شیعر و کۆمێنت!
#سەدیق سەعید ڕواندزی#
زۆرجار، لە پەراوێزی بڵاوکرنەوەی شیعری شاعیرێک لە واڵی خۆیدا، بە دەیان و سەدان کۆمێنتی دەست خۆشانە، لە بارەی شیعرەکەوە بۆ شاعیر دەنووسرێن. هەندێکیان بە جوان و داهێنەرانە، هەندێکی تریان بە شیعرێکی جیاواز دەیناسێنن. بێگومان ئەگەر ئەمە، وەک بەشێک لە دەربڕینی هەستی خوێنەرێک لە بەرانبەر تێکستی شاعیرێک سەیری بکەین، ڕەنگە ئاسایی بێت، وەک چۆن ڕۆژانە بە هەزاران کۆمێنت لە بارەی هەر بابەتێکەوە دەنووسرێن و دەردەبڕدرێن. بەڵام لێرەدا ئەوەی پەیوەندی بە شیعرەوە هەیە ئەوەیە، کە ئایا دەکرێت شیعر لە ڕێی کۆمێنتی فەیسبووکەوە هەڵبسەنگێنرێت؟ ئایا شاعیربوون بە پێوەری زۆری و کەمی کۆمێنتە؟ شیعری جوان و داهێنەرانە، ئەو شیعرەیە کە زۆرترین لایک و کۆمێنتی بۆ دەنووسرێن؟ دەکرێ شیعر وەک پێکهاتەیەکی زمانەوانی و بابەتی و مانایی، کورت بکەینەوە بۆ کۆمێنتێکی چەند وشەیی؟ یان شیعر خوێنەوە و هەڵسەنگاندنێکی قووڵ و گەورەی دەوێت؟ ئایا ئەو شاعیرەی فەیسبووکی نییە و شیعرەکانی لەو ڕێگەیەوە بڵاو ناکاتەوە و کۆمێنتی بۆ نانووسرێت شاعیر نییە؟ دەتوانین شوناسی شاعیری جواننووس و داهێنەرانە، بدەینە پاڵ شاعیرێک و پێوەریشمان بۆ ئەوە تەنیا کۆمێنت بێت؟ ئەمانە و گەلێک پرسیاری دیکە، دەشێ لە پەراوێزی دنیای سۆسیال میدیا و مینبەرەکانی بڵاوکردنەوە بکرێن و مایەی هەڵوەستەکردن بن. بێگومان هەڵسەنگاندن و کردەی خوێنەوەی هەر دەقێکی ئەدەبی، وێڕای ئەوەی لە ڕووی میتۆدییەوە دەبێ پەیڕەو لە میتۆدێک بۆ خوێنەوەی بکرێت، هاوکات پاشخان و تێڕوانینێکی هزریانەی قووڵی دەوێت، بۆ ئەوەی ڕەخنەگر بتوانێت کۆدە شاراوەکانی ئەو دەقە بکاتەوە و بە دوای پرسیارە بێ وەڵامەکاندا بگەڕێت.
$کۆدە شاراوەکانی دەق$
خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی شیعر، خوێنەوەی دنیابینی و تێڕوانینی هزریانەی شاعیرێکە کە لە شیعردا بەرجەستەی دەکات. بۆیە شیعر وەک تێکست هەڵگری چەندین ڕەهەند و دەلالەتی شاراوەیە و ئەستەمە بە کۆمێنتێکی ڕاگوزەرانەی کەسێک، کە ڕەنگە لە هەموو ژیانی دوو دیوانە شیعری نەخوێنبێتەوە هەڵبسەنگێنرێت. خوێندنەوەی شیعر، کردەیەکی هزریی و پرسیاریی ئاڵۆزە و دەبێ هەموو لایەنە هونەری و بابەتییەکانی دەقەکە بگرێتەوە، هەر لە زمان و واتاوە تا دەگاتە کۆدە شاراوەکانی دەق، کە پرسیار لای خوێنەر درووست دەکەن. ئەوانەی بە کۆمێنت پەسنی شاعیرێکی فەیسبووکی دەدەن، کە گوایا تێکستەکەی جوان و داهێنەرانەیە و داهێنانی لە شیعر کردووە، لە ڕاستیدا ئەوانە ئەگەر خوێنەریش بن، ئەوا پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی دەقێکی ئەدەبی یاخود شیعری نازانن، چونکە بەلایەنی کەمەوە کاتێ دەستەواژەی جوان و داهێنەرانە دەدەینە پاڵ شاعیرێک، دەبێ ڕوونیشی بکەینەوە ئەو شیعرە لە کوێ جوان و داهێنەرانەیە و هەڵگری واتایەکی شیعریانەی قووڵە و شاعیرەکەش چۆن داهێنانی کردووە؟ نەک تەنیا کۆمێنتێکی ڕاگوزەرانە بنووسین. بە داخەوە ئەمڕۆ ئێمە لە بەردەم جۆرە هەڵسەنگاندێکی ئەدەبیانە بە تایبەتیش شیعرداین، کە نەک بەهایەکی بۆ خوێنەوەی دەقی شیعری نەهێشتۆتەوە، بگرە شیعری لە چێژ و جوانیش خستووە، چونکە بڕوامان وایە هەر کەسێک چەند قسەیەکی جوان و ڕۆمانسییانەی بە سەر یەکەوە ڕیزکرد، ئیدی ئەمە شیعرە نووسیویەتی، بە بێ ئەوەی لە شیعر و ماناکانی شیعر بگەین.
