$زانستی مرۆڤ و زانستی خودا!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
پەیامی دینی و میتۆدۆلۆجیای زانستی دوو شتی تەواو جیاواز و لێکدابڕاون، دەشێت هەندێ جار یەکتربڕ و خاڵی هاوبەشیشیان هەبێت، بەڵام هەرگیز نابنە بەدیل و وتەبێژی یەکدی. هەروەکچۆن دین ناتوانێت ببێتە بەدیلی جوگرافیا و ئابووری و ئاناتۆمی و ڕوەکناسیی، لەئەساسدا بۆ ئەوانە نەهاتووە، بەهەمان شێوەش ناتوانێت ببێتە بەدیلی کۆسمۆلۆجی و ئەستێرەناسی و سیاسەت. بەیەک وشە پەیامی دینی ئامانجدارە، بەڵام لەڕاستیدا زانست و لانی کمی زانستی مۆدێرن بێ پەیامە، هەر ئەم بێ پەیامیەشێتی وایکردووە ئامانجی نەبێت.
کەلامی خوا کەلامێکی لاهووتییەڕادەستی ئێمە و زانستەکەی مێشکمان نابێت، دەشێت ئاڕاستەی بکات بەڵام نایجەڕێنێت بۆ بەرژەوەندی خۆی، خودا لە چوارچێوەی بەرژەوەندیدا پێویستی بەوە نییە خۆی بۆ ئێمە بنوێنێت. خودای ئیمان و خودای ژیری دوو خودای زۆر جیاوازن. میتۆدۆلۆجیاکانی ژیری بەرژەوەندیخوازنەن زیاتر. ئەستێرەناسی قورئان زۆر جیاوازە لەوەی زانست، ئەستێرەناسییەکەی قورئان ئەستێرەناسییەکی شاعیرانەو عاریفانەیە نەوەک ئەزموونی بێت وەک ئەوەی گەردوونناسی و ناسا و ئیبن هیسەم و جەیمس وێب دەیکەن و کردوویانە.ئەستێرەناسی قورئان زایاتر ئامانج و مەبەست لێی گەڕانەوەیە بۆ گەردوونەکەی نێو ناخی خۆمان لە ڕێگای ئەو گەردوونانەوە، نەک بێت ئەوەی دەرەوە شیتەڵ بکات. هەرچی زانست هەیە زیاتر سەر بەجیهانی ناسوتە، واتە سەر بەعەقڵە.
گەر بە گەردوونەکەی دەرەوە بشگەین بە خودا، ئەوا نوێژ و دوعاکان وەک بێگار و ئەرک خۆیان دەردەخەن بۆ ئێمە ئەگەر بشیانکەین. بەڵام کاتێک لەوەی ناوەوە پێی دەگەین خۆبەخۆ وەک کانیاو لێمان هەڵدەقوڵێن. دەبێ ئەوە ڕوون .
لاهوت و ناسوت ڕێگری لێک ناکەن لەوەی لە مێشک و دڵێکدا پێکەوە بە کزی بگڕێن، هەم گەرمی پێبدەن لاهوت هەمیش ڕووناکی بکەنەوە ناسوت، ئەوەی مەترسیدارە ئەوەیە ئاگرە لاهووتییە نەگۆڕەکەی دڵ بکەیتە بەدیلی ئاگرە ناسووتییەکەی مێشک یان بە پێچەوانەوە. لەم حاڵەتەدا ئەویشت دەچێ و ئەمیشت دەچێ. لە ئەگەری ناسووتاندنی لاهوتدا مرۆڤ دەبێتە خودا و فیرعەون، لەئەگەری لاهووتاندنی ناسوتیشدا خودا وەک خودایەکی بێفۆڕم و ناشێوە نامێنێت و دەبێتە مرۆڤ. [1]