ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکەوتی #14-08-2023#، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی، #فازڵ میرانی# بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی #پارتی دیموکراتی کوردستان# پێشوازی لە (ڕوزی کیڤ)ی کونسوڵی گشتی بەریتانی لە هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا، سەردان و کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییە ئێراقییەکان لە #بەغدا# خرایە بەرباس و، فازڵ میرانی تیشکی خستە سەر ئامانجی سەرەکی سەردانەکەیان بۆ بەغدا کە جەختکردنەوە لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و دڵنیا کردنەوە بووە لەسەر زمانی لێکتێگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان بەپێی دەستوور، هەروەها بەهێزکردنی هەماهەنگی و پێکەوەیی لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ تێپەڕاندنی پرسە ئاڵۆزەکان و دەستەبەرکردنی مافە دەستووریەکانی هەرێمی کوردستان.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، بارودۆخی گشتی ئێراق و هەرێمی کوردستان و پرسی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان بە گرنگییەوە باسی لێوەکرا و، تەئکیدیش لە گرنگی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا کرایەوە.
لەلای خۆیەوە ڕوزی کیڤ سوپاسی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی کرد بۆ ئەم پێشوازی و دیدارەیان و، ئاماژەی بەوەدا کە ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و ئێراق بە لای ئەوان و وڵاتەکەشیانەوە زور گرنگه. [1]