، یەک گرمەی کرد و مامۆستای چەند مەترێک فڕێدا و خوا ڕەحمی کرد نەسووتا !...
پاشان هەر لە (پێنجوێن) لە خزمەت مامۆستا (مەلا محەمەد ئەمین) کتێبی (منهاج)دەخوێنێت..
دوای ئەوە ڕۆشتووە بەرەو شاری (#مەریوان#) و لە گوندی (ئەسراوا) لە خزمەت مامۆستا (مەلا فایەقی بالک)یدا کە موجازی (مامۆستا مەلا باقر) بووە جێگیر دەبێت، نزیکی ساڵێک دەمێنێتەوە و پاشان دەچێتە گوندی (ڕەشەدێ) لە خزمەت موستەعیدێکی (مامۆستا مەلا سەعید)دا بە ناوی (مەلا عەلی خانم) ماوەیەک کتێبی (سیوطی) دەخوێنێت و پاشان دەچێتەوە بۆ پێنجوێن.
٭ پاشان لە پێنجوێنەوە لە ڕۆژێکی بەفردا سەر لە بەیانیەکەی بەڕێدەکەوێت بەرەو قزڵجە و ئێوارە دەگاتە ئەوێ و شەو لەوێ دەمێنێتەوە و پاشان بەرەو (شێخەڵمارێن) و دەچێتە خزمەت مامۆستا (مەلا محەمەدی شێخەڵمارێن) و ماوەی دوو ساڵ دەمێنێتەوە.
ئەوەی دیوێتی وەکوو یادگاریەک لە خزمەت ئەم زاتەدا دەگێڕێتەوە: کە مامۆستای شێخەڵمارێن زاتێکی زۆر پاک زۆر ساڵح و ڕۆحانی بوو، زۆرجار کە دەچووینە سەر قەبرستان ئیشارەتی دەکرد بۆ قەبرێک و دەیوت: ئەمە ئێستا سزادەدرێت با دوعای بۆ بکەین، زۆریش ڕاستگۆ و حەق گۆ بوو سڵی لە هیچ شتێک نەدەکردەوە.
دەڵێت: پاشان من نەخۆشییەکی زۆر ناخۆش و قورسم گرت و لەجێدا کەوتم! چاوەڕوانی مردنم دەکرد، فەقێیەکی سوختەیشم هەبوو، جا خەوێکم بینی لە خەوما کۆمەڵێک کۆببوونەوە وتم: ئەو کۆمەڵە کێن؟ وتیان ئەو کۆمەڵە لە خزمەت پێغەمبەر(د.خ.) کۆبوونەتەوە، منیش ئەو فەقێیەم نارد وتم: بچۆ عەرزی پێغەمبەر بکە (د.خ.) با ئەویش عەرزی خوا بکات من تاکەی ئاوا نەخۆش ئەبم و ئەکەوم؟
بۆ نوێژی بەیانی مامۆستای شێخەڵمارێن کە هات بۆ مزگەوت پێش ئەوەی دەستنوێژ بشۆرێ، بە منی وت: مەلا مستەفا!
وتم : بەڵێ.
وتی: بەرقیەکەت گەیشت.
ئیتر ئەو نەخۆشییە لە مندا باریکرد و ڕۆشت، هەرگیز ئەو نەخۆشیەشم نەدیوەتەوە.
٭ پاشان گەڕاوەتەوە شاری (سلێمانی) ئیتر چۆتە گوندی (چنگیان) بۆ خزمەت (مامۆستا مەلا عارفی چنگیانی) لە خزمەت (مەلا حەسەنی هیندی) کە ئەو کات موستەعید بووە دەخوێنێت، ئیتر کاتێک لە چنگیان بووە بیستوویەتی کە دایکی نەخۆشە لە (سلێمانی)ە و لە خزمەت مامۆستا (مەلا حەسەن) دا ڕێدەکەوێ بەرەو سلێمانی و سەردانی دایکی دەکات، هەر ئەو ڕۆژە دایکی لەگەڵ باوکیدا دەگەڕێتەوە بەرەو پێنجوێن و لە ڕێگادا وەفات دەکات.
٭ دووبارە چووەتەوە (شێخەڵمارێن) و دوای مودەتێک ڕوویکردۆتەوە پێنجوێن و لە خزمەت (مەلا نەجمەدین) کوڕی مامۆستا (مەلا قادری میشاو) بەرەو (میشاو) بەڕێکەوتووە و کتێبی (حسام کاتی) لە خزمەتا دەخوێند، پاشان چۆتە خزمەت مامۆستا (مەلا عەبدوڵڵا) بۆ گوندی (وێنە) و کتێبی (فەنناری) دەخوێنێت.
