وردەکاری کێشەی #عەتا سەراوی#
لە مانگی سێی ئەم ساڵ، برازایەکی عەتا سەراوی ئەندامی سەرکردایەتی #یەکێتیی نیستمانی کوردستان# بەناوی (سورێن شەهید محەمەد سەراوی) لە نزیک #زاخۆ#، لە لایەن ئاساییشی #پارتی دیموکراتی کوردستان# یەوە دەستگیر دەکرێت و تا ئێستا ئازاد نەکراوە.
برازاکەی عەتا سەراوی، کارمەندی ئاساییشی #سەیدسادق#ە لە #شارەزوور# بە وتەی بنەماڵەکەی فریودراوە و بۆ کارێکی تایبەت ڕۆشتووە بۆ پارێزگای #دهۆک# و ڕۆشتنەکەی پلانی پارتی لە پشتەوە بووە تا دەستگیری بکەن و وەکوو فشار دژی عەتا سەراوی بەکاری بهێنن.
لە بەرانبەردا ئاساییشی پارتی قسەی جیاوازیان هەیە و دەڵێن ”سورێن محەمەد سەراوی” بە قاچاخ هاووڵاتی ڕۆژاوای کوردستانی لە زاخۆ و دهۆکەوە بۆ #سلێمانی# بردووە. بە وتەی ئاساییشی پارتی ئەو هاووڵاتییانە پەیوەندیان بە چەکدارانی پەکەکە و هێزەکانی ڕۆژاوای کوردستانەوە هەبووە و کەیسەکەی پەیوەندی بە عەتا سەراوییەوە نییە.
کەس و کارەکەی زۆر هەوڵیانداوە دۆسیەکەی بگوازنەوە بۆ سنوری سلێمانی، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجام بووە.
بەوتەی کەس وکارەکەی سەرجەم بەرپرسانی یەکێتیان ئاگادار کردووەتەوە لەسەروی هەموویانەوە #بافڵ تاڵەبانی# و #قوباد تاڵەبانی#، بەڵام هیچ ئەنجامێکیان دەست نەکەوتووە و پێیان وایە گرتنی کوڕەکەیان سیاسییە و پەیوەندی بە فشاری پارتی هەیە لەسەر عەتا سەراوی.
سەنگەر محەمەد سەراوی، کە ئەفسەرە و برای دەستگیرکراوەکەیە لە 11ی ئەیلولی ئەمساڵ، لە فەیسبووکی خۆی وازهێنانی بنەماڵەکەیانی لە یەکێتی ڕاگەیاند و هۆکارەکەی بۆ ئەوە گێڕایەوە کە بەرپرسانی یەکێتی لە کەیسی براکەی هیچ وەڵامێکیان بۆیان نەبووە.
خانەوادەکەی پێیان وایە دەستگیرکردنی کوڕەکەیان پەیوەندی بەو وتانەی عەتا سەراویەوە هەیە کە لە 3ی 11ی 2021 لە چاوپێکەوتنێکدا وتی بە فەرمانی #مەسرور بارزانی# لە ساڵی 2018 ژەهر خوارد کراوم و وتەکانی کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو قوباد تاڵەبانی ئەو کات ڕایگەیاند قسەکانی عەتا سەراوی گوزارشت لەڕای خۆی دەکات و لە بەرانبەردا مەسرور بارزانی سکاڵای یاسای دژی عەتا سەراوی تۆمار کرد و دواتر فرمانی گرتنی بۆ دەرچوو. [1]