$کورتکردنەوەی شیعر$
هەڵبەتە دەرفەتی بڵاوکردنەوەی شیعر لەو مینبەرانە زیاترە وەک لە چیرۆک و ڕۆمان، ئیدی شیعر زۆرتر ڕاگوزەرانە دەبینرێت و دەخوێنرێتەوە. ئەمجۆرە هەڵسەنگاندن و خوێندنەوانە، نەک ناچنە خانەی هەڵسەنگاندنی بابەتی و ئەدەبیانەی دەقی شیعری، بەڵکوو خۆی لە خۆیدا هاندانی شاعیرێکە لە سەر بەردەوامبوونی هەڵەیەک کە بەردەوام دەیکات، ئەویش کورتکردنەوەی شیعر و خوێنەوەی شیعرە لە چەند کۆمێنتێکدا. شاعیر و شیعری داهێنەرانە، لە ڕێی کۆمێنتی فەیسبووکەوە درووست نابن و نابێ شاعیرانی ئێمە ئەوە بە لایانەوە پێوەربێت بۆ شیعرەکانیان و بڕوایان وابێت چەند کۆمێنتی زیاتریان بۆ بنووسرێت، ئەوەندە شیعرەکەیان خوێنراوەتەوە و ئەوەندەش خوێنەر و جەماوەری شیعریان هەیە، چونکە هەرگیز دیدگای خوێنەرێکی فەیسبووکی، کە لە ڕێی کۆمێنتێکی کورتەوە دەریدەبڕێت، وەک دیدگای خوێنەرێک نییە، کە بەو پەڕی قووڵایی هزریی و هوشیارییەوە شیعر دەخوێنێتەوە. لەوەی یەکەمیان تەنیا ڕوانێنێکی ڕاگوزەرانە بوونی هەیە، بەڵام لەوەی دووەمیان، تێڕامان و سەرنجی ڕەخنەیی، پرسیار و گومان دێنە ئاراوە. بۆیە نابێ شاعیران بە زۆری کۆمێنتەکان هەڵبکشێن و پێیان وابێت بە ڕاستی شیعری جوان و جیاوازیان نووسیوە. چونکە ئەو کاتە، پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی شیعر خوێنەوە نییە، بەڵکوو تەنیا کۆمێنت و دەربڕینی فەیسبووکانەیە. لەو ڕوانگەیەوە، سەیرم پێ دێت دەبینم شاعیرێک چڵ ساڵە و زیاتریش شیعر دەنووسێت، کاتێ شیعرێکی لە واڵی خۆی بڵاو دەکاتەوە زۆرترین کۆمێنتی بۆ دەنووسرێت، ئیدی بڕوای وایە بۆتە شاعیرێکی جیاوازنووس و داهێنەر.
$مانا شاراوەکانی دەق$
خوێنەوەی شیعر کردەیەکی هزریە، بەرلەوەی بینین بێت، بەو مانایەی شیعر دەبێ ئەو هەستە لای خوێنەر درووست بکات، ڕووبەڕووی پرسیار و گومان و گەڕان بە دوای مانا شاراوەکانی دەقی بکاتەوە. شیعر هەر تەنیا چێژ و بەرکەوتن نییە لەگەڵ خوێنەر لە ئاستی دیتندا، بەڵکوو گۆڕینی ئەو هاوکێشەیە، بە کردەیەکی ئاڵۆزتر ئەویش گەڕانە بەدوای مانادا. لێرەوەش کردەی خوێندنەوە لەپاڵ چێژ دەبێتە ماناش. بێگومان ڕاستە چێژ بەشێکە لە دەقی شیعری و خوێنەر جیا لە چیرۆک و ڕۆمان، لە شیعردا بە دوای چێژی شیعرییەوەیە، بەڵام دەبێ باش ئەوە بزانین کە چێژ هەموو دەقی شیعری نییە، شیعر لەپاڵ چێژ، مانای شیعرییە، وێناکردنێکی دیکەی شتەکانە بە چاوی شیعر. شیعر تەنیا زمان، وێنە و چێژی شیعری نییە، بەڵکوو مەودایەکی گەورەتری لەو ڕەگەزانە لەنێو دایە، ئەویش گەڕانە بە دوای مانا شاراوەکانی دەق. ئەمەش کردەیەکی هزرییە و ئەستەمە لە ڕاگوزەرێکی خێرای خوێندنەوەی شیعرێک و بەرکەوتنی لە ڕێی بینینەوە، بەو ڕەهەندە شاراوانەی دەقی شیعری بگەین، کەواتە هەڵسەنگاندنی شیعر، خوێندنەوە و کردنەوەی کۆدە شاراوەکانی، زۆر گەورەترە لەوەی لە ڕێی کۆمێنتێکی ئاساییەوە ببینرێن و بکرێنەوە، بەڵکوو دەبێ شیعر وەک پێکهاتەیەکی زمانەوانی و بابەتی و مانایی ببینین، کە خوێندنەوەی کات و بیرکردنەوە و ڕامانی قووڵی دەوێت و زۆر لەوە گەورەترە، بە کۆمێنتێک بخوێندرێتەوە و هەڵبسەنگێندرێت.[1]