لە ساڵی 1923دا لە شاری #کۆیە# لەدایکبووه، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە ساڵی 1941دا لە شارەکەی خۆیدا تەواوکردووە و چووەتە بەغدا و لەخانەی مامۆستایانی سەرەتایی وەرگیراوە و لە پاییزی 1944دا بووەتە مامۆستایەکی پەروەردەکار و ڕێبازێکی چەپڕەوی نیشتمانی گرتووە و گەلێک جار تووشی ڕاوەدونان و گرتن بۆتەوه.
کاتێک کە مامۆستا بووە لە شاری #قەڵادزێ#، لەدوا دوای ساڵی 1945دا پەیوەندی بەبزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و لەسەرەتای ساڵی 1946دا خۆی گەیاندۆتە شاری #مەهاباد# و بەشداریی لە ئاهەنگی درووستبوونی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە 22-01-1946دا بەسەرۆکایەتی پێشەوا قازی محەمەد کردووە و لەگەڵ دامەزراندنی کابینەی یەکەمی کۆماری کوردستان لە 11-02-1946دا بەمامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی دادەمەزرێ و لەو یازدەمانگەی تەمەنی کۆمارەساوایەکەی کوردستان خزمەتی نەوەی نوێی کورد دەکات و کاتێکیشکە ئەو تاقیکردنەوە ڕامیارییەی کورد شکستی هێناوە کۆمارەکە لە 17-12-1946دا ڕووخا، مامۆستا وردی بۆ مانگی 1947 گەڕایەوەکۆیەو بێ کار و فرمانی مایەوە و چووەڕێزی پارتی کۆمۆنیستی ئێراق-ڕێکخراوی کوردستان و بەدڵسۆزی چالاکی ڕامیاری نواند و لە دوای شۆڕشی 14ی تەممووزی 1958دا گەڕایەوەسەر کارەکەی و وەک مامۆستایەکی پەروەردەکار خزمەتی نەوەی نوێی کرد تاکوو ڕۆژی کۆچی دوایی لە 1975-12-02دا.
وردی نووسەرێکی فۆلکۆرناسی لێهاتووی کورد بوو، هەرچەندە لە سەرەتای ژیانی وێژییەوە ئەوینداری کەلەپووری نەتەوایەی میللەتەکەی بوو، بەڵام تاکوو نەچووە کۆماری دیموکراتی کوردستان و فێری خوێندنەوەی بابەتی فۆلکلۆریی بەپیتی لاتینی و سلاڤی نووسراوی کوردەکانی قەفقاس نەبوو، نەبووە فۆلکۆرناسێکی شارەزا و ئەو هەموو بەرهەمە فۆلکلۆریانەی هەموو لایەکی کوردستانی بڵاونەکردەوە و وابوو ئەم فۆلکلۆرناسەتوانی لە ماوەی ژیانی وێژەییدا 39 پەرتووک بە زمانی کوردی و عەرەبی چاپ بکات، کەزۆربەی هەرەزۆریان لەبارەی هۆنراوە و چیرۆکی فۆلکلۆری و داستانی کوردین و هەموویان لە گەنجینەی کەلەپەووری نەتەوایەتیمان نرخ و بەهای خۆیان هەیە و لەوانەی بە کوردی چاپکراون ئەمانەن:
1. حەسەن و مەریم، ساڵی 1955دا چاپی کردووه
2. ناسر و مار مار، ساڵی 1955
3. ئەنجامی داوێن پیسی، ساڵی 1956
4. گوڵی ناکام، بەغدا 1957
5. خانزاد و لەشکری، بەغدا 1960
6. قەڵای دمدم، بەغدا 1960
7. مامەیارەی قارەمان، بەغدا 1961
8. فۆلکلۆری کوردی بەشی یەکەم، بەغدا 1961
9. فۆلکلۆری کوردی بەشی دووەم، بەغدا 1961
10. فۆلکلۆری کوردی بەشی سێیەم، بەغدا 1972
11. هەندێک لەبەیت و هەڵبەستەکانی عەلی بەدرشان، بەغدا 1972
جگە لەم بەرهەمانەشی لە بواری کەلەپووری کوردییەوە زنجیرەیەکیشی لەدیوانی هۆنراو ەو شانۆنامەو مێژووی کورد نووسیوە و بەچاپی گەیاندوون.[1]