ڕاگەیاندنی نەخشەکاری هەنووکەیی بۆ پەرلەمان و حکومەت
بە پەلە و دەستبەجێ...
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
نەخشەکاری هەنووکەیی، فراکسیۆنی #بزووتنەوەی ئیسلامی#ی، بۆ دەربازبوون لەم دۆخەی هەرێمی کوردستان
دوور لە کاوێژ و موزایەدەی سیاسیی و لە قوڵایی هەستکردنمان بە دۆخی خراپی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی هەرێمی کوردستان، له و هەموو قەیران و قوڕبەسەرییەی تێی کەوتووە، فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامیی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ئەرکی ئەخلاقیی و پەرلەمانیی خۆی دەزانێت، بێ پشوو، میکانیزمێکی واقیعیی بە پەلە، لە چوارچێوەی دیفاکتۆ هەرێمخوازییەکەدا بدۆزێتەوە، تا خەڵکی کوردستان، دەرباز بکات له و ناعەدالەتیی و کۆتوبەندە ستەمکارییەی کە حیزبی کوردیی بە ئەزموونی دوور و نزیکی خولقاندوویەتیی.
لە کاتێکدا ئەم حکومەتەش دەستەنەمامی ئه و حیزبانەیە، بێگومان بەرپرسیاری ئه و دۆخەیە، کە ئیتر بەناچارییەوە دیسانەوە وەک فراکسیۆنی بزووتنەوە دەیخەینەوە بەردەم لێپێچینەوە و دواجاریش پرساندن و سەرکۆنەکردنی لە بری دەستەپاچەیی و ناعەدالەتیی و خولقاندنی ئه و بورکانە قەیرانەی، خەریکە کۆی تەنانەت ژیانی ئاسایی و مافی سەرەتاییش دەخاتە بەردەم فەوتان و نغرۆبوونەوە.
فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامیی لەم ساتەوەختەی ناڵەی بێدەنگی خەڵک و خۆخواردنەوەی لە ماڵ و شەقامەکانیاندا، کە هیچ ئەمەلێکیان بە دەسەڵاتەکانی پەرلەمان و حکومەت نەماوە و لە چاوەڕوانیی خوای گەورە و پاشان هێزی ڕزگاریی و هیوای نیشتیمانیدان، بەم حەوت خاڵە ڕای ئەمڕۆی ئاشکرا دەکات:
یەکەم- وازهێنان و خۆخەریکنەکردنی پەرلەمان، بە هەر پڕۆژە بریار و پڕۆژە یاسایەک کە خزمەت بە ئێستای ڕەوشی خراپی گەلەکەمان ناکات و دەستبەجێ کۆبوونەوەی لەسەر چارەنووسی هەرێم لە چوارچێوەی عێراقدا و بەشەبودجەی جێگیرکراوی (%17)و دانیشتن و بەشداریی یان بایکۆت و کشانەوەی کورد و فراکسیۆنەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی ناوەند، کە ئیتر مایەی شەرم و شورەییە ئه و هەموو نەرمینواندن و سازش و چاوەڕوانییە لە عێراقێکی عەرەبیی و بەغدایەکی سەر کەلی شەیتان، بەمەش پەرلەمان دەستی کراوە دەبێت بۆ هەر بڕیار و هەڵبژاردنی ڕێگایەکی تر.
دووەم- بانگهێشتی سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ پەرلەمان و درووستکردنی لیژنەیەکی هاوبەش و بەکاربردنی هەموو توانستێک تا لانی کەم لە (3) سێ مانگی ئاییندەدا بە هەر نرخێک بووە، وەک، قەرز لە وڵاتان و پشتبەستن بە خۆ، موچەی فەرمانبەران وەک پێویستی ژیان بدرێت، بەمەش بەشێک لە توڕەیی خەڵک و شەقام ئارام دەبێتەوە، کە مافیانە شەووڕۆژ داکۆکیی بکەن و یەخەی پەرلەمان و حکومەت بگرن.
