ئەمڕۆ #22-09-2021# لە بارەگاى مەکتەبى سیاسى، #فازڵ میرانى#، سکرتێرى مەکتەبى سیاسیی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، پێشوازیى لە فوئاد خازر ئەلمەجالی، کونسوڵى گشتیی نوێى شانشینى ئوردن لە هەرێمى کوردستان کرد.
سکرتێرى مەکتەبى سیاسى، وێراى بەخێرهێنانى میوان، پیرۆزباییى دەستبەکاربوونى لە کونسوڵى گشتیى نوێى ئوردن کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست لە ئەرکەکانیدا لەپێناو پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندیى مێژووییى نێوان هەرێمى کوردستان و شانشینى ئوردن و سوپاسى بەڕێز هەیسەم ئەبولفول، کونسوڵى پێشووى شانشینى ئوردنى کرد کە بە شێوەیەکى باش، کار و ئەرکەکانى بەڕێوە برد.
فازڵ میرانى هەڵوێستى خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵا و شانشینى ئوردنی بۆ پشتیووانیکردنى هەرێمى کوردستان لە قۆناغە جیاجیاکاندا بەرز نرخاند و ئامادەییى پارتى دیموکراتى کوردستانیشى بۆ هاوکارى و هەماهەنگى لەپێناو سەرخستنى کارەکانیان و زیاتر پتەوکردنى پەیوەندییەکان دەربڕى.
دواتر میرانى جەختى لە بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرد و ئارام لە ئێراق کردەوە کە زامنى پاراستنى سەقامگیریى سیاسى و ئابوورى و ئەمنى بکات و ڕەنگدانەوەى خواستى هەمووان بێت.
کونسوڵى گشتیى شانشینى ئوردن سوپاسى سکرتێرى مەکتەبى سیاسیى کرد بۆ ئەم پێشوازییە و ئاماژەى بەوە دا کە ''هەوڵى زیاتر دەدەین بۆ پتەوترکردنى پەیوەندییەکانمان''. دواتر بارودۆخى سیاسیى ئێراق و هەرێمى کوردستان و ناوچەکە و هەڵبژاردنەکانى داهاتووى ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئێراق تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوون. [1]