300 دەفژەن بەرهەمەکانیان پێشکەش دەکەن
سنە
دەیەمین فێستیڤاڵی دەف نەوای ڕەحمەت لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد، بڕیارە چوار ڕۆژ بەردەوام بێت. لەم فێستیڤاڵەدا زیاتر لە 300 دەفژەن لە سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها لە هەرێمی کوردستان و ئەفغانستانەوە بەشدارن. شاری سنە لە لایەن یۆنسکۆوە وەک شاری داهێنەر لە بواری مۆسیقای و پایتەختی دەفی جیهان ناسراوە.
مەسعوود مرادی، سەرپەرشتیاری گرووپی دەف نەوای ڕەحمەت بە کوردستان24ی ڕایگەیاند: فێستیڤاڵەکە چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت. لە ماوەی ئەم چوار ڕۆژەدا زیاتر لە 300 دەفژەن لە سەرانسەری ئێران و هەرێمی کوردستان و ئەفغانستانەوە لەم فێستیڤاڵەدا بەشدار بوون، بەرهەمەکانی خۆیان پێشکەش دەکەن.
ئەسما گوڵنەما، ژەنیاری دەف یەکێکە لە بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە و گوتی: من لە شاری زاهیدانی پارێزگای سیستان و بەلووچستانەوە هاتووم و یەکەمجارە لەم فێستیڤاڵەدا بەشدار دەبم. هەستێکی زۆر خۆشم هەیە لەوەی لێرە زۆر مامۆستام دیت، کە پێشتر تەنیا لە دوورەوە دەمدیتن. لێرە گەورەیی دەف لە نزیکەوە دبینین. هیوادارم جارێکی دیکە بتوانم بەشدار بکەم.
یەکێکی دیکە لە بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە بەناوی کیمیا ئەکبەرپوور، ژەنیاری دەف ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئێمە ئەندامی گرووپی ئاوینین لە شاری یەزدەوە هاتووین. گرووپی ئێمە پێشتریش لەم فێستیڤاڵەدا بەشدار بووە، بەڵام من خۆم یەکەمجارە بەشداری دەکەم، زۆر خۆشحاڵم کە ئامێرێکی ڕەسەنی وەک دەف کە ئامێرێکی عیرفانیی خانەقاکانە، ئاوا لە فێستیڤاڵەکاندا بەشێوەی زانستی دەناسێنرێ و ڕەسەنایەتییەکەشی دەپارێزن.
بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵەکە لە ماوەی چوار ڕۆژدا و لە سینەما بەهمەنی سنە بەڕێوە دەچێت. بەشداربووان لە چوار بەشی پشبڕکێی گشتی، تاکژەنی، گرووپژەنی و مەولوودی خوێنیدا بەرهەمەکانیان پێشکەش دەکەن.
شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەلایەن ڕێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک شاری داهێنەری مۆسیقا ناسراوە. لەم شارەدا هەموو ساڵێک چەند ڕێوڕەسم و فێستیڤاڵی تایبەت بە دەفژەنی بەڕێودەچێت، و هەر بۆیەش نازناوی پایتەختی دەفی جیهانی پێدراوە.[1]