سێیەم- دەستبەجێ دانیشتنی پەرلەمان لەسەر نەهێشتن و ڕاستکردنەوەی لیستی خانەنشینان و دەرماڵە و دوو یان سێ موچەیی و بندیوار و بەهەدەردانی بەشێکی زۆر لە داهاتی گشتی بۆیان، کە بێگومان ئەمەش دەبێتە سەرەتای عەدالەت و ڕێگریکردن لە فەساد و تاڵانیکردنی ئه و داهاتە گشتییەی کە مافی هەموو هاوڵاتییەکە.
چوارەم- جەختکردنەوە لەسەر بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە و ناساندنی بە فەرمیی لە لایەن پەرلەمان و حکومەتی ناوەندەوە، بە دانانی پشکی پارێزگاکە لە بودجەی 2018 و دەنگدان لەسەری، کە ئەمەش دیسان شکۆی نەتەوەیەکە و دەبێت دەسەڵاتی کورد و فراکسیۆنەکانە کوردییەکان لە بەغداد بە هیچ شێوەیەک نەهێڵن ئەم مافەی کورد و هەڵەبجە بفەوتێت.
پێنجەم- دانان و شەڕکردن لەسەر بەشە بودجەی پێشمەرگە لە بودجەی گشتی 2018ی ناوەند و دیسانەوە تێپەڕاندنی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی بەغداد، مایەی شکست و شورەییە بۆ کورد و نوێنەرانی.
شەشەم- ئەگەر خاڵی یەکەم بە باری نەکشانەوە و بەشداریکردنی کورد دا بوو لە ناوەند، پێویستە خاڵی چوارەم و پێنجەمی ئەم نەخشەکارە بە ئیرادەیەکی بەرپرسیارانەوە کاری لەسەر بکرێت، بەڵام کات لە بەرژەوەندیی کورد نییە و خەمساردیش ئه و پەڕی نابەرپرسیارێتییە و قەبوڵ نەکراوە.
حەوتەم- لە پێناو هەڵبژاردنێکی تەندروست و دوور لە تەزویر و ساختەکاریی، پێش پاککردنەوەی لیستی دەنگدەران، خودی (کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی) لە دەستی حیزب و لایەنگیریی پاک بکرێتەوە، داواش ئەکەین وەک فراکسیۆنی بزووتنەوە، کۆمسیۆن لە قۆرخکاریی (پێنج حیزبەکە) ڕزگار بکرێت و حیزبەکانی تریش مافی پۆستی کۆمسیاریی و جومگە سەرەکییەکانی کۆمسیۆنیان هەبێت، ئێمە وەک فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی، بە یاداشتی ژمارە (510) ی ڕۆژی 23-1-2016 داوامان ئاڕاستەی کۆمسیۆن کردووە کە ناکرێت لەسەر ئه و پێنج حیزبە کۆمسیۆن وەک خەڵات لەسەر سینی برۆنز بەش بکرێت، ئەگەرنا، وشەی سەربەخۆیی لە ناوەکەیان بکەنەوە، بەڵام هێشتا وەڵامیان نەبووە و ئەمجارە لە ڕێی پەرلەمانەوە هەڵوێستی ترمان دەبێت، ئەمەش دیسانەوە لە پێناو ئەنجامدانی پرۆسەیەکی خاوێنی نیشتیمانیی، تا دەنگدەری کورد، بتوانێت هەم تۆڵەی خۆی هەمیش دڵخوازی خۆی بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە خراپە هەڵبژێرێت.
لە کۆتاییدا فراکسیۆنی بزووتنەوە، بەڵێنی بەردەوامیی دەدات بە خەباتی پەرلەمانیی و یاسایی، لە پێناو بە سەروەرکردنی یاسا و ڕێگریی لە ناعەدالەتیی و گەشتن بە ژیانێکی شایستە، بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان.
فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامیی
لە پەرلەمانی کوردستان
#02-01-2018#