دەقی ڕوونکردنەوەی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان:..
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی یەک ساڵی تەمەنیدا، چەندین پرۆژەی گرنگی ڕێگاوباون لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کردووە.
ئەوانەی که چاویان بە کار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی کابینەی ئێستا هەڵنایەت، بە لێدوانی چەواشەکارانە هەوڵی بەلارێدا بردنی ڕای گشتی و خراپ بەکارهێنانی سۆز و عاتیفەی هاووڵاتییان سەبارەت بە ڕووداوەکانی هاتووچۆ دەدەن.
بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لە مانگی تەمووزی ساڵی 2019 تا تەمووزی 2020، (22) پرۆژەی ڕێگاوبان بە بوودجەی (110,791,000,000) دینار جێبەجێکراون.
وەزارەت هەروەها سەرپەرشتیی (69) پرۆژەی بەردەوامی ڕێگاوبان دەکات کە بە بوودجەی (2,475,868,000,000) دینار جێبەجێ دەکرێن.
(2,437,072) پرۆسەی کێش کردن لە وێستگەکانی کێش لە پارێزگاکانی هەولێر، #سلێمانی#، دهۆک و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەرین جێبەجێکراون.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە هەڵمەتی خێرای چاککردنەوەی ڕێگاوبانەکانی نێوان شارەکان لە ماوەی (70) ڕۆژدا، (79) پرۆژە بە بەهای زیاتر لە (42) ملیار دینار لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک جێبەجێ کردووه.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار تەنیا لە بەشی ڕێگاوباندا، بەشی کۆتایی پرۆژەی ستراتیژیی 120 مەتری هەولێر لە نێوان ڕێگای سەرەکیی #هەولێر# و مووسڵ تا ڕێگای هەولێر #کەرکووک# بە گوژمەی زياتر لە 88 مليۆن دۆلار جێبەجێ کردووه. شەقامی بارزانی لە دهۆک بە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانییەوە بە بەهای 69 ملیار دینار جێبەجێ کراوە. هەردوو پرۆژەی 150 مەتری هەولێر و 100 مەتری سلێمانیش لە جێبەجێکردندان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای بارودۆخی سەختی دارایی و پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەپێی توانایی خۆی لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی بواری ڕێگەوبان بەردەوام بووه و بە هیچ شێوەیەک لە بەرنامە و پلانە ڕاگەیاندراوەکانی بۆ پێشخستن و بەرفراوانکردنی ڕێگاوبانەکانی هەرێم سڵ ناکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هاوسەنگی لە پرۆژە جیاوازەکانی نێشتەجێبوون، ڕێگاوبان، ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی دیکە لە تەواوی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەدی دینێت.
لە هەرێمی کوردستان، ئەگەر چی هێشتا هێلی شەمەندەفەر نییە، بەڵام بەرێگای قیڕتاو و نۆژەنکراودا هاتووچۆ دەکەین.
د. جوتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
17/9/2020[1]