ناو: ڕێبین
ناوی باوک: ئەحمەد ڕەشید
ڕۆژی لەدایکبوون: #16-12-1989#
شوێنی لەدایکبوون: #کرماشان#
$ژیاننامە$
د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید لە ڕێکەوتی #16-12-1989# لە شارۆچکەی کەنگاوەر لە کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوی بە دونیا هەڵهێناوە، لە بنەڕەتدا بنەماڵەکەیان خەڵکی هەڵەبجەی شەهیدن.
خوێندنی سەرەتایی تا پۆلی چوارەمی بنەڕەتی لە وڵاتی ئێران خوێندووە، دواتر بۆ تەواوکردنی خوێندنەکەی لەگەڵ خێزانەکەی گەڕاوەنەتەوە هەڵەبجە و دوو ساڵی تەواوکەری خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیشی هەر لە هەڵەبجە تەواو کردووە.
لە ساڵی (2004) بۆ خوێندنی ئامادەیی ڕوو لە شاری سلێمانی دەکات و لە ئامادەیی سەڵاحەدینی ئەیوبی کە بە کۆلێژی سەڵاحەدینی ئەیوبی ناسراوە و خوێندن تیایدا بە زمانی ئینگلیزی و تورکییە درێژە بە خوێندنەکەی دەدات و لە تاقیکردنەوە وزارییەکانی پۆلی شەشی ئامادەییدا پلەی هەشتەم لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بەدەست دەهێنێت.
لە ساڵی 2009 لە زانکۆی سلێمانی دەستدەکات بە خوێندن، لە سکوڵی زانستە پزیشکییەکان و کۆلێژی پزیشکیی گشتی وەردەگیرێت. شەش ساڵی کۆلێژ بەسەرکەوتوویی تەواو دەکات و لە ساڵی 2014 دەبێتە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە نەخۆشییەکانی هەناو و نەشتەرگەری گشتیدا (MBChb). ئێستا خوێندکاری دکتۆرایە لە نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ و کۆئەندامی زاوزێی پیاوان.
لە ئێستادا لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە و وەک پزیشکێکی دڵسۆز لە (نەخۆشخانەی نەشتەرگەری فێرکاری - نەخۆشخانەی شار) خزمەت بە هاووڵاتیان دەکات.
بە زمانەکانی کوردی، ئینگلیزی، عەرەبی، تورکی، فەڕەنسی و فارسی قسەدەکات، دەخوێنێتەوە و دەنووسێت.
ڕێبین ئەحمەد خولیای نووسینی هەیە و لە ساڵی 2006ەوە دەستی بەنووسین کردووە، چەندین بابەتی جیاوازی لە ڕۆژنامە و گۆڤارە لۆکاڵییەکانی کوردستان و سایتە کوردییەکان بڵاوبۆتەوە و کە تا ئێستا 2022 درێژەی هەیە. [1]