ئەحمەد حەسەن ماوەی (39) ساڵە ناووکی خەڵک دەهێنێتەوە.
نووسین و ئامادەکردنی: کرێکار قادر ڕووستایی
مام ئەحمەد ڕووستایی، لە ساڵی 1952 لە گوندی ڕووستێ، لە دەڤەری باڵەکایەتی لەدایک بووە، مام ئەحمەد لە تەمەنی لاویدا بەردەستی باوکی کردووە، بۆیە باوکی( مام حەسەن)، داوای لێدەکات فێری ناووک هێنانەوە بێت، باوکی مام حەسەن، فێری ناووک هێنانەوەی دەکات، کاتێ خەڵکی سەردانیان کردووە بۆ ناووک هێنانەوە، مام ئەحمەد، سەیری دەستی باوکی دەکات و لە باوکییەوە فێری ناووک هێنانەوە دەبێت.
مام ئەحمەد حەسەن کەسێکی دیندار و دەم بەزیکرە و ئەهلی مزگەوتە و ڕۆح سوک و خۆشەویستە لەناو خەڵکیدا، مام ئەحمەد دەڵێت: خەڵکی سەردانم دەکەن لەماڵەوە ناووکیان دەهێنمەوە و زۆر کەس هاتوون دەڵێن: سەردانی چەند دکتۆرێکمان کردووە و ئەوان، دەرمانیان داوە بە ئێمە بەڵام هیچ ئازارێکی زگئێشەی ئێمەی کەم نەکردۆتەوە، بەڵام دوای ناووک هێنانەوە خوای گەورە شیفای بۆ ناردوون سوپاس بۆ خوای گەورە.
مام ئەحمەد لە ماڵی خۆیدا، خەڵکی سەردانی دەکەن، زۆر جاریش دێنە دوای و دەچێتە ماڵی نەخۆشەکان.
مام ئەحمەد دەڵێت: من لەبەرانبەر ناووک هێنانەوە هیچ بڕە پارەیەک و هیچ شتێک وەرناگرم و کاروکاسبی پێیەوەناکەم، تەنیا لەبەر خاتری خوا گەورە دەیکەم و دەستی خۆمم کردوون بە خێر و وەسیەتی باوکی ڕەحمەتیمە و ئەو فێری ناووک هێنانەوەی کردووم، بۆیە من تەنیا دوعای خێرم لە خەڵک دەوێت، کاتێ دێن بۆ لام و سەردانم دەکەن، خوای گەورە هەموو لایەک سەلامەت بکات. [1]