لە ڕۆژی #26-07-1899# لە شاری نەجەف لە خێزانێکی ئایین پەروەر لە دایک بووە، ئەو شارە بەوە ناسراوە کە بنکەی ڕۆشنبیری ئایینی بووە، چەندین بازاڕی پەڕتووک و دەزگای ڕۆشنبیری و کۆمەڵەی ئایینی و حزبی سیاسی لێ بووە، باوکی یەکێک بووە لە زانا ئایینیەکانی ئەو شارە، حەزی کردووە کورەکەشی (جەواهیری) هەرلە منداڵییەوە لە کۆرو کۆبوونەوەی زانایان نزیک بێت و هەوڵی داوە فێری خوێندنەوەی قورئانی پیرۆزی بکات و پێی لەبەربکات، چەندین پەڕتووکی بەنرخی لە بەردەم داناوە تا زوو زمانی بە گەوهەر و زمان و ڕەوانبێژی و شیعری شاعیرانی عەرەبی ببێژ ێت، باوکی هەرجارێک شیعرێکی کلاسیکی پێ لە بەر بکردایە لیرەیەکی وەک پاداشت دەدایە جەواهیری، وای لێهاتبوو تەنیا بە چەند سەعاتێک شعرێکی جاهیلی 450 دێری لە بەر دەکرد بێ ئەوەی لە ڕووی زمانەوانی هەڵە بکات، باوکی حەزی دەکرد ببێت بە زانایەکی زمانەزانی یان نووسەرێک، بەڵام مەیلی شیعری و حەز و خولیای بۆ شیعر پارسەنگی بۆ شیعر نووسین خوار کردەوە، ساڵی 1917 باوکی کۆچی دوایی دەکات، پاش ئەو کۆستە گەورەیە محەمەد مەهدی جەواهیری بۆ زیاتر وەرگرتنی زانست و دەوڵەمەند بوونی بە چەمکی چەندین جۆر مەعریفە، ڕووی کردە خوێندنەوەی پەڕتووکەکانی فەلسەفەو چەندین جۆری شیعری کلاسیک و نوێ، لە ساڵی 1920 بەشداری لە شۆڕشی بیست دەکات، لە سەردەمی مەلیک فەیسەڵ شای ئێراق عەمامە لەسەر دەکات و چەند وەزیفەیەک وەردەگرێ، پاشان واز لە لەبەر کردنی عەمامەو کارو ئیشی حکوومەت دهێنێت دەست دەکات بە کاری ڕۆژنامە گەری و نەجەف جێدەهێلی و ڕوودەکاتە شاری بەغدا، لە وێ چەند ڕۆژنامەیەک دەردە کات لەوانەش. ڕۆژنامەی (فورات وکۆدەتا) پاشان ڕۆژنامەی (رای گشتی) ، چەند جارێکیش وەک سەرۆکی یەکێتی وسەرانی ئێراق هەڵدەبژێرێت، لە ساڵی 1921 یەکەمین هۆنراوەی خۆی بڵاو دەکاتەوە، یەکەم کۆمەڵە شیعری خۆی بەناوی (حلبە الادب) چاپ دەکات، ساڵی 1927 لە سەرمیلاکی پەروەردەی کازمیە لە بەغدا بە وەزیفەی مامۆستا دادەمەزرێت لە ساڵی 1928 کۆمەڵەشیعرێکی دیکەی بەناوی (بین الشعور والعافە) بڵاو دەکاتەوە، ساڵی 1919 جارێکی دیکە ڕۆژنامەی (فورات) دەخاتەوە گەڕو 20 ژمارەی دیکەی لێ دەردەکات. لە ساڵی 1935 کۆمەڵە شیعری سێیەمی بە ناوی (یوانی جەواهیری) چاپ دەکات، ساڵی 1936 ڕۆژنامەی (کودەتا) دەردەکات ئەوکاتەی کە بەکر سدقی کودەتایەکی سەربازی ئەنجامدا بوو، بەڵام زۆر بەرهەڵستکاری ئەو کودەتایەی دەکرد کە بۆی ڕوون بۆوە ئەو کودەتایە ئەو ئەنجامانە ناپێکێ کە لەپێناویدا کاری بۆ کردبوو، بۆیە، لەسەر ئەو وتارانەی کە دژی کۆمەڵە کودەتاچییەکان دەینووسی سێ مانگ دەستگیرکراو ڕۆژنامەکەشیان داخست، ساڵی 1941 پاڵپشتی خۆی بۆ بزاڤی مارس دەربڕی، بەڵام ئەوبزاڤە زوو شکستی خواردو جەواهیریش لەگەڵ سەرکردەکانی بزاڤی مارس چونە