لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەریەک لە، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری #هەولێر#، د. عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، لەگەڵ هەر (10) قایمقام و بەڕێوەبەرانی پۆلیس، ئاسایش، تەندروستی و سەرجەم فەرمانگەکانی دیکەی سنووری پارێزگای هەولێر، ئەم بڕیارانەی لای خوارە لەبارەی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا پەسندکران.
1- جەخت کردن و پابەندبوون بە سەرجەم بڕیارەکانی لێژنەی ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا، تایبەت بە ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی، هەروەها جێ بەجێ کردنی سەرجەم بڕیارەکانی #وەزارەتی ناوخۆ# و ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
2- ڕێوشوێنەکانی کەرەنتین بەردەوام دەبێت و بۆ لەمەبەدوا ڕێوشوێنی توندتر دەگرینەبەر، داواش لە وەزارەتی ناوخۆ و وازارەتی تەندروستی دەکەین، سەبارەت بەو خەڵکانەی لەو وڵاتانەی نەخراونەتە ناو لیستی کەرەنتین و لەڕێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دێنە ژوورەوە، بخرێنە کەرەنتینەوە و هاوشێوەی ئەو هاوڵاتیانەی لە ئێران دەگەڕێنەوە وادەیەکیان بۆدیاری بکرێت، کە دوای ئەو وادەیە بۆیان نەبێت بگەڕێنەوە، هەر کەسێکیش بە ڕێگەی قاچاخ لەمەرزەکان یان لە شوێنی دیکە گەڕاوەتەوە، ئەوا دەست بەجێ بە ماڵ و منداڵییەوە دەخرێتە کەرەنتین، ئەوانەشی کە ماوەی کەرەنتینیان تەواو بووە، لەلایەن تیمەکانی تەندروستییەوە پشکنیان بۆ دەکرێت، دوای دڵنیا بوون لێیان، ئینجا ڕەوانەی ماڵەکانیان دەکرێنەوە.
3- لە 2020.3.14 تاوەکو 2020.4.1 هاتوو چۆکردنی هاووڵاتیان لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان قەدەخەکراوە، جگە لە تیمە تەندروستییەکان، دیپلۆماتکاران، ڕێکخراوەکان و ئاژانسەکانی un، کۆمپانیاکانی سووتەمەنی نەوت و غاز، هێزە ئەمنییەکان و بازرگانەکان، بۆ هەر حاڵەتێکی دیکە، پێویستە ڕەزامەندی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان وەربگیریت لە ڕێگەی هێڵی گەرم بە ژمارە(122)، کە لە نوێنەرایەتی قایمقامەیەتەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی و بەڕێوەبەرانی پۆلیس و ئاسایشی هەولێر پێکهاتووە.
4- بۆ جەژنی نەورۆز، داوا لە هاوڵاتیانی سنووری پارێزگاکەمان دەکەین، هەتا بۆیان دەکرێت گەشت و سەیران نەکەن و لەماڵەکانی خۆیان بمێننەوە، ئەگەر دەشیکەن بەتەنها وەک خێزان بڕۆن و دووربن لە قەرەباڵغی و سازکرندنی ئاهەنگ و دروستکردنی جەنجاڵی و قەرەباڵغی، پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی خۆتان لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە.
5- سەبارەت بە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران، ڕێوشوێنی پێویست دانراوە و بۆ لەمەو دواش ڕێوشوێنی دیکەی پێویست گیراوەتەبەر، دڵنیایی دەدەینە هاوڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر، کە دۆخەکە وەک خۆیەتی و هیچ قەیرانێکی کەمبوونی کەلوپەل و پێداویستییەکانمان نییە، لە مەرزی حاجی ئۆمەران ئەو جموجۆڵە بازرگانییەی کە هەبووە وەک خۆیەتی و بەردەوامە و هیچ گۆڕانکارییەک ڕووینەداوە، تەنها لەڕووی تەندروستی بەمەبەستی پاراستن و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان ڕێکخراوە، لەگەڵ پارێزگاکانی ناوەڕاست و خواری عێراقیش لە بازگەی شێراوە گۆڕەپانێک تەرخانکراوە، کە تێیدا ئاڵوگۆڕی بارهەڵگرەکان دەکرێت، هەموو ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانیانەی کە هەبووە نەوەستاوە و بەردەوامە.
