مەراقم بوو زانیارییم دەستبکەوێ لەسەر ئەم وێنە مێژووییەی سەرۆک و هەردوو هونەرمەندی گەورەی گەلەکەمان مامە قالەو ئیبراهیمی قادری، لەم سەفەرەمدا بۆ کوردستان ڕۆژێک لەگەڵ هاوڕییەکی هونەرمەندی ئازیزم بڕیارماندا وەک کاری هەمیشەییم هەرچی کۆڵان و بازاڕی شارە بەپێ بگەڕێین و گوزەری پێدا بکەین و دۆست و ناسیاوو هاوڕێیانم بەسەربکەینەوە، قسە هات و باسی زۆرێک لەکێشەوگرفتمان کردو هونەر بەگشتی و هونەرمەندان بەتایبەتی لەوکاتەدا کاک.... وتی: دانا با بەسەرهاتێکی گەلێک سەربەرزانەو جوامێرانەت بۆ بگێڕمەوەو درێژەی بەقسەکانی داو وتی...
رۆژێک لەنووسینگەی سەرۆک تاڵەبانی-ەوە تەلەفۆنم بۆ کراو دەعوەت کرام لەگەڵ هەندێک لەهونەرمەندانی ڕۆژهەڵاتداو کە مام چاوەڕێمان دەکات تاوەکوو لەنزیکەوە چاوی پێمان بکەوێ و لەئەحواڵمان بزانێت.
کاتێک کە چووین وەک هەمیشە سەرۆک بەپیرمانەوە هات و بەقسە خۆش و پڕ ڕێزەکەی خۆی بەخێرهاتنی کردین و پاش بەخێرهاتنمان و هەندێ لەقسەو بەسەرهاتی خۆی پاشان فەرمووی من دەمەوێ لەزمانی خۆتانەوە گوێم لەباس و خواست و ژیانی ئێوە بێت تاوەکو ئەوەی لەتوانای بەندەدا بێت درێغی نەکەم و هەرچیتان بۆ بکرێ هەر کەمەو ئێمە قەرزارباری ئێوەی هونەرمەندین، هەرکەسەو باسی لەخۆی و ڕەوشی ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵی کردوو سەرەهاتە سەر مامە قالەی گەورە، هونەرمەند ئەو پیاوە ئەوەندە سەربەرزبوو هەرچی کرد نەیتوانی حاڵی خۆی لەسەرۆک بگەیەنێ لەتاواندا هونەرمەند ئیبراهیمی قادری لەجێی ئەو قسەی کردو بەمامی فەرموو مامە گیان مامە قالە ژیانی نالەبارەو توانای مادیشی زۆر کەمە کە تەنانەت بۆ بژێوی ژیانی دەچێت لەکوچەو کۆڵانەکاندا شمشاڵ دەژەنێ تاوەکو خەڵک و خوا یارمەتی بدەن.
کاک..... وتی: کە مام جەلال گوێی لەو قسەیە بوو خێرا بەرزەپێ هەستاو بەرەو ڕووی مامە قالە ڕۆشت و پەلاماری دەستەکانی مامە قالەی هونەرمەندیدا تاوەکو ماچیان بکا لەوکاتەدا مامە قالە بەرزە پێ هەستاو نەیهێشت سەرۆک ئەو کارەبکات و هەر ئەوساتە سەرۆک تاڵەبانی ڕووی کردە هەمووان و فەرمووی جێی فەخرە بۆ کورد خاوەنی ئەم زاتە گەورانەیە ئەو دەستانە دەبێ ماچ بکرێن کە ئامادەیە برسی بێت و سەربەرزبێت، بەڵام هەرگیز ئامادە نییە لەپێناو موڵک و سەروەت و ساماندا بۆ دوژمنانی گەلەکەی سەر دانەنەوێنێ.
تێبینی
من بۆخۆم ئەندامی فەرمی هیچ حیزبێک نیم، گەر قبوڵم بکەن تەنها کوردێکی دڵسۆزم و مەبەست لەم نووسینەشم پاکانە نییە بۆ هیچ کەس و هیچ لایەنێک تەنها ئەوە نەبێت دوابەدوای گوێبیستنم بۆ ئەو هاوڕێیەم و ئەو بەسەرهاتە لێتان ناشارمەوە گەورەبووم و زۆرێک لەو ئازارانەی ساڕێژکردم و زیاتر پەرۆشی خاک و وڵات بوومەوەو سەرۆکم زیاتر خۆش ویست.
دانا غەنی
2014/5/23
ئەم بابەتە لەپەیجی تایبەتی هونەرمەند دانا غەنی-یەوە وەرگێراوە
- 27-05-2014