ئێران، هەر لە هەمان ساڵدا گەڕایەوە ئێراق و ڕۆژنامەی (رای گشتی) خستە کار. ساڵی 1944 بەشداری لە ڤیستیڤاڵی ئەبی عەلای ئەلموعەریی لە دیمەشق کرد، لە ساڵانی 1949 و1950 بەشی یەکەم و دووەمی لە دیوانە تازە چاپکراوەکەی بڵاو کردەوەو وەک شاعیرێکی ناسراوی دەنگ بەرز ناسرا، هەر لە هەمان ساڵدا بەشداری لە کۆنگرەی ڕۆشنبیری کۆمکاری عەرەبی ئەسکەندەرییە کردوو هەروەها وەک نەقبیی ڕۆژنامەنووسانی ئێراقی وسەرۆکی یەکێتی نووسەرانی ئێراق دەست نیشانکرا، ساڵی 1961 دووچاری چەند کۆسپ وتەگەرەیەکی سیاسی بۆوە، بە ناچاری ئێراقی بە جێهێشت و ڕووی کردە لوبنان ولە وێش چووە براغ-ی پایتەختی چیکۆسلۆڤاکیا. لە براغ 7 ساڵ مایەوە و ساڵی 1965 کۆمەڵە شیعرێکی بە ناوی (پۆستەی نامۆیی) لە چاپدا، ساڵی 1971 وەزارەتی ڕاگەیاندنی ئێراقی کۆمەڵە شیعرێکی تازەیان بە ناو نیشانی (أیها الارق) بۆ بڵاوکردەوە، هەمان ساڵ سەرکردایەتی شاندێکی ئێراقی کرد بۆ کۆنگرەی نووسەرانی عەرەب لە دیمەشق و هەرلە هەمان ساڵدا وەزرایەتی ڕاگەیاندن کۆمەڵی شیعرێکیان بەناوی (خلجات) بۆ چاپکرد. ساڵی 1973 بە یاوەری شاندێک لە نووسەرانی ئێراق سەردانی وڵاتی تونسیای کرد وبە شداریان لە کۆنگرەی نۆیەمی نووسەرانی عەرەب کرد، پاشان ڕووی لە هەندەرانکردوو ئێراقی بە جێهێشت، زۆر لە وڵاتانی دونیا دەرگایان بۆی واڵا کردبوو کە لێی نیشتە جی بێت و بەڵام ئەو وڵاتی سووریای هەڵبژاردو لەوێ درێژەی بە چالاکیە هونەریەکانی خۆی دا تا ڕۆژی27ی تەمووزی ساڵی 1997 بە یەکجاری ماڵاوایی دەکات و دەگاتە بەر دلۆڤانی خوای مەزن. جەواهیری بەدرێژایی تەمەنی پیاوێکی خاوەن هەڵویستی نیشتمانی بووە هەرگیز نەچووەتە ڕیزی هیچ حزب و لایەنێکی سیاسی ئەو لای وابوو دەبێ شاعیر و نووسەران داهێنانەکانیان بۆ وڵات بێت، نەک بۆ لایەنێک، زۆجار بە ڕۆشنبیرێکە شیوع لەقەڵەم دەدرا، بەڵام ئەو دەیوت خەڵکی ئازادە کە چۆن دەناسن و چیم بۆ لێک دەدەنەوە، بەڵام منیش ئەو کەسەم کە تا دوا هەناسەم بۆ خزمەتی کولتووری میللەتەکەم دەژیم، بڕوام بە یەکسانی و برایەتی گشت گەلانی دونیا هەیە، لەهەر کوێیەک. ستەم و زۆرداری هەبێ دژی شۆڕشی دەکەم و خۆم بە بەرهەلستکاریان دەزانم، هەرگیز نابی ڕۆژی قەڵەمەکەم بۆ خزمەتی کەسانی دیکتاتۆرو فاشی و زۆرداران، بسوڕێ، هەموو دەمێک ئێراق بە خاک و هەواو ئاوەو لە ویژدانی جەواهیر دابوو، ئێراقییەکان بە کورد و عەرەب و گشت کەمە نەتەوەییەکان برای ئەو بوون، هەموو کات لە ڕێزی پێشەوەی خەباتگێڕان و شۆڕشگێرانی وڵاتەکەی بوو دژی ستەم و زۆردارەکانیان، زۆر پشتگیری لە خەبات و بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان کردووە، دۆستێکی نزیکی گەلی کورد بووە و باوەڕی بە مەسەلەی نەتەوەییەکەی کورد هەبوو چەندین شیعری بۆ کورد و خەباتی کورد نووسیوە.[1]