دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
بەپێی ڕاپۆرتێک لە %95ی بودجەی #وەزارەتی پەروەردە# لە مووچە خەرجدەکرێت و لە کابینەی هەشتەمیشدا ئەو ڕێژەیە بەرزتربووەتەوە، بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە: تاوەکو ئێستا یاسایەکی پەروەردەمان نییە کە سیاسەتی پەروەردەیی هەرێم و فەلسەفەی پەروەردەیی تێدا جێکرابێتەوە.
(ئەمڕۆ سێشەممە 26ی شوباتی 2019) پەیمانگەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان کۆنفڕانسێکی یەک ڕۆژەی لەبارەی ڕەوشی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە کابینەی هەشتەم بۆ ژمارەیەک لە ئەندامانی پەڕڵەمان، مامۆستایانی زانکۆ، شارەزایانی کەرتی پەروەردە و خوێندن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە #هەولێر# سازکرد.
سەروەر عەبدولرەحمان، سەرۆکی پەیمانگای پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە میانەی وتاری دەستپێکی کۆنفڕانسەکەدا ڕایگەیاند: کەرتی پەروەردە بەدرێژایی 27 ساڵی ڕابردووی حوکمڕانی، وەک کۆی کەرتەکانی دیکە، نەک کار بۆ پێشخستنی نەکراوە بەڵکوو ڕۆژ بە ڕۆژ ڕووبەڕووی پاشەکشەی زۆر و مەترسییەکی گەورە کراوەتەوە و نە لە ڕابردوو نە لە ئێستاشدا ئەم کەرتە جێگەی گرنگیپێدانی حکومەت نەبووە، هەر ئەوەش وایکردووە ساڵانە ئەو بودجەیەی کە بۆ ئەم سێکتەرە تەرخاندەکرێت زۆر کەمتربێت لەخواست و پێداویستییە سەرەکییەکانی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن کە ئەمەش هۆکارێکی گەورەی شکستهێنان و پاشەکشەی کەرتی پەروەردەیە.
وتیشی: تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت یاسای پەروەردەمان نییە کە سیاسەتی پەروەردەیی هەرێم و فەلسەفەی پەروەردەی تیادا جێکرابێتەوە، بەشی زۆری کارەکانی کۆنگرەی پەروەردەیش کە دوو کۆنگرە کرا وەک خۆی جێبەجێنەکرا.
ئاماژەی بەوەشکرد: گرفتی بودجەش هەبووە، چونکە ئەو بودجەیەی بۆ پەروەردە تەرخانکراوە لە 95%ی بۆ مووچە ڕۆیشتووە و تەنیا 5%ی بۆ کاروبارەکانی تری خەرجکراوە، هەرچەندە لە کابینەی شەشەمدا لە یاسای بودجەی هەردوو ساڵی 2010 و 2011دا، هەر ساڵەی بڕی (150) ملیار دینار بۆ هەڵمەتی درووستکردنی قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان تەرخانکرا و چووە بواری جێبەجێکردنیشەوە و قوتابخانە درووستکران، بەڵام لە کابینەی حەوتەمدا وێڕای ئەوەی ساڵانی 2012 و 2013 لە یاسای بودجەدا ساڵانە هەمان بڕ تەرخانکرا، بەڵام لەم بودجە تەرخانکراوەدا هیچ قوتابخانەیەک درووستنەکرا و بودجەکەش کە (300) ملیار دینار دەکات نازانرێت چی بەسەر هات و لە چیدا سەرفکرا، ئەمەش لەکاتکێکدایە بەپێی گەشەی دانیشتوان لە حاڵەتی ئاساییدا ساڵانە نزیکەی (50.000) خوێندکار زیاد دەکات و بۆ ئەوانەش جگە لە حاڵەتە ئاساییەکە کە قوتابخانەی ترمان پێویستە، بەشێوەیەک پێویست بوو لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا نزیکەی (500) بینای قوتابخانە درووستبکرێت، بەڵام ئەمە نەکراوە.
سەروەر عەبدولڕەحمان ئەوەشی خستەڕوو: لە بەشێک لە قوتابخانەکان، نامەی ڕەسمی بۆ باوانی قوتابییان دەنێرن کە کۆمەکی قوتابخانە بکەن بۆ کڕینی پێداویستی، لە هەندێک قوتابخانەش لیژنە پێکهێنراوە بۆ هەمان مەبەست، ئەمە لە کاتێکدایە دابینکردنی پێداویستی قوتابخانە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
سەبارت بەڕەوشی بینای قوتابخانەکانیش وتی: لە ساڵی 2017 و 2018 زیاتر لە 60%ی قوتابخانەکانی هەن گونجاو نین بۆ خوێندن و لەکۆی 5 هەزار و 234 قوتابخانە، 3 هەزار و 162 قوتابخانە پێویستیان بەنۆژەنکردنەوە هەیە، ئەمەش جگە لەچەندین گرفتی تر لەبەردەم ئەو کەرتە.[1]
#26-02-2019#