ڕۆژنیوز، ڕێزان محەمەد
سەرۆکی فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەماوەی ساڵ و نیوێکدا نزیکەی 60 هەزار هاوڵاتی هەرێمی کوردستان کۆچیان کردووە، هاوڵاتیەکیش کە بە نیازە کۆچ بکات، هۆکارەکەی بۆ بوونی قەیران و ترسی هاوڵاتیان لە پرسی ڕیفراندۆم لە ئێستادا دەگەڕێنێتەوە.
لەم ساڵانەی دوایدا و بەتایبەت لەم مانگانەی دواییدا، کۆچکردن بۆ وڵاتانی دەرەوە دەستیپێکردوەتەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە بەهۆی کۆچکردنەوە 154 هاوڵاتی هەرێمی کوردستان لە دەریای ئیجە خنکاون و 54 کەسی دیکەش بێ سەروشوێن بوون و بە سەدان کەسیش لە زیندانی وڵاتاندان.
لەو بارەیەوە ئاری جەلال، سەرۆکی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق لە هەرێمی کوردستان، بە ڕۆژنیوزی وت: بەداخەوە ئەگەر سەیری ڕەوشی هەرێمی کوردستان بکەین، ئەو بارودۆخە داراییە ناجێگیرەی کە هەیە لە ئێستادا، وایکردووە کە هاوڵاتیان هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو بەرەو ئایندەیەکی نادیار کۆچ بکەن، ئەوەش لەکاتێکدایە، وڵاتانی ئەوروپا پیلانیان هەیەو ڕێگری دەکەن لە لێشاوی کۆچبەران، کە بڕیارەکەیان لە 20-03-2016-ەوە تایبەت بەو پەنابەرانەی کە ڕوو لە وڵاتانی ئەوروپا دەکەن، کە لەنێوان وڵاتی ئەوروپا و تورکیا، خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئاری جەلال، وتیشی: بە پێی ئاماری فەرمی وەزارەتی گەشتیاری تورکیا کە بەدەست ئێمە گەیشتووە، لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا زیاد لە 240 هەزار هاوڵاتی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕوویان لە تورکیا کردووە بە مەبەستی گەشتیاری، بەڵام زۆرێک لەو هاوڵاتیانە لە کەنار ئاوەکانی ئیتاڵیا و خۆیان گەیاندۆتە دوورگەکانی یۆنان، لە زۆرێک لە گرتووخانەکاندا دەستبەسەرن.
ئاماژەی بەوەشدا: سەرجەم ئەو هاوڵاتیانەی هەرێمی کوردستان لەماوەی ساڵ و نیوێکدا ڕۆشتوون هەتا 20-06-2017 زیاتر لە 55 بۆ 60 هەزار کەسی تێپەڕاند، کە زیاتر لە 154 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و 54 کەسشیان بێ سەروشوێن بوو، ئێمە کاری جددیمان بۆ سەرجەم بێ سەروشوێنەکان کردووەو سامپڵی خوێنمان ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکان کردووە بۆ سەرجەمیان کە تەنها تەرمی چوار کەسیانمان دۆزیوەتەوە.
سەرۆکی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو: هەمیشە پارێزگای سلێمانی پشکی شێری بەرکەوتووە و زۆرینەی هاوڵاتیان کە کۆچیان کردووە بۆ دەرەوە دانیشتووی پارێزگای سلێمانی بوون، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە ناوچەکەی دوو ئیدارەی لەسەرە و ڕێژەی دانیشتوانەکەی زیاترە لە پارێزگاکانی دیکە.
پرشنگ مەجید، یەکێکە لەو هاوڵاتیانەی کە لە ساڵانی ڕابردوو کوڕەکەی و دوو کوڕەزای لە دەریای ئیجەدا خنکان، کاتێک بە خێزانی لەگەڵ 20 کەسی خێزانەکەیان ویستبوویان ڕوو لە وڵاتانی دەرەوە بکەن، بەڵام تەنها کوڕەزایەکی تەمەن 10 ساڵی بەناوی ڕەیان و هاوژینی کوڕەکەی لەو ڕووداوە ڕزگاریان بووە، پرشنگ و ڕەیان لە ئێستادا دیسانەوە دەیانەوێت ڕێگەی کۆچکردن بگرنەوە بەرو ئەم کوردستان بە جێ بهێڵن.
لە بارەی هۆکاری دووبارە هەوڵدان بۆ کۆچکردنەوەیان پرشنگ بە ڕۆژنیوزی وت: ژیانی خەڵک لەم وڵاتەدا سەختە و پاشەڕۆژمان دیارنییە، هەربۆیە پەنا دەبەینە کۆچ کردن، دەمەوێت لەگەڵ کوڕەزاکەم کۆچبکەم بۆ دەرەوەی وڵات بۆ لای کچەکەم، تاوەکو لەوێ ژیانمان بەسەر ببەین، لەبەرئەوەی لێرە بەهۆی قەیران و بابەتی ڕیفراندۆمەوە ژیان زۆر قورس بووە و خەڵکەکە دەترسن لە گرانبوونی بازاڕ و ناڕەحەتییەکانی ژیان، وە مووچەش نادرێت، کەسمان نەماوە لەم وڵاتە و پاشەرۆژمان دیار نییە، وهیچ هیوایەکم نەماوەی لێرە، ژیانی خەڵک لێرە سەختە و من کەسم نەماوە یارمەتیم بدات.
ئەو دایکە بە چاوی پڕ فرمێسکەوە باسی ڕووداوی لەدەستدانی کوڕەکەی کرد و وتی: لە 27-1-2016بوو، کوڕەکەم و خێزان و منداڵی کۆچیان کرد بۆ دەرەوە، چوار ڕۆژ مانەوە لە تورکیا و دواتر کوڕەکەم و دوو منداڵی بوونە قوربانی کۆچ و خنکان، کورەکەم و دوو منداڵی و چەند کەسێکی دیکەش لە کەسوکاری ژنەکەی تیاچوون.
لە کۆتایشدا پرشنگ مەجید وتی: داواکاریم ئەوەیە ژیانی خەڵک باش ببێت، کاسپی ببێت و مووچە ببێت، پێویستە ژیانێکی باش بۆ هاوڵاتی دەستەبەر بکرێت، ئەگەر ئەمانە هەبێت هاوڵاتی بۆچی کۆچ دەکات؟، هیچ کەس حەزی بە غەریبی نییه، بەڵام ژیانی کەس لەم وڵاتە دەستەبەر نییە، من مووچەی چاودێری خێزانم هەیە ساڵ و نیوێکە وەرم نەگرتووە.
12-08-2017