یەک لە چالاکییەکانی “#مەڵبەندی هونەریی ماملێ#”، پێشکەش کردنی خەڵاتێکی هونەرییە بە ناوی “ماملێ” کە ساڵانە پێشکەشی دەکات بە هونەرمەند یا هونەرمەندانێک کە ڕۆڵی بەرچاویان گێڕابێت لە گەشەپێدان و خزمەت بە هونەریی کوردی. ئەم خەڵاتە تەنیا گرێدراوی بەشێک یا ناوچەیەکی دیاریکراوی کوردستان نییە بەڵکوو، پانتایی هەموو جوغرافیای کوردستان لەخۆ دەگرێت.
بە دەرێژایی بوونی ئەو مەڵبەندە، هەشت خەڵات پێشکەش بە هونەرمەندان کراوە، کە بە پێی توانا و ئیمکاناتی بەردەستی مەڵبەند و بە هاوکاری کۆمەڵێک مرۆڤی نیشتمانپەروەر و هۆگری هونەر، بە شێوەیەکی هەرەوەزی و تا ڕادەیەک خۆبەخشانە، مەراسیم و بۆنەی تایبەت بە پێشکەشکردنی ئەم خەڵاتە، ئۆرگانیزە کراوە و بەڕێوە چووە.
ئەو مەراسیمانە لەلایەک، بۆنەی ڕێزلێنان و نرخدانان بۆ هونەرمەندانی دەروەستی گەل بووە و لەلایەکی تریشەوە، هەڵگڕی پەیامی سەربەخۆیی لە کارکردن و هاوکاری کردن بۆ خزمەتی نیشتمان و یەکگرتن بۆ بەرەنگار بوونەوەی سیاسەتی تواندنەوەی فەرهەنگیی و هونەریی کوردی بووە.
بەم چەشنە کە بۆتە داب، ساڵانە لە سەروبەندی ساڵیادی محەممەد ماملێ، لە سێی ڕێبەندان دا، مەڵبەندیی هۆنەریی ماملێ ناوی هونەرمەندی ساڵ ئاشکرا دەکات و هەوڵ دەدات تا ئامادەکارییەکانی بەریوەچوونی مەراسیمێکی شایان بڕەخسێنێ.
گەلی کورد ئاگادارن کە ئەمساڵ گەلێک ڕووداوی ناخۆشی وەک نسکۆی سیاسی، لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان و دەستتەنگی گەل لە باشوور، بومەلەرزەی کرماشان، ئیلام و هەڵەبجە، هێرش بۆ سەر عەفرین و شەهیدکردنی خەڵکی بێتاوانی ئەم شارە بە دەست کوردکوژان و داگیرکەرانی کوردستان، هەموومانی دڵنیگەران کردووە.
لە دۆخێکی وەها دا چ هێز و وزەیەک نامێنێتەوە کە لە بیری بەرنامە ڕۆتینەکانی مەڵبەند دا ببین و لەو خەمە گەورانە دا لە میللەتەکەمان دوور بکەوینەوە بۆیە، سەرەڕای ئەوە کە هەموو ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن و بەڕێوەبردنی مەراسیمی خەڵاتی ماملێ لە قۆناغی کۆتایی دابوون بەڵام، بەم هۆیانەی کە لەبان باس کران، بە دڵنیگەرانیی و پەڕۆشەوە دەڕوانینە دۆخی کورد و بۆ پشتیوانی گەلمان لە هەر چوارپارچەی کوردستان و بەتایبەت ناوچەی عەفرین، بۆ ساڵی 2018، ئەم مەراسیمە بەڕێوە نابەین.
ئیمە لە “مەڵبەندی هونەریی ماملێ”، هاوسۆزی و هاوخەمی خۆمان لەگەڵ گەلمان بە گشتی و خەڵکی قارەمانی ڕۆژئاوا و عەفرین بەتایبەتی دەردەبڕین. هاوکات هێرشی هۆڤانەی ئەرتەشی ترکی کوردکوژ، بەهاوکاری هاودەستە ناونەتەوەییەکانییان بۆ سەر خاکی کوردان بە توندترین شێوە شەرمەزار دەکەین و بەمجۆرە پشتیوانی خۆمان بۆ خەباتی گەلی کورد و مافە ڕەواکانیان دەردەبڕین.
مەڵبەندی هونەریی ماملێ
#02-01-2018#