مام #جەلال تاڵەبانی#، سەرکردە عێراقییەکان دەهێنێتە #هەولێر#
#مەسعود بارزانی# پەیامی دەبێت
بەبۆنەی کۆچی دوایی مام جەلال مەڕاسیمێکی فراوان لە هەولێر بەڕێوەدەچێت
وابڕیارە لە ساڵیادی کۆچی دوایی مام جەلال، مەڕاسيمێکی گەورە لە هەولێر بەڕێوەبچێت بەشێک لە سەرکردە عێراقی و سیاسییەکانی جیهانیش ئامادەیی ئه و ڕێوڕەسمە دەبن.
بەپێی زانیارییەکانی بوار، ڕۆژی دووشەممە، 3ی ئۆکتۆبەری 2022، بەبۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی مام جەلال #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# ڕێوڕەسمێکی فراوان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر ئەنجامدەدات.
بوار زانیویەتی، جگە لە ئامادەبوونی هەریەک لە #نێچیرڤان بارزانی# و #مەسرور بارزانی# لە ڕێوڕەسمەکەدا مەسعود بارزانی، سەرۆکی #پارتی دیموکراتی کوردستان#یش پەیامێکی ڤیدیۆیی، یاخود نووسینی دەبێت.
بەپێی بانگهێشتنامەکان، زۆرینەی سەرکردە عێراقییەکان و بەشێک لە سیاسەتمەدارە جیهانییەکانيش بەشداری لە ڕێورەسمەکەدا دەکەن و واچاوەڕواندەکرێت دوای کۆتایهاتنی مەڕاسیمەکە ژمارەیەک کۆبوونەوە لە نێوان سەرکردەی لایەنەکانی هەرێم و عێراق ئەنجامبدرێت.
بەپێی زانیارییەکان، ئەگەری هەیە هەریەک لە نوری مالیکی و هادی عامری و عەمار حەکیم چەند سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنە شيعەکان و حکومەتی عێراق بەشداری ڕێوڕەسمی کۆچی دوایی مام جەلال، سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق و سکرتێری پێشووتری یەکێتیی بکەن.
هەربەپێی زانیارییەکان، هەمان ڕۆژ #بافڵ تاڵەبانی#، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، قوتابخانەیەک لەگەڕەکی شەهیدانی یەکێتیی لە هەولێر بەسەردەکاتەوە و بڕیاریشە ژمارەیەک پارچە زەوی بەسەر کەم ئەندامانی سەنگەر و پێشمەرگەی دێرین دابەش بکات. [1]