زانای کۆمەڵناس ساڵی 1939 لە ناوچەی ئیسکسلیپی سەر بە چۆرووم لە خێزانێکی پارێزگار و نەتەوەپەرستی تورک لە دایک بووە و 17 ساڵی تەمەنی خۆی لە زینداندا بەسەر بردووە.
ساڵی 1962 کۆلێجیی زانستیی سیاسیی سەر بە زانکۆی ئەنقەرەی تەواوکردووە. کاتێک لە ئەلازیز لەسەر پۆستی قایمقام ڕاهێنانی دەکرد، بۆ یەکەم جار تێکەڵ بە کورد بوو.
کاتێک لە کۆلێجی هونەر و ئەدەبی سەر بە زانکۆی ئەتاتورک لە ئەرزەڕووم وەک یاریدەدەری مامۆستای کۆمەڵناسی کاری دەکرد، مۆستایەکی هەمان کۆلێج بەناوی ئۆرهان تورکدۆغان هەواڵی لێ دا و تۆمەتی “پڕوپاگەندەی مارکسی و جوداخوازی”ی بۆی هەڵبەست. بۆیە بێشیکچی لە سەردەمی کودەتای ساڵی 1971دا لە دادگەکانی ڕەوشی نائاسایییدا دادگایی کرا.
لەوە بەدواوە پێوەندیی بە زانکۆوە نەما و ڕۆژانی گرتیگە دەستیان پێ کرد. ساڵی 1974 لە گرتیگە دەرچوو. پاش ئەوە لە پای بۆچوونی لە بارەی پرسی کوردەوە دادگایی کرا.
پێش کودەتای 1980، ساڵی 1979 خرایە گرتیگە و ساڵی 1987 ئازاد کرا، بەڵام داواکانی دژی درێژەیان کێشا و تا ساڵی 1999 بە دەستگیرکراوی مایەوە.
بێشیکچی تا ئێستا 36 پەڕتووکی لەسەر گەشەپێدانی ڕۆهەڵات و مەسەلەی کورد نووسیوە و لەلایەن وەشانخانەی (یورد) ەوە بڵاو کراونەتەوە، بەڵام 32 دانەیان قەدەخەن.
ئەگەرچی ساڵانێکی درێژ لە گرتیگەدا مایەوە، بەڵام نە لە ڕای گشتی تورکیا و لە ڕۆئاوا وەک ئەوەی شایەن بەوە، پشتیووانیی لێ نەکرا.
لەم ڕۆژگارەدا باسکردنی پرسی کورد لە بەردەم یاساکانی تورکیادا تاوان نییە، بەڵام بەو هۆیەوە داوای 100 ساڵ زیندانیکردن بۆ بێشیکچی کراوە و 17 ساڵی ژیانی لە گرتیگە بەسەر بردووە و لە 21 ساڵانەوە بە گرتیگە ئاشنا بووە.
بێشیکچی ئێستا لە ئەنقەرە دەژی و بۆ چەندین کۆوار و ماڵپەڕی جۆراوجۆری ئینتەرنێت دەنووسێت.