#مەسرور بارزانی#، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا دەکات، لە ماوەی شەش مانگدا یاسای دادگای فیدراڵی ئێراق لەلایەن پەڕڵەمانەوە دەرچێت و دادگاکە بە یاسای نوێ دەستبەکاربێتەوە.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی ئەڵمانی، لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەدا، هەوڵێکە بۆ تێکدانی دەرفەتی چارەسەرکردنی کێشەکان.
بە گوێرەی ماڵپەڕی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ. لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، کە دوا بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵ بۆ ڕێگەگرتن لە ناردنی بەشێک لە شایستە داراییەکان بۆ هەرێمی کوردستان، هەوڵێکی دیکەی ناڕەوای ئەم دادگایەیە، بۆ تێکدانی ئەو دەرفەتە نوێیەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەو کەشە ئەرێنیەیە کە لە دوا سەردانی شاندی باڵای حکومەت بۆ #بەغدا# درووست بوو.
مەسرور بارزانی وتیشی: بەپێی ڕێککەوتنی لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت و کارنامەی کابینەی نوێی ئێراق، پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا لە دوای دەستبەکاربوونی حکومەتی ئێراق، هەردوو پڕۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵ و ئەنجوومەنی ئیتیحادی دەربچن، چونکە هەنگاو و ڕەفتارەکانی ئێستای دادگای فیدراڵ، بە داخەوە کێشە درووستکردنە لە بەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ. [1]