وەزیری نادری
شاعیرێکی #باکووری کوردستان# و ئاوارەی #قەفقاس#
لە 10ی مایسی 1911 لە گوندی بۆرالان لە ناوچەی #قەرس# لە باکووری کوردستان لە دایک بووە.
لە ساڵی 1925 لە دوای کارەساتەکەی لەسێدارەدانی #شێخ سەعیدی پیران# و هاوڕێکانی، و قەڵاچۆکردنی کورد لەلایەن کەمالییەکانەوە بەردەوام بوو. لەو ڕۆژگارە شوومەدا لە ساڵی 1926 هەزار و حەوسەد ماڵی عەشرەتەکانی برووکی و شاولێک و بەشک و بانۆکی کورد و هیی دیکە لە دەست دڕندەیی تورکە کەمالییەکان ئاوارە بوون و خاکیان بەجێهێشت و ڕوویان کردە قەفقاسی #ڕووسیا# و پەنایان بردە بەر دەسەڵاتی سۆڤێتییەکان. ماڵی وەزیر یەکێک بوو لەو ئاوارانە…
لە ساڵی 1928 وەزیر بوو بە قوتابیی قۆناغی ناوەندی لە گوندی سێردەرەک، ئەم ناوچەیە کۆماری ئەفتۆنۆمی بوو سەر بە ئازەربایجان و دانیشتووانی بە زۆری ئازەری و ئەرمەن و کەمێک کورد بوون. ساڵێک ساڵێک لەو قوتابخانەیەی خوێندووە و ئەوجا بووە بە مامۆستای قوتابخانەی گوندی شاوڵێک لەو ناوچەیەدا. لە پاشان لە ساڵی 1933 کارگێڕی ئەو قوتابخانەیەی پێ سپێردراوە. لەم کارەیدا زۆر نەماوەتەوە لە پایزی ئەو ساڵەدا ماڵی گواستۆتەوە #یەریڤان# و بووە بە مامۆستای تیکنیکۆم و وانەی زمانی کوردی وتۆتەوە. لە ساڵی 1935 دا بووەتەوە بە قوتابی لە ئامۆژگای پەروەردەیی ئەرمەنی و ئامۆژگای پەروەردەیی ڕووس، لە ساڵی 1939 هەردووکیانی تەواوکردووە.
لە ساڵی 1940 لە زانستگای یەریڤان وتنەوەی زمانی فارسی پێ سپێردرا. لەو کاتەی کە مامۆستا بوو لە زانستگا لە بەشی خوێندنی باڵا خۆی ناونووس کرد و بوو بە قوتابی دکتۆرا..
نامەی خوێندنی باڵای ئامادە کرد، لەسەر بەرگریکردن لە نامەکەی بەڵام مەرگ مۆڵەتی نەدا، لە ڕۆژی 26ی کانوونی یەکەمی ساڵی 1946 بە دەستی نەیارانی دەسەڵاتی سۆڤێتی و دوژمنانی کورد کوژرا، و کورد فرزەندەیەکی دیکەی گۆڕەپانی ئەدەبی و ڕۆشنبیری لەدەست چوو.
لە سییەکانی سەدەی بیستەمدا کۆمەڵێک وتار و نووسینی هەمەڕەنگی لە ڕۆژنامەی (ڕیا تازە) ی کوردی لە یریڤان بە زمانی کوردی بڵاوکردووەتەوە.
وەزیر دەوری گرنگی بوو لە ناساندنی کورد لە هەموو هەموو ڕوویێکەوە بە خوێنەری ئازەری و ئەرمەن، بۆ ئەم مەبەستەش گەلێ وتاری بە زمانی ئەرمەنی لە ڕۆژنامەی (ئەرمەنستانی سۆڤێت) و بە زمانی ئازەری لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئازەربایجان بڵاو کردەوە.
گرنگترین گتێبێکی پەروەردەیی ئەوەیە کە وەزیر بۆ قوتابییانی داناوە و لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی ئەرمەنستانەوە بڕیاری لەسەردراوە وەک پەرتووکێکی سەرچاوە بۆ قوتابخانە کوردییەکان، ئەم پەرتووکە بەم ناوەوە بڵاوکراوەتەوە (زمانی کورمانجی -زماننامە، ڕاستنفیسار، ئاخەفتنا خەبەردانێ، ژ نالەیی مینیستیریا ڕۆنایی ئەرمەنستانێ هاتییە قەبوول کرنێ) لە یریڤان لە ساڵی 1947 لەچاپ دراوە.
وەزیری نادری ئەگەر خوێندەوار نەبوایە دیسانەوە دەبوو بە شاعیرێکی میللی سەرزاری وەرگێڕایە سەر ئەو جۆرە هەڵبەستەی کە لە دواییدا هەڵبەستی کلاسیکی پێ دەڵێن.
لە ناوەڕاستی سییەکانی سەدەی بیستەم دوو بەرهەمی ئەدەبی داهێنراوی گرنگی بڵاوکردەوە:
1-کۆمەڵە هەڵبەستێک بە ناوی (نووبار) ەوە، ئەم بەرهەمە تاقیکردنەوەیەکی بەکەڵک بوو بۆ درووستبوونی ئەدەبێکی نووسراوی بەرز لەناو کوردی ئەو وڵاتە کە لەمەوپێش ئەدەبی نووسراویان نەبوو، ، بەڵکوو خاوەنی ئەدەبێکی میللی سەرزاری جوان بوون.
