نامەیەکی دیکەی تۆفیق وەهبی بۆ کەمال فوئاد
28ی مایس، 1975
د. کەمال فوئادی خۆشەویستم،
ئەو دەستوورەی زمانی کوردییە کە دەینووسم، دوو پەلە: یەکێکی بۆ مامۆستاکان، و پەلەکەی تری بۆ شاگردەکان. پەلی مامۆستاکان کە بەرامبەر بە لاپەڕەکانی دەستوورەکەیە، بریتی دەبێ لە لێکۆڵینەوەیێکی زمانی کوردی، بە هۆی ئەو دانیارانەوە کە لە دەستوورەکەدا ڕادەبوورێ.
لەوێدا باسی سەرف و نەحووەکەی مامۆستای گەورەم مەلا ڕەشید بەگی بابانی ڕەحمەتی دەکەم، باپیری بەڕێزتان بە نەوەی ئەمڕۆ و ئاییندەی کورد، دەدەمە ناسین کە خاوەنی چەند خوویێکی بەرز و زانیارێکی فراوان بوو لە زانشتەکانی دەرسخانەکەماندا.
(دەرسخانە = مەدرەسە. دەخیلتان بم نەهێڵن، ئەوانەی زاراوە هەڵە و ناقۆڵاکەی فێرگەی بەخشیوە بە تاریکبیرەکانمان، ئەمیش نەکا بە فێرخانە).
مەلا ڕەشید بەگی بابان بێجگە لە زمانەکانی کوردی و عارەبی و فارسی، شارەزای جەغرافیا و حیساب و هەندەسە و جەبریش بوو، وە لەمانەدا دەرسی دەوتەوە.
ئەوەی ئێستا گەرەکمە و تکا دەکەم پێمدا ڕای بگەیێنن، بریتییە لە فۆتۆکۆپیێکی گرامێرەکەی باپیرتان. وە ئەگەر هیی هەموویشی نەبێ، هیی دە لاپەڕەیێکی لەگەڵ وێنەیەکی سەرفی یەک دوو فیعل. ئەز خۆم لە ئەستەمووڵ بە خزمەتی گەییشتبووم، وە کتێبەکەیم دیبوو.
ئەم جارە ئەوەندە. ئیتر بە خواتان دەسپێرم، و دوعای خێر دەکەم بۆ خۆتان و ماڵ و مناڵەکەتان.
دۆستی وێژەتان
[واژۆی نامەنووس] [1]