٭ پاشان دەچێتە گوندی (دارۆخان) و لە خزمەت (مامۆستا مەلا ڕەحیمی قازی) کە موجازی خواهرزاد (مەلا موحەمەدی قازی) بوو، کتێبەکانی (آداب البحث والمناظرة) و (العقائد النسفیة) دەخوێنێت بە حاشیەکانی (عەبدولحەکیم و خەیاڵی)وە، پاشان بەرەو (#بۆکان#) دەڕوات و لە گوندی (حاجی کەند) لە خزمەت مامۆستا (مەلا موحەمەدی کوڕی مەلا عەلی حەمامیان) دادەمەزرێت و کتێبی (گلنبوی بورهان) دەخوێنێت.
٭ پاشان دەچێتە ناوچەی (بانە) و لە گوندی (نجنێ) لە خزمەت مامۆستا (مەلا عەبدوڵڵا کەشێنی) کتێبەکانی وەک (تهذیب الکلام، آداب البحث والمناظرة) دەخوێنێت.
خۆی دەگێڕێتەوە: لە ژیانمدا وێنەی وەک مامۆستای کەشێنەییم نەدیوە لە زانست و خوێنەواریدا.
پاشان لە ساڵی (1956)دا دەگەڕێتەوە بۆ (#هەڵەبجە#) بۆ گوندی (پریس) بۆ خزمەت مامۆستا (مەلا عوسمان عەبدولعەزیز) و مودەتێک دەمێنێتەوە.
خۆی دەگێڕێتەوە: ڕۆژێک دەرسمان دەخوێند من ڕیشم زۆرتر و درێژ بوو خەڵکی هانەسوورە کە بەوناوەدا دەڕۆشتنەوە بۆ (هانەسوورە) وایان دەزانی من دەرس بەو دەڵێم، منیش جارێک وتم: هۆ خەڵکی (هانەسوورە) ئاگادار بن ئەو پیاوە مامۆستای منە و ئەو دەرس بە من دەڵێت، پاشان ڕوومکردە مامۆستا و وتم: دڵت مورتاح بوو؟!.
٭ پاشان لە ساڵەکانی (1959-1960) دەچێتە بەغدا و بۆ بارەگای گەیلانی.
خۆی دەگێڕێتەوە: بەرگێکی کتێبی (توحفەی ابن حجر)م پێبوو و چوومە خزمەت مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕیس و کتێبەکەم دانا و کەوتینە گفتوگۆ، مامۆستای مودەڕیس شەرح و تەفسیری عیبارەتێکی کرد و منیش بە ئەدەبێکەوە وتم: مامۆستا ئەمە ناگونجێ، من ئەمویست حوجەتێکم دەست بکەوێت کە قانیع بێت و ئیجازەم بداتێ وتی: ئادەی بیخوێنەرەوە، خوێندمەوەو وەری گرت دوو وشەی لەسەر نووسی دیسان وتم: مامۆستا گیان ئەمەش هەر ناگونجێ تەماشای کرد و وتی: ڕاست دەکەیت، تۆ تامی یەکێک دەدەیت کە کاتی خۆیی لە بیارە دەرسم پێدەوت زۆر زیرەک بوو!
منیش وتم مامۆستا گیان دەی من هاتووم و ئیجازەیەکم پێ بدەیت، وتی: باشە بەڵام سبەینێ وەرەوە بۆ لام!
بۆ سبەی کە چوومەوە ئیجازەکەی ئامادە کردبوو بە دەستوخەتی خۆی هەمووی بۆ نوسیبوومەوە و پێی دام.
٭ پاشان چۆتە شاری (موسڵ) لە مزگەوتی نەجیب جادر بۆتە ئیمام، پاشان ساڵی (1959) بۆ تەواوکردنی خوێندن چووەتە وڵاتی (میسر)و لە کۆلێجی شەریعە و یاسا لە زانکۆی (ئەزهەر) و لە ساڵی (1961) دەستی پێکردووە و لە ساڵی (1965) تەواوی کردووە، پاشان گەڕاوەتەوە (موسڵ).
پاشان چۆتەوە بۆ (ئەزهەر) بۆ خوێندنی ماستەر و تا ساڵی (1978) هەر لەوێ دکتۆراکەشی تەواو کردووە، ناونیشانی ڕیسالەی دکتۆراکەی (مختصر من قواعد العلاني وکلام الأسنوي) کە پێکهاتووە لە دوو بەرگ و (1306) لاپەڕەیە. له ساڵی (1984) لە موسڵ چاپ کراوە.
٭ لە وڵاتی (قەتەر) نیشتەجێ بووە و زوو زوو سەردانی کوردستانی کردووە و زاتێکی تەواو شارەزا و خوێندەوار و خواناس و بەهیممەت و خاوەنی چەندین نووسین و شەرح و پەراوێزی سەر کتێبەکانی وەکوو (جمع الجوامع) و (گلنبوی آداب) و چەندینی تر، وە هاوسەرەکەی ناوی (عەتیە) بووە، و باوکی یەک کوڕ و چوار کچە.
لە ڕێکەوتی #13-07-2022# لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کردووە. [1]