2-لە ساڵی 1935 (ڕەڤا ژنێ، پیەسابۆنا تاترۆنێ کورمانجا ژ چار پەردە) . ئەم بەرهەمە درامایێکی شانۆگەرییە بەناوی ڕدووکەوتن یا بەدووکەوتنی ژن، لە چوار پەردە پێکهاتووە. شاعیر هەوڵ دەدا ناشیرینی و ناهەمواری ئەم ڕەوشتە خێڵەکی و دواکەوتووە لەبەرچاوی خەڵکی کورد ڕەش بکا. ئەوەی ڕاستی بێ کوردی ئەو وڵاتە لەو ڕۆژگارەی ژیانی ژیانی تازەیان دەست پێ کردبوو و گەورەترین ناگزوورییان نەخوێندەواری و بەدووکەوتنی ژن بوو، ئیتر نەک تەنتەنیا وەزیر بەڵکوو بەگشتی بزووتنەوە ئەدەبییە تازەکەیان بایەخی زۆری بەم دوو جۆرە کیرووکرفتە دەدا و ڕەنگیان لە ئەدەبی کوردی و شانۆدابووە و بە هەڵبەست و پەخشانەوە.
چالاکی ئەدەبی وەزیر لە جەنگی دووەمی گێتیی سەدەی بیستەم لەلوتکەدا بوو، هەڵبەستی زۆری دژی بیری نازیزم و فاشیزمی هەڵگیرسێنەرانی جەنگ نووسیوە، ستایشی بەرەی سوێندخۆرانی کردووە بەتایبەتی دەسەڵات و سوپای سۆڤێتی ئەو سەردەمە.
نموونەی ئەم ئەدەبە بەرزەی چیرۆکی هەڵبەستی (وەتەن و هزکرن) (نیشتمان و دڵداری) . یا (نادۆ و گولیزەر) ە کە چیرۆکێکی هەڵبەستی درێژه، خۆیان (پۆیێم) ی پێدەڵێن، لە دە بەش پێکهاتووە، بەرهەمێکە گەلێ هەڵویستی ناسک لە ژیانی تاکی ناو کۆمەڵ و مرۆڤایەتی دەورووژێنێ.
وەزیر لەم کارە ئەدەبییەدا بایەخی زۆری بەو ڕووداوانە داوە کە لە مێژووی کوردا بوون بە ڕەمزی شانازی وەکوو شەرەفخانی بەدلیسی و ئەحمەدی خانی و خانی لەبزێڕین و مەلای جەزیری یاد دەکاتەوە. بەلای ئەوەوە کورد تەنیا دێرینەکە نییه..
وەزیر ی شاعیر گێڕاندنەوەی ڕووداوەکانی بە قسەی نەستەق و پەندی پێشینان ڕازاندۆتەە، ڕەچای ئەوەی کردووە زۆرترین خەڵکی کوردزمان لە خوێندەوار و نەخوێندەوار لە قسەکانی بگەن، و مێشک و خەیاڵیان بجووڵێنێ.
مامۆستا جەمیل ی مەلا قەرە لە پەرتووکی (یار و دیار) وەها باسی وەزیری نادری دەکات...لە ساڵی 1943 کە ئوردووی دەوڵەتی سۆڤێت دەچێتە ناو خاکی ئێران، وەزیری نادری وەکوو کوردناسێک لەگەڵ لەشکری سوور دەچێتە مەهاباد و نێوانگیری و پەیوەندی کوردان بە لەشکری سوور ڕێک دەخات و کار بۆ سەرخستنی ماف و داوا ڕەواکانی کوردان و کۆماری کوردستان دەکات و هاوکاری پێشەوا قازی محەمەدیش دەکات و هەر لەو پێناوەشدا لە دواڕۆژەکانی تەمەنی کۆمار و کشانەوەی سۆڤێت دەبێت بەقوربانی ئەو تێکۆشانە و لە 26کانوونی یەکەمی ساڵی 1946 بەدەستی نەیارانی سۆڤێت تیرۆر دەکرێت و لە گۆڕەپانی ناواری (تۆخماخ گۆڵی) لە ئەرمەنستان بە خاک دەسپێردرێ.. بەوەش گەلی کورد ڕۆڵەیەکی بەوەجی ڕۆشنبیری سیاسی و ئەدەبی کوردی لە دەستدەچێت و لەناو دڵ و هزری شاعیران و تۆڕەڤان و ناوەندە ڕووناکبیرەکانی کوردانی قەوقاز بە نەمری دەمێنێتەوە....
وەزیر پێشەکی چیرۆکەکەی بەم دێڕە هەڵبەستانە دەستپێدەکات:
خولی دێیە بۆنا هەر بەنی ئینسان
هەر تشت ژێیە ئۆ مردن هەر زەمان
وەڵات باڤە نە تەنێ فرۆتن نەکڕین
ئازایی ناڤە کولتوور بۆی تاریقا مێزین …...
ئامادەکردنی: #ڕاپەر عوسمان عوزێری#
سەرچاوەکان:
1-پەیجی ڕادیۆی کوردی یەریڤان.
2-ڕۆژنامەی ڕیا تازه
3-د.مارف خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی کوردی.
4-مامۆستا جەمیلی مەلا قەره.[1]