ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق ئاماژە بەوە دەکات بەهۆی ئەوەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی ئێراق بڕیاری کۆتایی و یەکلاکەرەوەن و هیچ کەس مافی ئەوەیی نییە تانەیان لێبدات، بۆیە ناردنی 400 ملیارەکە لە ڕووی یاساییەوە کۆتایی هاتووە ڕەوانە ناکرێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت چیدیکە ئێراق پارە بۆ هەرێم نەنێرێت.
د.#جەمال کۆچەر#، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق ڕایگەیاند: بابەتی ناردنی 400 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕووی یاساییەوە کۆتایی و هاتووە و ڕەوانە ناکرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەر بڕیارێک لە دادگای فیدراڵی ئێراق دەربچێت دەبێت هەموو لایەک پێوەی پابەند ببن و هیچ کەس و لایەنێکیش مافی تانە لێدانی لە بریارەکانی دادگای فیدراڵی نابێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی بەو مانایەش نایەت کە چیدیکە ئێراق ناتوانێت پارە بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵکوو ئەگەر حکومەتی ئێراق بەراستی نیەتی هەبێت لەگەڵ هەرێم ڕێکبکەوێت و پارەی بۆ ڕەوانە بکات، ئەوا دەتواندرێت جگە لە بەشە بودجەی هەرێم کە ڕێککەوتنی لەبارەوە دەکرێت، دەتواندریت لە پڕۆژە یاسای بودجەشدا بڕی ئەو 400 ملیارە جێگەی بۆ بکرێتەوە و قەرەبووی هەرێم بکاتەوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق ئەوەشی خستەڕوو، ناردنی پارە لەلایەن وەزارەتی دارایی یان بانکی ناوەندی یاخود بانکی بازرگانی ئێراق TBI هیچ جیاوازییەکی نییە چونکە دواجار ناردنی پارەیە لە ئێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان بۆیە ئەوەش کۆتایی هات کە ئەو 400 ملیار دینارە لە ڕێگەی بانکی بازرگانییەوە بەشێوەی قەرز بدرێت بە هەرێم بۆیە تاکە چارەسەر ئەوەیە لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2023 جێگەی ئەو پارەیە بکرێتەوە. [1]