6- لە 2020.3.14 تاوەکو 2020.4.1 داخستنی سەرجەم کۆمەڵگا و هاوینەهەوار و پرۆژە گەشتیارییەکان.
7- لە 2020.3.14 تاوەکو 2020.4.1 داخستنی سەرجەم پارکە گشتییەکان و باخچە حکومی و ئەهلییەکان.
8- لە 2020.3.14 تاوەکو 2020.4.1، داخستنی سەرجەم سەرتاشخانە و کافتریا و چایەخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێر.
9- لە 2020.3.14 تاوەکو 2020.4.1 ڕاگرتنی سەرجەم ڕێستورانت و چێشتخانەکان، تەنیا بۆیان هەیە بە شێوەی گەیاندنی خێرا (دلیڤەری) خورادن بفرۆشن، بە پێچەوانەوە دادەخرێن.
10- داخستنی یەکجارەکی سەرجەم شوێنەکانی سەربڕینی ئاژەڵان و پەلەوەر و شوێنەکانی دیکەی فرۆشتنی گۆشت، ئەوانەی کە مۆڵەتی فەرمی تەندروستییان نییە.
11- سەبارەت بە شوێنە جەنجاڵ و قەرەباڵغەکان و بازاڕە میللیەکان، دەسەڵات دراوەتە قایمقامیەتەکان هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن، هەر شوێنێک جەنجاڵی، قەرەبالغی و بەریەککەوتنی زۆری هاووڵاتیانی تێدابوو، ڕێوشوێن و ڕێکاری تایبەت بگرنەبەر.
12- پێشانگاکانی فرۆشتنی ئوتۆمبێل لە ڕۆژانی هەینی دادەخرێن، هەر کەسێک و خاوەن پێشنگایەک سەرپێچی بکات، ڕێکاری توندی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و شوێنەکەی بۆ ماوەیەک دادەخرێت، دەسەڵاتیش دراوەتە قایمقامیەتەکان، ئەگەر ڕۆژانی دیکە جەنجاڵی و قەرەباڵغی هەبێت بەهەمان شێوە دابخرێن.
13- هەڵمەتی ڕشاندنی (موعەقەم)ی دژە ڤایرۆس لەهەموو شوێنە گشتیەکان و بازاڕەکان بەردەوام دەبێت.
14- بەندیخانەکان، خانەی بەساڵاچوان، خانەکانی نەوجەوانان، شلتەری ئافرەتان، بەمەبەستی پاراستنی تەندروستی و سەلامەتیان ڕێوشوێنی توند گیراوەتەبەر.
15- کەمپەکانی پەنابەر و ئاوارەکان ڕێوشوێنی توند گیراوەتە بەر لە چوونە ژوورە و هاتنە دەروە و ڕشاندنی (موعەقەم)ی دژە ڤایرۆس و داخستنی هەموو شوێنە قەرەباڵغەکانی.
16- داوا لە وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین، بۆ ئەوانەی شوێنەکانیان داخراوە، چ ئەوانەی کرێنشینی حکومەتن یان کرێنشینی خەڵکن، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری پێویست لە بارەیانەوە بدرێت و لە کرێکانیان داشکاندن و کەمکردنەوەیان بۆ بکرێت.
17- هەندێ کەس بەنیازن بە قۆستنەوەی ئەم دوخە و سەرقاڵبوونی حکومەت بە ڕووبەڕوو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەرپێچی بکەنە سەر موڵکی گشتی و ئەرزی حکومەت، لەم بارەیەوە قایمقامیەتەکان ڕاسپێردراون توندترین ڕێکار بەرامبەر ئەو جۆرە کەسانە بگرنەبەر.
دڵنیای هاوڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکەینەوە، شەو و ڕۆژ دەخەینە سەر یەک بۆ پارێزگاریکردن لە سەلامەتی و تەندروستیان، داوا و تکا دەکەین پابەندبن بە ڕێنمایی و بڕیارەکان.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر
#12-03-2020#