ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتی - قەسەدە ئاماری 47 ڕۆژی ڕابردووی شەڕ و بەرخۆدانی #عەفرین# لە بەرانبەر داگیرکاریی تورکیای ئاشکرا کرد.
دەقی ڕاگەیەندراوی قەسەدە:
هەرچەندە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاری ژمارە 2401ی بۆ ئاگربەست لە سووریای پەسەند کردووە، بەڵام سوپای تورکیا بەردەوامە لە دڕندایەتیی خۆی دژی هەرێمی عەفرین و بڕیارە نێونەتەوەییەکان پشتگوێ دەخات. سوپای تورکیای داگیرکەر هەموو تەکنەلۆژیایەکی سەربازی بە ئامانجی قڕکردنی گەلی عەفرین بەکاردێنێت. لەبەرئەوە هێزەکانی ئێمە ناچار بوون مافی خۆپاراستنی ڕەوا بەکاربێنن و وەڵامی هێرشەکانی داگیرکەران بدەنەوە.
1. شەهیدانی هێزەسەربازییەکانی ئێمە: لە بەرخۆدان و شەڕی هێزەکانمان لە دژی سوپای تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی، 283 شەڕڤانمان شەهید بوون و بە مەڕاسیمی فەرمی بەخاک سپێردراون.
2. کوژراوانی دوژمن: لە شەڕ و چالاکییەکانی هێزەکانمان دژی سوپای تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی، دڵنیابووینەتەوە کە هەزار و 588 سەرباز و چەتە کوژراون. هێزەکانمان دڵنیابوونەتەوە لەم ئەنجامە و تەرمی کوژراوەکان لە مەیدانی جەنگدا بینراون.
3. هێرشی ئاسمانی: سوپای تورکیا هەزار و 26 جار لە دژی ناوچەسیڤیلنشینەکان، بینا، وێستگەکانی ئاو، فێرگە و شوێنەکانی دیکە هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە.
4. هێرش بە کۆپتەر: سوپای داگیرکەر 56 هێرشی لە دژی ناوچەسیڤیلنشینەکان ئەنجامداوە.
5. تۆپباران بە چەکی قورس: سوپای تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی 3 هەزار و 307 جار بە چەکی قورس هێرشی کردووە.
6. شەڕی ڕووبەڕوو: هێزەکانمان 643 جار لەگەڵ سوپای تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی ڕووبەڕووی شەڕ بوونەتەوە کە ئەنجامەکانیان ڕوون بووەتەوە. 176 جاریش شەڕ ڕوویداوە، بەڵام ئەنجام ڕوون نەبووەتەوە.
7. کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە: هێزەکانمان 2 کۆپتەریان خستۆتەخوارەوە کە یەکێکیان لە جۆری کۆبرا و ئەوی دیکەش لە جۆری سکۆرسکی بووە کە بۆ گواستنەوەی سەرباز بەکاردەهێنرا. لە ئەنجامدا 11 سەرباز کوژراون، لەنێویاندا ئەفسەری پلەباڵاش هەبوون.
هەروەها هێزەکانمان دوو فڕۆکەی سیخووڕییان خستۆتەخوارەوە کە لە جۆری (دۆر) و (بایراکتار) بوون. لە هەمان کاتدا، هێزەکانمان گورزیان لە کۆپتەرێکی سوپای داگیرکەر داوە.
8. ئۆتۆمبێله تێکشکێندراوەکان: 96 ئۆتۆمبێلی سەربازی کە لەنێویاندا تانک و زرێپۆش هەبوون، تێکشکێندراون. هەروەها گورز لە 32 ئۆتۆمبێلی سەربازی دیکە دراوە کە تانک و زرێپۆشیشیان لەنێودایە.[1]
#07-03-2018#