کۆنفدراسیۆنی کوردانی دیاسپۆرا (دیاکورد) ڕایگەیاند، بە بۆنەی تێپەڕبوونی یەک سەدە بەسەر پەیماننامەی لۆزانەوە، لەپێناو جێبەجێکردنی مافی پێشێلکراوی چارەی خۆنووسینی گەلی کورد پەنا دەباتە بەر ڕێگەی یاسایی نێودەوڵەتی.
دیاکورد، کە خۆی بە بێلایەن لە ڕووی ئێتیکی، سیاسی، ئایینی و مەزهەبی هەروەها پارێزەری دیموکراسی، ئاشتی، ئازادی، یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی ناودەبات، ئاماژە بەوە دەکات، دوای ئەوەی کە لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیاوە وەڵامیان نەدراوەتەوە، پەنایان بردووەتە بەر دادگەیەکی نێودەوڵەتی.
لە سەدەمین ساڵیادی پەیماننامەی لۆزاندا، دیاکورد، 2ی ئایاری ئەمساڵ2023 لە ڕێگەی پارێزەرەکانییەوە بۆ جێبەجێکردنی مافی پێشێلکراوی چارەی خۆنووسینی گەلی کورد، هەوڵیداوە لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیاوە پڕۆسەیەکی یاسایی دەستپێبکات.
پێشتر دیاکورد ڕوونیکردبووەوە ئەگەر لەو پڕۆسەیەدا وەڵامێکی ئەرێنی وەرنەگرن، ئەوا پەنا دەبەنە بەر ڕێگەی یاسایی نێودەوڵەتیی دیکە.
لەسەر ئەم بابەتە، پارێزەر هشیار ئۆزلاپ بە ڕووداوی گوت، سەرۆکایەتیی کوماری تورکیا لە چوارچێوەی پڕۆسەی یاساییدا وەڵامی ئەوانیان نەداوەتەوە و داواکارییەکانیانی ڕەتکردوونەتەوە، بۆیە دیاکورد بڕیاریداوە دۆسیەکە بباتە دادگە.
دیاکورد لە ڕاگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: پێویستە بەباشی بزانرێت کە 100 ساڵە #پەیماننامەی لۆزان# جگە لە ئازار، نکوڵیکردن و مەرگ، هیچی بە گەلی کورد نەداوە. ئەم دۆخە نەک تەنیا لەلایەن ڕێکخراوەکەمان دیاکورد، بەڵکوو لەلایەن تەواوی گەلی کوردەوە قبووڵ ناکرێت. گەلی کورد پەیماننامەی لۆزان ڕەتدەکاتەوە و دەیەوێت مافی چارەی خۆنووسین بەکاربێنێت، بۆیە ئەم دۆسیە، دۆسیەیێکی مێژووییە. نەک تەنیا دیاکورد، بەڵام هەموو گەلی کورد خاوەنی ئەم دۆسیەیە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەڵبەت ئێمە وەک دیاکورد، چاوەڕێی ئەوە ناکەین دادگەریی تورکیا لە بەرژەوەندیی ئێمەدا بڕیاربدات، بەڵام ئێمە داوا لە ڕای گشتیی نێودەوڵەتی دەکەین کە لەپاڵ تۆمارکردنی ئەم کارە ناڕەوا و نایاساییە، پشتگیریی لە داواکارییە ڕەواکانی گەلی کورد بکەن. دوای قۆناخی دادبینیی دادگەی باڵای دەوڵەت، ئێمە لە قۆناخی دادگەی دەستووریشدا پارێزگاری لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد دەکەین. ئێمە پێشوەخت ڕایدەگەیێنین کە دوای ئەوەی ڕێوشوێنەکان لەنێوخۆی تورکیا تەواو دەکەین، دۆسیەکەمان دەگەیێنینە کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان.
دیاکورد لە ڕاگەیێندراوەکەیدا بانگەواز لە هەموو پارتە سیاسییەکان، ڕێکخراوە سڤیل و وڵاتپارێزە سەربەخۆکان دەکات کە پشتیووانیی ئەم پرسە بکەن.
پارێزەر هشیار ئۆزلاپ وتی: دوای دادگەی باڵا، ئێمە لە ڕێگەی دادگەی دەستوورییەوە، پارێزگاری لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد دەکەین. وەک پێشتریش ڕوونمانکردبووەوە، دوای تەواوبوونی ڕێکارە نێوخۆییەکان، دۆسیەکە دەگەیێنینە کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان.[1]