لەژێر ناوی ( #زێوەر#.. چرای شارێک) و بەبۆنەی 68 ساڵەی کۆچی دوایی ئەو شاعیرە، ڕێکخراوی #هیوا فاوندەیشن# کە دامەزراوەیەکی قازانج نەویستی سەربەخۆی ئەهلییە، بەرهەمێک لەبارەی ئەو شاعیرەوە بڵاو دەکاتەوە. لە 10-11-2016
لەم بەرهەمەدا هەریەک لە د. ڕەئووف عوسمان، مەحمود زێوەر، د. عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ، خەیریە زێوەر، د. میهر پاکزاد) باس لە ژیان و بەرهەمەکانی ئەم شاعیرە دەکەن و ڕاڤە و شیکاری بۆ تێکستە شیعرییەکانی دەکەن.
زێوەر ناوی تەواوی بریتییە لە (عەبدوڵا کوڕی محەمەدی مەلا ڕەسووڵ)، لە ساڵی 1875ی زاینی لە شاری سلێمانی لە دایک بووە، حوجرە و مزگەوت کانگەی بەهرەی خوێندنی بووە، جگە لە زمانی کوردی، زمانەکانی (فارسی، تورکی و عەرەبی) زانیوە و هۆنراوەی بەهەریەک لەو زمانانەش نووسیوە، لە ڕۆژی (11/10/1948) لە شاری سلێمانی لە تەمەنی 73 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و لە گردی سەیوان بەخاک سپێردراوە.
هۆنراوەکانی لەبارەی دڵداری و خۆشەویستی، وەسفی سروشت، کۆمەڵایەتی، نیشتمانپەروەری و نەتەوەیی، فێرکردن و هاندان بۆ خوێندن و پێشکەوتن، فەلسەفەوە بوون.
رێکخراوی هیوا فاوەندەیشن دامەزراوەیەکی قازانج نەویستی سەربەخۆی ئەهلییە، ساڵی 2013 لەلایەن هیوا ڕەئووف-ەوە لە شاری سلێمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دامەزراوە.
هیوا فاوندەیشن کار دەکات بۆ گەشەپێدانی تواناکانی خەڵک لە ڕێگەی بڵاوکردنەوە و پشتگیریکردنی بابەتی داهێنەرانەی پەروەردەیییەوە، ئەمەش بە وەبەرهێنان لە سەرمایە مرۆیییەکانی کۆمەڵگەکەمان دەزانێت. ئامانجیش لەم کارە گەیشتنە بە ئەنجامی ئەرێنی لە نەوەکانی داهاتوودا و یارمەتیدانی تاکەکانی کۆمەڵگەیە بە ژن و پیاوەوە بۆ پێشخستنی تواناکانیان و گەیشتن بە ئامانجە بەنرخەکانیان.
ستافی بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمە پێک هاتوون لە:
ئامادەکردن و دەرهێنان: جەمال لۆلۆ
هاوکار: حەمە جەزا محەمەد
تێکست: جەمال لۆلۆ
خوێندنەوەی تێکست: زاهۆ محەمەد
بەڕێوەبەری بەرهەم: نیان عەبدوڵا ئەحمەد
کامێرا: ئالان جەلال، گۆران عازەبانی
مۆنتاژ: بەڵێن کەمال