$ئۆجەلان دەبێتە ماندێللا؟$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#23-12-2013#
کاتێک نوێترین وێنەکانی بەڕێز #عەبدوڵڵا ئۆجەلان#، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان PKK، بڵاوبوونەوە، لە ئەفریقای باشوور بووم. لە وێنەکاندا ئۆجەلان چیدیکە پیاوە ڕیش و سمێڵ ڕەشە قەترانییەکەی جاران نەبوو. هەرچەندە بە مۆراڵێکی بڵندەوە دەرکەوتبوو، بەڵام مووەکانی سپی ببوون. ئۆجەلانی سەرسپی، ماندێللای سەردەمی بەر لە زیندان و دوای زیندانی بیرهێنامەوە کە چۆن بە قژی ڕەشەوە چووە زیندانەوە و چۆنیش بە سەری سپییەوە هاتە دەرەوە. لەوێ پرسیم: ئۆجەلان دەبێتە ماندێللای سەردەمی خۆی؟ وەڵامەکەشم نەخێر بوو.
لەنێوان ئۆجەلان و ماندێللادا چەندە خاڵی هاوبەش هەن، زۆرتر لەوەش جیاوازی هەن. هەردوو سەرکردە ڕێبەرایەتیی جووڵانەوەیەکیان بۆ ڕزگاربوونی گەلەکەیان کرد. هەردووکیشیان کاتێک دەستگیرکران کە هەموو دنیا وەکوو “تیرۆریست” هەواڵی گیرانەکەیانی دەگواستەوە. ماندێللا گەنجێکی چوست و چەلەنگ بوو و لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا گیرا کە دەمانچەیەکی شۆڕشەکەی تێدابوو، ئۆجەلانیش لە وڵاتێکدا گیرا کە وەک دواتر دەرکەوت، زۆری نەمابوو لێیەوە بگاتە وڵاتی ماندێللا و تێیدا نوایەکی ئارام بدۆزێتەوە.
هەم ماندێللا و هەم ئۆجەلان لەنێو زینداندا بوونە سیمبولی بەرخۆدانی گەلەکانیان. بۆیە وەکچۆن لە ئەفریقای باشوور مەرجی ئازادکردنی ماندێللا مەرجی لەپێش بوو بۆ دانووستاندن لەگەڵ حکومەتی ئاپارتهاید، ئاواش مەرجی ئازادکردنی ئۆجەلان بۆ هاوەڵەکانی بەردەوام خاڵێکی سەرەکیی نێو ئەجێندای دانووستاندنەکان بووە لەگەڵ حکومەتی تورکان. کاتێک ماندێللا ئازادبوو چیدیکە گەنجە چوست و چەلەنگەکەی جاران نەمابوو، ئەگەر ئۆجەلانیش ئازادببێت چیدیکە پیاوە مووڕەشەکەی جاران نییە. جیاوازییەکان لەدوای ئازادکردنی ماندێللاوە دەستپێدەکەن. کاتێک ماندێللا ئازادبوو، لایەنی بەرانبەرەکەی، ئەگەر نەڵێین دوژمنەکەی، کەمینەیەکی سپی پێست بوو کە حوکمی ئەفریقای باشووری کردبوو. بۆیەش لەدوای ئازادکردنییەوە ئەو کەمینە سپییە لە تۆڵەی زۆرینەی ڕەشپێست دەترسان. لە تورکیا ئەوەی وڵاتی کوردانی داگیرکردووە و چەندین ساڵ زوڵمی گەورەی لە نەتەوەی ئۆجەلان کردووە، تەنانەت دوای ئازادکردنی ئەویش وەکوو زۆرینە دەمێنێتەوە و کورد هەر لەڕووی ژمارەوە کەمتر دەبن لەوان. بۆیەش ترسی تۆڵەسەندنەوەی کورد هێندە ترسێکی گەورە نییە بۆیان. هەروەها ماندێللا کە ئازادکرا، کەوتە پێگەیەکەوە کە بڕیار لەسەر لێبووردن یان تۆڵەکردنەوە بدات و دەشیتوانی تۆڵە بکاتەوە، بەڵام ئۆجەلان ناکەوێتە ئەو پێگەیەوە.
خاڵێکی دیکەی جیاوازیی نێوان ئۆجەلان و ماندێللا لەوەدایە کە ماندێللا بێمنەت بوو، دەیزانی بە سندووقی دەنگدان دەتوانێ حوکمی هەموو خەڵکی ئەفریقای باشوور بە ڕەش و سپییەوە بکات، بەڵام ئەگەر ئۆجەلان ئازاد بوو، ئەو دڵنیاییەی نییە و زەحمەتیشە بتوانێ بگاتە ئەو پێگەیە.
جیاوازییەکی دیکە لە شێوازی کارکردن و بڕوابوونی ماندێللادایە بە فرەحیزبی و فرەڕەنگی. ئەو لەدوای ئازادبوونی، بنەمای فرەیی لە دەستووری وڵاتەکەشدا چەسپاند. بۆیە ئێستا مۆتۆی دەوڵەتی ئەفریقای باشوور کە لەسەر زۆر لە باڵەخانەکان نووسراوە، بریتییە لە “یەکێتی لە فرەییدایە”.
بەڵام بیر و کردەوە و ڕابردووی ئۆجەلان و پارتی کرێکارانی کوردستان PKK پیشانیدەدات کە تەواو پێچەوانەی ماندێللایە. هەم لە سەردەمی خەباتی شاخدا، کە هێشتا ئۆجەلان ڕێبەرێکی ئازاد بوو، هەم لەدوای ئەویش و لە ئەزموونی ڕۆژاوای کوردستان و تەنانەت باکووری کوردستانیشدا PKK هیچکات یەکێتی-ی لە فرەییدا نەبینیوە.
بۆیە پێم وایە ئۆجەلان ئازادیش بێت نابێتە ماندێللای سەردەمی خۆی. ڕەنگە ئەو مرۆڤەی بەر لە گیرانیشی نەمێنێت و ببێتە ئۆجەلانێکی نوێ. ئۆجەلانێک کە ڕەنگە نە بە کەیفی ئەوانە بێت کە لەسەردەستی خۆی پەروەردە بوون و نە بە کەیفی ئەوانەش بێت کە دەیانەویست ئۆجەلانێکی جیاوازی لێ درووست بکەن. [1]